رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رووسیا پەیڕەوی ئەتۆمیی خۆی گۆڕی، واشنتن دەڵێت، "هیچ هۆکارێک" بۆ گۆڕینی پەیڕەوی ئەتۆمیی ئەمریکا نابینن.
مەبەست لە پەیڕەوی ئەتۆمی ئەوەیە کە کەی و لە چ بارودۆخێکدا دەبێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنن.
کارین ژۆن پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە هیچ هۆکارێک بۆ گۆڕینی پێکهاتە یان پەیڕەوی ئەتۆمیی خۆمان لە وەڵامی قسەکانی رووسیادا نابینین".
پەیڕەوی نوێی ئەتۆمیی رووسیا کە رۆژی سێشەممە لەلایەن ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە واژۆی لەسەر کرا، رێگە بە مۆسکۆ دەدات چەکی ئەتۆمی دژی هێرشی بەرفراوان بەکاربێنێت، تەنانەت ئەگەر هێرشەکە هەڕەشەش نەبێت لەسەر مانەوەی رووسیا. هەروەها رووسیا لەمەودوا دەتوانێت چەکی ئەتۆمی لە دژی ئەو وڵاتانەش بەکاربێنێت کە خاوەن چەکی ئەتۆمی نین، بەڵام لەلایەن وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمییەوە پشتیوانی دەکرێن.
هەر رۆژی پێنجشەممە پووتین لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا هەڕەشەی کرد کە بە مافی خۆیانی دەزانن هێرش بکەنە سەر پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتانەی بە چەکەکانیان هێرش دەکرێتە سەر رووسیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری دا مووشەکی دوورمەودا بە ئۆکراینا بدات تاوەکو هێرش بکاتە سەر قووڵایی خاکی رووسیا.
ژۆن پیێر گوتی، "لە هەموو قۆناخێکدا، زیادکردنی گرژییەکان لە لایەن رووسیاوە دەکرێت،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن هۆشداریی بە مۆسکۆ داوە لەوەی "وڵاتێکی دیکەی بەشێکی دیکەی جیهان" نەهێنێتە نێو جەنگەکە.
گوتەبێژەکە جەختیکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن، کە تەنیا دوو مانگی لە دەسەڵاتدا ماوە، بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی یارمەتییەکان بۆ ئۆکراینا.
ژۆن پیێر رەتیکردەوە لێدوان لەسەر ئەوە بدات کە بۆچی بایدن هەڵوێستی گۆڕیوە و بڕیاریداوە مووشەکی ئەتاکمز بە ئۆکراینا بدات.
خانمە گوتەبێژەکە گوتی، "ئەوە رووسیایە کە گرژییەکان زیاد دەکات. ئێمە بەردەوامدەبین لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە کاتێکدا دژی دوژمنکاری بەرگری لە خۆیان دەکەن".
هەواڵگریی وڵاتانی رۆژئاوا و ئۆکراینا دەڵێن، لانیکەم 10 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە رووسیا جێگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ