لە هێرشێکی چەکداریدا لە پاکستان 38 کەس کوژران

32 خولەک له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە باکووری رۆژئاوای پاکستان، 38 کەس کوژران و 11ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-11-2024، بەرپرسێکی ناوچەی کوڕەم لە باکووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە دوو هێرشدا بۆ سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێلی شیعەکانی ناوچەکە زیاتر لە 38 کەس کوژران و 11ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
لەنێو کوژراوەکان دا شەش ژن و ژمارەیەک منداڵ هەبوون. بەگوتەی بەرپرسەکە، 11 چەکدار لە هێرشەکە دا بەشدار بوون. 
 
دوای رووداوەکە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. 
 
شەهباز شەریف رایگەیاند: "دووژمنانی ئاشتی و وڵات، هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکی خەڵکی بێتاوان؛ کردەیەک کە دڕندەییەکان زیاتر دەکات". 
 
هێرشەکە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشە مەزهەبییەکانی نێوان موسڵمانانی سوننە و شیعە مەزهەب لە ناوچەکە دادەنرێت.
 
زۆرینەی دانیشتووانی پاکستان، موسڵمانی شیعە مەزهەبن، بەڵام ناوچەی کوڕەم کە 800 هەزار دانیشتووی هەیە، نیوەیان شیعە مەزهەبن. 
 
لە ساڵانی رابردوودا، لە ئەنجامی شەڕی مەزهەبیی نێوان سوننە و شیعەکان، سەتان کەس لە ناوچەکە کوژراون.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە