وڵاتان لەسەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو ناکۆکن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وڵاتانی جیهان لەسەر فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناکۆکن. 
 
ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە بڕیارەکە تووڕەن. رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ دڵخۆشن و ژمارەیەک وڵاتیش بە هۆشیارییەوە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن. 
 
دادگەکە هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زەیف، سەرۆکی قەسامی باڵی سەربازیی حەماس دەرکرد.
 
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەڵێت، نەتەنیاهوو و گالانت تۆمەتبارن بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی. 
 
ئیسرائیل: دژایەتیکردنی سامییەکانە
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا، بڕیارەکەی بە تووندی رەتکردەوە و گوتی، "ئەم بڕیارە دژە سامییەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان لە دادگەییکردنی درەیفوس دەچێت و کۆتاییەکەشی بە هەمان شێوە دەبێت".
 
ئەلفرێد درەیفوس ئەفسەرێکی جووی سوپای فەرەنسا بوو لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بە هەڵە بە ناپاکی تاوانبارکرا و دواتر ئەستۆپاکی بۆ دەرکرا.
 
ئەمریکا: بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە
 
گوتەبێژێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک بڕیارەکە رەتدەکاتەوە. ئێمە زۆر نیگەرانین لە پەلەکردنی دادوەرەکە لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و لەو هەڵانەی لە پڕۆسەکەدا کران و بوونە هۆی ئەم بڕیارە. ئەمریکا پێشتر بە روونی رایگەیاندووە کە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەسەڵاتی بەسەر ئەم بابەتەدا نییە".
 
حەماس: دادپەروەرانەیە
 
بەسام نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دادپەروەری و دەکرێت قەرەبووکردنەوەی بۆ قوربانیان بە گشتی لێبکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر بە هەموو شێوەیەک لە لایەن هەموو وڵاتانی سەرانسەری جیهانەوە پشتیوانیی لێ نەکرێت، بە بڕیارێکی سنووردار و هێمایی دەمێنێتەوە".
 
حکومەتی فەلەستین: هیوا و متمانەیە
 
حکومەتی فەلەستین دەڵێت، "بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەرخەری هەبوونی هیوا و متمانەیە بە یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی"، هەروەها داوا لە ئەندامانی دادگەکە دەكات، بڕیاری دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو و گالانت جێبەجێبکەن.
 
یەکێتیی ئەورووپا: پابەندکەرە
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، فەرمانی دەستگیرکردنەکە "پابەندکەرە" و پێویستە جێبەجێبکرێت.
 
بۆرێل لە سەردانێکیدا بۆ عەممانی پایتەختی ئوردن گوتی، "ئەمە بڕیارێکی پابەندکەرە. بڕیاری دادگەیەکە، بڕیاری دادگەیەکی دادوەرییە، بڕیاری دادگەیەکی نێودەوڵەتیی دادوەرییە. پێویستە بڕیاری دادگەکە رێزی لێ بگیرێت و جێبەجێبکرێت".
 
بۆرێل هەروەها گوتی: "بڕیارەکە بڕیارێکی پابەندکەرە بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام لە دادگەکە، کە هەموو ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لەخۆدەگرێت و لەسەر هەموویان پێویستە ئەم بڕیارە جێبەجیبکەن".
 
فەرەنسا: کاردانەوەمان بەگوێرەی بنەماکانی دادگە دەبێت
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا راگەیاند، کاردانەوەی پاریس بۆ فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو، گالانت و زەیف، بە گوێرەی بنەماکانی دادگەکە دەبێت.
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان پارێزەری سەقامگیریی نێودەوڵەتییە و پێویستە دڵنیایی بدرێت لەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات.
 
بەریتانیا: رێز لە سەربەخۆیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەگرین
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی "رێز لە سەربەخۆیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەگرێت و بەردەوامە لە گوشارکردن لە پێناو وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ لە غەززە".
 
کەنەدا: پابەند دەبین 
 
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، "وەک کەنەدا هەمیشە رایگەیاندووە، زۆر گرنگە هەموو کەسێک بە یاسای نێودەوڵەتییەوە پابەند بێت. ئەمە ئەو شتەیە کە لە سەرەتای ململانێکەوە داوامان کردووە. ئێمە یەکێکین لە ئەندامانی دامەزرێنەری دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و دادگەی نێودەوڵەتیی داد. ئێمە بەرگری لە یاسای نێودەوڵەتی دەکەین و پابەندی هەموو فەرمان و بڕیارەکانی دادگە نێودەوڵەتییەکان دەبین".
 
هیومەن رایتس وۆچ: تێڕوانینی هەبوونی هەندێ کەس لە سەرووی یاسا شکێنرا
 
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند، "فەرمانەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئیسرائیل و بەرپرسێکی حەماس ئەو تێڕوانینەیان شکاند کە دەڵێت هەندێ کەس لە سەرووی یاساوەن. پێویستە ئەم فەرمانانە لە کۆتاییدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانبدەن هەڵوەستە لەسەر تاوانە مەترسیدارەکان بکەن و دڵنیایی لە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هەموو قوربانیانی فەلەستین و ئیسرائیل بدەن".
 
کەسوکاری کوژراوە ئیسرائیلییەکان: دەنگی قوربانیان بیسترا
 
یائیل ڤیاس گڤیرسمان، نوێنەری 300 کوژراوی ئیسرائیل لە بەردەم دادگەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد زەیف، "زۆر گرنگە و بە واتای ئەوە دێت دەنگی قوربانییان بیسترا".
 
لە بارەی فەرمانی دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو و گالانت، خانمە پارێزەرەکە ئاماژەی بەوە کرد، خۆی و کەسوکاری کوژراوان کاردانەوەی "تێکەڵاو"یان هەیە. گوتیشی، "باشترین شت ئەوەیە رووبەڕووی راستی ببینەوە. دادگەیەکی نێودەوڵەتی بڕیارێکی پابەندکەری دەرکردووە. پێموایە ئیستا باشترین شت ئەوەیە لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادوەر بکرێت".
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: نەتەنیاهوو کەسێکی داواکراوە
 
ئەگنس کاڵامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) گوتی: "ئێستا سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو، پیاوێکی داواکراوە. پێویستە وڵاتانی ئەندام لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هیچ شتێک نەوەستن تا ئەو کاتەی ئەم کەسانە دەهێنرێنە بەردەم دادوەرانی سەربەخۆ و بێلایەنی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان".
 
ئیتاڵیا: هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین 
 
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی، "ئێمە پشتیوانی لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەکەین، لە کاتێکدا هەمیشە لەبیرمانە کە دەبێت دادگەکە رۆڵێکی یاسایی بگێڕێت نەک رۆڵێکی سیاسی. ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانانمان هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی دەکەین و چۆن لێکدانەوە بۆ ئەم بڕیارە دەکەین".
 
ئەرجەنتین: ناکۆکیی قووڵمان هەیە
 
خاڤیێر میلێی، سەرۆکی ئەرجەنتین لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، وڵاتەکەی "ناکۆکیی قووڵی خۆی" لەگەڵ بڕیارەکە دەردەبڕێت، کە مافی رەوای ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی هێرشە بەردەوامەکانی رێکخراوە تیرۆرستییەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا پشتگوێدەکات".
 
تورکیا: بڕیارێکی ئەرێنییە
 
یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان "بڕیارێکی درەنگکەوتووە، بەڵام ئەرێنییە بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و کۆتاییهێنان بە جینۆسایدی فەلەستین. پێویستە دەسەڵاتدارە دڕندەکانی ئیسرائیل کە خوشک و برا فەلەستینییە بێگوناهەکان دەکەنە ئامانج، بە زووترین کات ببردرێنە بەردەم دادگە و لەسەر تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دادگاییبکرێن".
 
نەرویج: متمانەی پێ دەکەین
 
ئیسپن بارت، وەزیری دەرەوەی نەرویج رایگەیاند، "گرنگە کە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بە شێوەیەکی یاسایی کارەکەی بکات. من متمانەم هەیە کە دادگە بە باشترین ستاندارد لەسەر دۆسیەکە بەردەوام دەبێت".
 
سوێد: پشتیوانی لێدەکەین
 
ماریا مالمەر، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، "سوێد و یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی لە کاری گرنگی دادگەکە و پاراستنی سەربەخۆیی و شەفافیەت دەکەن".
 
هۆڵەندا: ئامادەین جێبەجێی بکەین
 
کاسپەر ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە فەرمانەکانی دادگەکە جێبەجێ بکات. 
 
ئوردن: پێویستە رێزی لێ بگیرێت
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، پێویستە رێز لە بڕیارەکانی دادگەکە بگیرێت و جێبەجێ بکرێن. 
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ: دادگەکە هیچ متمانەیەکی نییە
 
مایک وۆڵتز، ئەو کەسەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکراوە، دەڵێت، "دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان هیچ متمانەیەکی نییە. لە کانوونی دووەم، چاوەڕێی وەڵامێکی بەهێز بکەن بۆ لایەنگریی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانی دژە سامی. ئیسرائیل بە شێوەیەکی یاسایی لە دژی تیرۆرستان بەرگری لە خەڵک و سنوورەکانی کردووە".
 
ئایرلاند: بە هێزەوە پشتیوانی لە دادگەکە دەکەین
 
مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئایرلاند رایگەیاند، "داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین رێز لە سەربەخۆیی و بێگەردیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بگرن. ئێمە بەهێزەوە پشتیوانی لە دادگەکە دەکەین و داوا دەکەین رێز لە سەربەخۆیی دادگەکە بگیرێت و هیچ کارێک بۆ پێشێلکردنی نەکرێت".
 
ئەفریقای باشوور: پێشوازی لێدەکەین
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، "حکومەتەکەمان پێشوازی لە فەرمانی دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو و گالانت دەکات. فەرمانەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری لە بەرامبەر ئەو تاوانە جەنگییانەی لە فەلەستین کراون".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی مایکرۆسۆفت لە پەکینی پایتەختی چین. وێنە: Reuters

مایکرۆسۆفت داوا لە ترەمپ دەکات لە هاککەرانی رووسی، چینی و ئێرانی بیانپارێزێت

سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت داوا لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کۆمپانیا ئەلیکترۆنییە ئەمریکییەکان، لە هێرشە سایبیرییەکانی رووسیا، چین و ئێران.