07-03-2021
22:53
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: سەردانی پاپا بۆ کوردستان برەودانە بە پێکەوەژیان
پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێدەکرێت. وێنە: Safin Hamed Hamid/AFP
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، سریانی و کوردی (سۆرانی و بادینی)، پەیامێکی لەبارەی سەردانی پاپا فراسیس بۆ هەولێر بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان "برەودانە بە پێکەوەژیان".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەگەڵ پەیامەکەدا وێنەیەکی پاپا فرانسیسی داناوە کە لەلایەن هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێدەکرێت و دەڵێت "زۆر خۆشحاڵین بە بینینی گەیشتنی مێژوویی پاپا بە هەرێمی کوردستان. ئەم سەردانە مێژووییەی پاپا هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان".
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر باسی لەوەش کردووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لەخۆگرتنی سەرجەم ئایینەکان و قبووڵکردنی هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان".
22:28
پاپا فرانسیس: لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسی دانیشتووانی کوردی خۆشەویست دەکەم
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لەلایەن کریستیانەکانەوە پێشوازیی لێدەکرێت. وێنە: AFP / Vincenzo PINTO
پاپای ڤاتیکان لە گوتارێکدا لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر سوپاسی کوردی کرد و گوتی "سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتووانی کوردی خۆشەویست".
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند "زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم؛ ئێوە ئەم رێوڕەسمەتان رێکخست؛ بە نوێژ و پێشوازیکردنەوە و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە؛ سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتوانی کوردی خۆشەویست".
هەروەها پاپای ڤاتیکان سوپاس حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی مەدەنیی کرد لە بەرامبەر "رۆڵی کارای، کە زۆر دەوڵەمەندە"، گوتیشی "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاربوون بۆ سەرخستنی ئەم سەردانە و هەروەها بۆ خۆبەخشەکان، سوپاسی هەمووتان دەکەم".
20:52
کوردێکی کریستیان لە ئەمریکا: لە دوێنێ شەوەوە باش نەخەوتووم و هەر سەیری رووداو دەکەم
خێزانێکی کریستیان لە ویلایەتی میشیگەن لە ئەمریکا
بەشێک لە کریستیانەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، لەنێویاندا ئەمریکا، یەکێک لەو خێزانە کریستیانانەی چوونەتە ئەو وڵاتە قسەیان بۆ رووداو کرد، ئەندامێکی خێزانەکە دەڵێت "ئەوەی پاپا و سادەیی قەداسەتی پاپای بینی دەبێت ئەو پەیامەی پێبگات کە ئەوەیە مرۆڤ هەموو پێکەوە بژین".
ئەو هاووڵاتییە کریستیانە لە ویلایەتی میشیگەن گوتیشی "خۆزگە دەمتوانی بەشداربم لە مەراسیمەکە [لە هەولێر]، بەڵام کە بینیم خێزان و کەسوکار و خەڵکی شەقڵاوە و هەولێر بەشدارن، زۆر پێخۆشحاڵ بووم".
هەروەها باسیشی لەوە کرد کە لە شەوی رابردووەوە و لە سەرەتاوە بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس، تەماشای "رووداو"ی کردووە و "زۆر بە تەواوی نەنووستووە"، چونکە رووداوێکی "ئیماندارییە" کە تێیدا خەڵکی کریستیان بۆ بینینی قەداسەتی پاپا بەشداریی رێوڕەسمەکەن.
19:39
باوکی ئالان کوردی: من و پاپا پێکەوە گریاین
باوکی ئالان کوردی، باسی لەوەش کرد، پێش هاتنی پاپا لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە بانگهێشتکراوە، کە پاپا فرانسیس دەیەوێت بەتایبەت ئەو ببینێت. وێنەکان: رووداو و ئاژانسی هەواڵیی دۆغان
باوکی ئالان کوردی، ئەو منداڵە سێ ساڵانەی وێنەی خنکانی لە دەریای ئیجە جیهانی هەژاند، لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری چاوی بە پاپا فرانسیس کەوت و دەڵێت "من و پاپا پێکەوە گریاین".
عەبدوڵلا، باوکی ئالان کوردی، کە لە پەراوێزی گوتاری پاپا فرانسیس لە هەولێر چاویان بەیەکدی کەوت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی منداڵەکان و هاوژینەکەم لەدەستدا، ئێستا لە دامەزراوەیەکی منداڵاندا کاردەکەم و هاوکاریی منداڵان دەکەم. من گوتم دەمەوێت نیو کاژێر کاتی خۆت بۆ ئەوە تەرخان بکەیت و دۆخی منداڵەکانمان بەچاوی خۆت ببینی، پاپا فرانسیس گریا، ئێمە هەردووکمان گریاین و نەمانتوانی خۆمان رابگرین. هەردووکمان دڵمان ناسکە".
باوکی ئالان کوردی، باسی لەوەش کرد، پێش هاتنی پاپا لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە بانگهێشتکراوە، کە پاپا فرانسیس دەیەوێت بەتایبەت ئەو ببینێت.
لە درێژەی گوتەکانیدا باوکی ئالان کوردی ئەوەی خستەڕوو "پێمیان گوت، پاپا فرانسیس لە 7ی ئادار ئەگەر چووە موسڵ و گەشتەکەی کرد و گەڕایەوە هەولێر، دەیەوێت تەنیا تۆ ببینێت. لەوبارەیەوە زۆر سوپاسی دەکەم. پێمگوت دوای ئەوەی منداڵەکانم گیانیان لەدەستدا، ژیانی خۆم تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردنی منداڵان. هەروەها پێشم گوت ئەگەر دەرفەت هەبێت دەمەوێت نیو کاژێری خۆت تەرخان بکەیت و ژیانی منداڵەکان ببینیت ئاخۆ لە چ دۆخێکدا دەژین".
بە گوتەی باوکی ئالان، کاتێک باسی لە سەرما کردووە، کە منداڵان لە چ دۆخێکدا دەژین، "پاپا دەستی بە گریان کردووە"، دەشڵێت "بەهۆی ئەوەی زۆر خەڵک هەبوون دەیانویست پاپا ببینن، بۆیە من ماوەیەکی کەم لەلای مامەوە. ئەوانەی لەلای بوون دەیانگوت بەسە، بەڵام پاپا گوتی: نەخێر با زیاتر لەلام بمێنێتەوە. هەروەها وێنەیەکم لەگەڵ پاپا فرانسیس گرت و تابلۆیەکم دیاری پاپا فرانسیس کرد".
ئالان کوردی ئەو منداڵە کوردە تەمەن سێ ساڵەبوو کە لە 2ـی ئەیلوولی 2015 لە کەنارە ئاوییەکانی تورکیا تەرمەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە، لە دەریای ئیجەدا لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەکەی خنكا و تەنیا باوکی رزگاری بوو. بڵاوبوونەوەی وێنەکەشی بە خنکاوی جیهانی هەژاند و ئەو کات بوو بە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان. هاوکات بەدەنگەوەهاتنی بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای مانەوەی بۆ دوو رۆژ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە بەغداوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەش یەکەم سەردانی پاپا بوو بۆ هەولێر و وەکو سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازی لێکردنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین و... هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین."
16:28
پاپا فرانسیس لە موسڵەوە: کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان زیانێکی گەورەیە
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان. وێنە: AFP/Zaid AL-OBEIDI
پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیانێکی گەورەیە کە هەژمار ناکرێت.
لە گوتارێكیدا کە لەکاتی نزای نێو گۆڕەپانی کەنیسەی ناسراو بە حۆش ئەل-بەیعە لە موسڵ پێشکێشی کرد، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان هۆشداریی دا لە کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و رایگەیاند، کەمبوونەوەیان لە عێراق و هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەساتبار و زیانێكە کە هەرگیز ناتوانرێت هەژماربکرێت.
پاپا فرانسیس گوتارەکەی لەبەردەم سەتان کریستیان و بەرپرسانی حکومیی عێراق پێشکێشکرد بەرلەوەی بەرەو قەرەقۆش بڕوات، کە بڕیارە لەوێ سەردانی کەنیسەیەک بکات و پیرۆزیی پێبدات.
14:48
سەرۆکی یەکێتیی زانایان: بە پاپا فرانسیسم گوت لە کوردستان هیچ کێشەیەکی ئایینیمان نییە
سەرۆکی یەکێتیی زانایان: بە پاپا فرانسیسم گوت لە کوردستان هیچ کێشەیەکی ئایینیمان نییە
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان باسی دیداری خۆی و پاپا فرانسیس لە میانی سەردانەکەی بۆ کوردستان دەکات و سەردانەکەش بە "گرنگ" دەزانێت. هاوکات پێیوایە دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەدا.
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەکو مامۆستایانی ئایینی بەشداربووین لە پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس وەکو میوانی هەرێمی کوردستان، دیدارێکی کورتمان ئەنجامدا، لەو دیدارە تەرکیزم لەسەر کۆمەڵێک خاڵ کردەوە، پێم گوت بەناوی موسڵمانانی کوردستان بەخێرهاتنت دەکەم، زۆر بەخێربێیت، گەلی کورد گەلێکی میواندۆستە، رێزی میوان زۆر دەگرێت، هەر بۆیە لەو سۆنگەیەوە پڕ بەدڵ بەخێرهاتنت دەکەم".
بە گوتەی عەبدوڵڵا وەیسی ئەوەشی بە پاپا فرانسیس گوتووەکە کە ئەوان وەکو گەلی کورد "لە دێر زەمانەوە بایەخێکی تەواومان بە پێکەوەژیانی ئایینی داوە، لە کوردستان هیچ کێشەیەکی ئاینیمان نییە، هەموو ئایینەکان بە شێوەیەکی ئازادانە مەراسیم و دابونەریتە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەوەش لە بڕوابوونی خۆمانە، بەرگریش لە پێکەوەژیانی ئایینی دەکەین و قوربانیمان لە پێناوی پێکەوەژیانی ئایینی داوە".
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان راشیگەیاند، "هەروەها پێشمگوت ئەو ئازادییە ئایینیەی لە کوردستاندا هەیە لە هیچ وڵاتێکی دونیا بەدیناکرێت، واقیعیش ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێت".
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی ئاماژە بە قسەکانی پاپا فرانسیس دەکات کە لە وەڵامی ئەودا گوتوویەتی و دەڵێ: "ئەویش خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر ئەو پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان پێشاندا و گوتی سوپاستان دەکەم و هیوادارم لەسەری بەردەوام بن. گوتیشی زۆر دڵخۆشم بەوەی کە دەبینم موسڵمانان لەگەڵ مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکە زۆر تەباو بران لەگەڵ یەکدی".
لەبارەی گرنگی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ کوردستان، مەلا عەبدوڵڵا وەیسی گوتی: "ئێمە ئەو سەردانە بە سەردانێکی گرنگ دەبینین، چونکە خودی میوانەکە، خودی کەسی سەردانیکەر گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە، بەهۆی ئەوەی پێگەیەکی دیاری لەسەر ئاستی جیهان هەیە، بۆیە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەدا".
بە بڕوای مەلا عەبدوڵڵا وەیسی رێکخستنی رێوڕەسمەک لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر و ئامادەبوونی پاپا لەو رێوڕەسمەدا "گەواهی دوو راستی گەلێک گەورەن، راستی یەکەمیان کە پێکەوەژیانێکی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان هەیە، دووەمیان ئەو ئەمن و ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەرنا بۆچی ئەو مەراسیمە گەورەیەی لە موسڵ و بەغدا نەکرد؟".
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی پێشیوایە "ئەنجامدانی ئەو مەراسیمەش پەیامێکە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە من ئەو مەراسیمەم لە موسڵ و بەغدا نەکرد، چونکە ئەمن و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان بەرقەرارە".
زیاتر بخوێنەوە
14:13
قوباد تاڵەبانی بە بەخێرهاتنەکەی پاپا فرانسیسی هێنایە پێکەنین
قوباد تاڵەبانی بە بەخێرهاتنەکەی پاپا فرانسیسی هێنایە پێکەنین
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پێشوازی پاپا فرانسیس لە هەولێر ئامادەبوو، لە تویتێکدا لەبارەی پێشوازیکردنی لە پاپا ئاماژە بەوە دەکات، "بە زمانی ئیتاڵی بەخێرهاتنی کردووە".
لەکاتی بەخێرهاتنی پاپا فرانسیس بە زمانی ئیتاڵی لەلایەن قوباد تاڵەبانی، پاپا فرانسیس پێکەنیوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت "یان ئەوەی پاپا فرانسیس دڵخۆش بووە بە بینینم یان شێوەزاری ئیتاڵییەکەمی پێ سەیر بووە."
13:43
دلاوەر عەلائەدین: هاتنی پاپا فرانسیس کوردستان دەخاتەوە سەر ئەجێندای نێودەوڵەتی
دلاوەر عەلائەدین: هاتنی پاپا فرانسیس کوردستان دەخاتەوە سەر ئەجێندای نێودەوڵەتی
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە بە رووداوی راگەیاند، عێراق لە رووی دامەزراوەییەوە لەرزۆک بووە، ئاستی ململانێ و بنکۆڵکردنی دەوڵەت و سەروەر نەبوونی یاسا ئەوەندە گەیشتووەتە قوڵاییەوە، کە بەسەردانێکی پاپا چارەسەر نابێت، هاوکات هاتنی پاپا فرانسیس کوردستان دەخاتەوە سەر ئەجێندای نێودەوڵەتی.
دلاوەر عەلائەدین پێیوایە بەم سەردانەی، پاپا فرانسیس کارێکی "زۆر گرنگی" کردووە، لە بەشداریکردنی لە رووماڵی رووداو بۆ سەردانی پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوە کرد، بە سەردانەکەی، پاپا فرانسیس ئەو لایەنەی عێراقی نیشانی خەڵک و خودی عێراقییەکانیشدا کە لایەنێک هەبووە غائیب بووە، "ئەویش ئەو لایەنە رووحییەیە کەوا مەسەلەی وڵات و پێکەوەژیان و مەسەلەی قوربانی ئەو کۆمەڵگەیانەی بە تایبەت زۆرینە نین، ئەو حوکمە شلۆقەی کە وایکردووە ئەو عێراقە لەرزۆک بێت، خەڵکەکەی سوود لە سەروەتەکەی نەبینێت، دەوڵەمەند نەبێت و نا سەقامگیر بێت و روو لە دەرەوە بکات".
سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە ئاماژە بەوەش دەکات، کاتێک کە پاپا هاتووە، لە خەیاڵی کەسدا نەبوو عێراق بتوانێت پێشوازی لە کەسایەتیەکی وەها بکات، لە خەیاڵی کەسیشدا نەبوو کە هەموو چەکەکان بێدەنگ بن، عێراق بتوانێت لە رۆژی هاتنی تاوەکو رۆژی دەرچوونی، خەڵکەکەی یان هێزە سیاسییەکان و ئەمنییەکان دان بەخۆیاندا بگرن. لە خەیاڵی کەسدا نەبوو کە موسڵمان و مەسیحی بتوانن دیالۆگیان هەبێت. "پاپا نیشانیداین کە بەڵێ دەکرێت عێراق هەم سەقامگیر بێت، هەم پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و دیالۆگ هەبێت، گرنگییەکی تایبەتیش بە پێکهاتەکان بدرێت، بەقەد ئەوەی گرنگی بە کریستیاندا گرنگی بە ئێزدی و ئایینەکانی دیکەشدا".
لەبارەی گرنگی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان، د. دلاوەر عەلائەدین پێیوایە لەرووی سیمبوولییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، "چونکە ئەمە یەکەم سەردانە بۆ کوردستان و رەنگە کۆتا جاریش بێت بۆ هەر پاپایەک، چونکە ئاسان نییە".
د. دلاوەر عەلائەدین رایگەیاند، "پاپا دەزانێت ئێرە شوێنی حەوانەوەی کریستیانە لێقەوماوەکان بووە، بینیویەتی کە هەموو پێکهاتەکان بە نەتەوە و ئایینەوە لە کوردستان حەوێندراونەتەوە، کاتێک کە لێیان قەوما باقی عێراق نەیتوانی لەخۆیان بگرێت، نەینەواش کە دراوسێی کوردستانە لە رووی جیۆگرافی و بەرژەوەندی و کۆمەڵایەتییەوە کریستیانەکان تێکەڵاویان لەگەڵ کوردستان زۆر گرنگە، بۆیە بە گرنگییەکی تایبەتەوە سەیری کوردستانی دەکرد".
سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە پێی وایە کە گرنگە کوردستان نیشانی بدات و نیشانیشی داوە کەوا بەس بە قسە نییە کە کریستیان بەشێکی گرنگن لە ئێمە، تورکمان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە بەشێکی گرنگن لە ئێمە، بەڵکو بە پراکتیکیش ئەمە رەنگی داوەتەوە لە سیستمی حکومڕانی و کۆمەڵگەی مەدەنی و لە مومارەسەکردنی ئایینەکانیان. "بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو سەردانەی پاپا بۆ کوردستان بە دڵێکی زۆر ئاسوودەترە لەوەی نەیدەزانی لە عێراق تووشی چی دەبێت و کێ دەبینێت".
د. دلاوەر عەلائەدین ئەوەشی گوت، سەردانی پاپا فرانسیس جارێکی دیکە کوردستان و کێشەی لەخۆگرتنی ئاوارەکان و کێشەی سەقامگیرپێکردنی نەینەوا و ئەو ناوچەیە بخاتەوە سەر ئەجێندای نێودەوڵەتی. "دەمێک بوو خەریک بوو کوردستانیش کێشەی ئێزدی و کریستیانەکان و کێشەی ناسەقامگیری و پێکدادانی چەکدارەکانی دەوروبەری نەینەوا لەبیر دەکرا، ببووە حاڵەتێکی سرووشتی، بەڵام هاتنی پاپا ئەمە دەخاتەوە سەر ئەجێندایەکی نێودەوڵەتی".
13:17
مەسرور بارزانی: بەرگریی لە ئازادیی ئایینی و جیاوازییەکان دەکەین
مەسرور بارزانی: بەرگریی لە ئازادیی ئایینی و جیاوازییەکان دەکەین
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان ئاماژە بەوە دەکات، پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی پاپا فرانسیس و ئەو پێشوازییەی لێیکرا، پابەندیی ئەوان دووپاتدەکاتەوە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هەژاران، پەراوێزخراوان و ئەوانەی چەوساونەتەوە.
لە تویتەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، پێکەوە دەوەستین بۆ بەرگری لە ئازادیی ئایینی و جیاوازییەکان. ئەوەش لەلایەن چەندین نەوەوە بەردەوامی هەبووە. دواترینیان دانانەوەی خاچی سەر کەنیسەیەکی باشیک لەلایەن "پێشمەرگە قارەمانەکانەوە".
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 2021-3-7 لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە پاپا فرانسیس، پاپاى ڤاتیکان کرد. لە کاتى دابەزینیدا پاپای ڤاتیکان پەنجەى بۆ خاک درێژ کرد و بە نێچیرڤان بارزانى گوت: "خۆشحاڵم کە لێرە یەکدی دەبینینەوە".
دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا کە مەسروور بارزانى، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر، جێگرى سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران و مونا قەهوەچى، سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانى به ناوى ههموو پێكهاتهكانى گهلى كوردستانهوه، "زۆر به گهرمى" بهخێرهاتنى پاپا فرانسیسی کرد. ئاماژەی بەوە کرد، "سهردانتان رووداوێكى مێژووييى مهزنه، جێگهى ئهوپهڕى شهرهفمهندى و خۆشحاڵيى ئێمه و شانازيى ههموو گهلى كوردستانه".
پاپا فرانسیس دواتر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، ئاماژهی بهوه كردووە "ئێوه لهكاتی هێرشهكانی داعش كریستیانهكانتان پاراست، ئێوه وهك برا پێشوازیشتان لە برا كریستیانهكان كرد".
زیاتر بخوێنەوە
12:17
دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاپا فرانسیس لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، پاپا فرانسیس سوپاسی سهرۆك بارزانی كردووە بۆ پاراستنی پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكان له ههرێمی كوردستان.
لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانیدا هاتووە، پاپا فرانسیس بە سهرۆك بارزانی راگەیاندووە، "كوردستانم لهبیر نهچووه، لهسهر داخوازی ئێوه و سهرۆكی حكومهتی ههرێم هاتوومهته ئێره و سهردانهكهی ئێوه و سهرۆكوهزیرانم لهبیر نهچووه، ئێوه نهك پێشوازی لهمن، پێشوازیشتان له كریستیانهكانیش كرد".
پاپا فرانسیس ئاماژهی بهوهش كردووە "ئێوه لهكاتی هێرشهكانی داعش كریستیانهكانتان پاراست، ئێوه وهك برا پێشوازیشتان لە برا كریستیانهكان كرد".
سهرۆك مەسعود بارزانی هیوای خواستووە سهردانی پاپا فرانسیس، برایەتی و پێکەوەژیان لەنێو ئایینەکان پتەوتر بکات. ئاماژەی بەوە کردووە، "شانازی بە فەرهەنگی پێکەوەژیانی گەلی كوردستان دەکەین، فەرهەنگی پێکەوەژیانمان برایەتی و خۆشەویستی زیاتر کردووە، بەناوی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان پێشوازیت لێدەکەین و سەردانەکەی ئێوە جێگەی رێزی زۆری ئێمەیە".
زیاتر بخوێنەوە
12:05
جێگری میری ئێزدیان: بە هیوا بووین پاپا سەردانی شنگال بکات
جێگری میری ئێزدیان: بە هیوا بووین پاپا سەردانی شنگال بکات
جێگری میری ئێزدیان بۆ پەیوەندییەکان دەڵێت، ئەوان وەکو ئێزدییەکان بە هیوا بوون کە پاپا فرانسیس لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان بچووایەتە شنگال.
جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزدیان بۆ پەیوەندییەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هاتنی پاپا بۆ عێراق بە گشتی و بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی زۆر گرنگە. "ئێمە وەکو ئێزدی بە هیوا بووین کە پاپا سەردانی لالش، شنگال یان کەمپێکی ئاوارە ئێزدییەکانی بکردایە و لە نزیکەوە خەڵکی ئێمە ببینیایە و بیزانیایە چەرمەسەرییەکانیان چییە."
بە گوێرەی نەخشەی سەردانەکەی، پاپا فرانسیس سەردانی موسڵی کرد و لە حەوشی بەیعە نوێژی لەگەڵ کریستیانەکاندا کرد. دواتریش سەردانی کەنیسەی سەیدە تاهیرەی کرد لە قەرەقۆش. پاپا لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا و لە گوتارێکی مێژوویدا لە بەغدا گوتی، لەنێو هەموو ئەوانەی تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، بیری لای ئێزدییەکانە.
جێگری میری ئێزدیان ئاماژەی بەوە کرد، "پێمان خۆش بوو پاپا سەردانی شنگالی بکردایە بۆ ئەوەی وڵاتان گرنگیی زیاتریان بە شنگال بدایە، چونکە تاوەکو ئێستایش ئەو شارە ئاسایشی تێدا نییە و خەڵکەکەی لەبەر ململانێی چەکداران نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە."
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 2021-03-07 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەم جار لە مێژوودا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە حکومی و ئایینییەکان پشوازیی لێ کرا.
جەهوەر عەلی بەگ ئاماژەی بەوەیش دا کە لە رێوڕەسمی پێشوازی لە پاپادا کەسایەتییەکانیان کەم بوون و تەنیا بابەشێخ و میر بوون و دەڵێت: "پێمان باش بوو کە 20 کەسمان ئامادە بوونایە، بە تایبەتی لە فڕۆکەخانە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا جێگری میری ئێزدیان لەبارەی رەوشی شنگالەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەڕێنەوە شنگال، شارەکە ئاسایشی بۆ دەگەڕێتەوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە پاپا فرانسیس دەگەڕێتەوە هەولێر و کاژێر 16:00 لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری هەولێر بە بەشداریی 10 هەزار کەس گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوەدەبات کە زیاتر لە 200 ئاژانسی هەواڵیی جیهانیی دەیگوازنەوە و رێوڕەسمەکە راستەوخۆ لە ڤاتیکان نیوز دەگوازرێتەوە.
رۆژی هەینی 2021/03/05 پاپا فرانسیس گەیشتە بەغدا و بە ئامادەبوونی، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لێ کرا.
پاپا گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئایین دەبێت لە خزمەتی ئاشتی و برایەتیدا بێت، نابێت ناوی خودا بۆ کوشتن و تیرۆر بەکاربهێنرێت. ئەو گوتیشی: "هاتووم ئاشتیم لەگەڵ خۆمدا هێناوە و زۆر جار نوێژمان لەپێناو ئاشتی بۆ عێراق کردووە". داوای لە بەرپرسانی عێراقیش کرد، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن و هەڵگرتنی چەک سنووردار بکەن. داواکەی بۆ سنووردارکردنی چەک بۆ هەموو جیهان بوو.
زیاتر بخوێنەوە
11:28
پاپا فرانسیس: لە کوردستان ئازادیی بەرقەرارە، نزا بۆ منیش بکەن
پاپا فرانسیس: لە کوردستان ئازادیی بەرقەرارە، نزا بۆ منیش بکەن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس به ناوى ههموو پێكهاتهكانى گهلى كوردستانهوه بەخێرهاتنی کرد و گوتی، پێكهاتهكانى كوردستان ساڵانێكى زۆر پێكهوه بهرهنگارى دیكتاتۆرى و تيرۆر بوونهوه. پاپا فرانسیسیش پێی گوتووە، "ئێوە پاکن، دەستى بەزەییتان بۆ هەمووان درێژ کردووە، بۆ منیش نزا بکەن".
پاپا فرانسیس لە بەشێکى قسەکانیدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت، "زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لێتان کردین. زۆر دەمێک بوو دەمویست سەردانى هەرێمى کوردستان بکەم و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بە دەنگ بانگهێشتەکانتانەوە هاتم. زۆر پێزانینم هەیە کە وێڕاى ئەوەى لە شەڕدان بوون، بەڵام پێشوازیتان لە ئاوارە مەسیحییەکان لە موسڵ و دەشتى نەینەوا و قەرەقۆش و لە پێکهاتەکانى دیکە کرد. ئێوە باوەشتان بۆ کریستیانەکان کردووەتەوە".
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان "بڕواى تهواومان به ئازاديى ئايينى و فرهئايينى ههيه. لێبوردهيى و پێكهوهژيان و يهكدی قبووڵكردنى نێوان پێكهاتهكان، ناسنامه و كولتوورێكى دێرينى كوردستانه، به ههموو شێوهيهك پارێزگارى لهو كولتووره دهكهين".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئێمه ههميشه لهگهڵ ئاشتى و ديالۆگين، تيرۆر و تووندڕهوى رهتدهكهينهوه، ههرگيز رێگه نادهين هيچ پێكهاتهيهكى ئايينى يان نهتهوهيى له ههرێمى كوردستان، ببێته قوربانيى تيرۆر و تووندڕهوى".
پاپای ڤاتیکان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "هاتووم تاوەکو پێکەوە لەگەڵ ئێوە نزا بۆ ئێوە و بۆ مەسیحییەکان و بۆ هەموو مرۆڤایەتى بکەین. دووژمن هات بۆ ئەوەى ئەم وڵاتە تێکبدات، بەڵام ئێوە بە رەسەنیى خۆتان خزمەتتان کرد و پێشوازیتان لە ئاوارەکان و پێکهاتەکانى دیکە کرد. شەڕ رووخاندن و وێرانکردنە، بەڵام ئێوە دووژمنتان بەزاند و وڵاتەکەتان ئاوەدان دەکەنەوە".
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوە کردووە، "هاتووم موبارەکەى ئەم خاکە بکەم. ئێوە پاکن، دەستى بەزەییتان بۆ هەمووان درێژکردووە، بۆ منیش نزا بکەن. سوپاس بۆ هەموو ئەوەى لەگەڵ هەموو ئایینەکان و هەموو پێکهاتەکان دەیکەن. لە کوردستان ئازادى بەرقەرارە. دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیى گەرم و میوانداریتان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژیان لە هەرێمی کوردستان باسی ئەوەی بۆ پاپا فرانسیس کرد، "پێكهاتهكانى كوردستان ساڵانێكى زۆر پێكهوه بهرهنگارى دیكتاتۆرى و تيرۆر بوونهوه. پێكهوه قوربانيى زۆر گهورهيان داوه. ههموومان پێكهوه رابردوويهكى هاوبهشمان ههيه. ههموومان بۆ ئايیندهيهكى هاوبهشى باشتر، پێكهوه كاردهكهين".
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "فرهيى و پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكان بۆ ههرێمى كوردستان هێز و دهوڵهمهندين. نامانهوێت مهسيحى و ئێزدى و هيچ پێكهاتهيهك كۆچ بكهن و وڵات جێبهێڵن".
کریستیانەکان پێكهاتهيهكى "رهسهن و سهرهكيى كوردستانن"، نێچیرڤان بارزانی گوتی "كۆمهڵگهيهكى ئاشتهوان، رۆڵێكى گهورهيان له بنياتنان و پێشخستن و پاراستنى وڵاتدا گێڕاوه و دهگێڕن. چى له دهستمان هاتووه، بۆ پاراستنيان درێخيمان نهكردووه".
لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "سهردانى قهداسهتتان بهرهكهت لهگهڵ خۆيدا دههێنێت. بۆ يارمهتيدانى كوردستان و پێكهاتهكانى، له ههموو روويهكهوه چاومان له نزا و پشتگيريتانه".
زیاتر بخوێنەوە
08:53
نێچیرڤان بارزانی بۆ پاپا فرانسیس: هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، پاپا فرانسیس لە بەغداوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوە یەکەم سەردانی پاپا بوو بۆ هەولێر و وەک سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێشوازی لێکردنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین و... هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پاپا فرانسیسی راگەیاند، "بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی قەداسەتی پاپا فرانسیس دەکەین.. سەردانیان رووداوێکی مێژوویی مەزنە و جێگەی ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە. ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین. بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرەئایینی هەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لێبووردەیی، پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردنی نێوان پێکهاتەکان، ناسنامە و کولتووری کوردستانییانە.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوت، بە هەموو توانایەکیانەوە بەرگری لەو پێکەوەژیانە دەکەن و "هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین".
زیاتر بخوێنەوە
08:29
سەرۆک بارزانی: هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە
سەرۆک بارزانی: هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە
سەرۆک مەسعود بارزانی لە تویتێکدا بەخێرهاتنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، دەڵێت، "سەردانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەراستی مێژووییە و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەڵگرتووە."
سەرۆک بارزانی لە تویتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس نووسیویەتی: "خۆشحاڵبووم کە ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیم لە پاپا فرانسیس کرد، سەردانی ئەو بۆ هەرێمی کوردستان بەراستی نیشانەی گرنگیدانی هاوبەشمانە بە ئاشتی، پێکەوەژیان و برایەتی."
زیاتر بخوێنەوە
08:15
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکرێت. بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژمارەیەکی زۆر بەرپرسانی حکومی ئامادەی گەیشتنی پاپا فرانسیس دەبن. هاوکات بە شێوازێکی تایبەت بە میوزیک و سروودی ئایینی پێشوازی لێدەکرێت.
زیاتر بخوێنەوە
07:22
پاپا فرانسیس لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت
لەکاژێر 07:45 خولەک پاپا فرانسیس لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت و دوای ئەوەی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێدەکرێت.
زیاتر بخوێنەوە
07:23
سەرلەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە 7-3-2021 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەمجار لە مێژوو دەگاتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پشوازی لێدەکرێت.
بەپێی خشتەی سەردانەکەی پاپا، کاژێر 08:00ی بەیانی فڕۆکەکەی پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەنیشێتەوە و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
پاپا فرانسیس لەهۆڵی فڕۆکەخانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە ئاینییەکان کۆدەبێتەوە.
دوای کۆبوونەوەکان بەرەو موسڵ بەڕێدەکەوێت و دەچێتە ناوچەی هەبوت و دوای گەیشتنی لە کەنیسەی موسڵ نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕی داعش دەکات. دوای موسڵ دەچێتە قەرەقوش و لەکەنیسەی تاهیرە ئەلکوبرا بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی دەکات و گوتارێک پێشکەش دەکات.
بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس دەگەڕێتەوە هەولێر و کاژێر 16:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری هەولێر بە بەشداریی 10 هەزار کەس گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوەدەبات کە زیاتر لە 200 ئاژانسی هەواڵیی جیهانیی دەیگوازنەوە و رێوڕەسمەکە راستەوخۆ لە ڤاتیکان نیوز دەگوازرێتەوە.
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆ.
- بە ڕەگەز ئیتاڵیە بەڵام لەدایکبووی شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتینە.
- لە 17-12-1936لەدایکبووە یەکەم کەسی بە ڕەگەز ئەمریکای باشوورە کە نازناوی پاپای وەرگرتووە. ھاوکات دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە لە دوای گریگۆری سێیەم ئەو نازناوەی وەرگرتبێت.
- لە رێککەوتی 13ی ئاداری 2013ـەوە وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکراوە.
- پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردراوە.
- پێشتر سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بووە و لە ساڵی 2001 پاپا یۆحەنا پۆلسی دووەم نازناوی (کاردیناڵ)ـی پێ بەخشیووە.
- ناوی فرانسیسی بۆ خۆی دانا وەک رێزلێنانێک بۆ فرانسیس ئاسیزی پیرۆز.
- پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئۆکرانی ھەروەھا ئینگلیزی دەزانێت.
- بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرێت. ھەر بۆیە دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان چەندین رێوشوێن و مەراسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاریی لە رێسا و یاسا چەقبووەستەکان ھەیە.
- خانەوادەی پاپا فرانسیس بە رەگەز ئیتاڵین بەڵام لە سەردەمی حکومڕانی فاشیستی ئیتاڵی، خانەوادەکەی بە ناچاریی ئیتاڵیا بەجێدەھێڵن و بەرەو ئەرژەنتین کۆچ دەکەن.
- لە منداڵییەوە حەزی بە میوزیک و فیلم و کولتووری وڵاتانی ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای کردووە.
- لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاریی تۆپی پێ بووە و ھاندەرێکی سەرسەختی مارادۆنا و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بووە.
- لە ڕووی ئەزموونی خوێندنەوە پاپا فرانسیس قۆناخی بنەڕەتی لە دەورووبەری شاری بۆینس ئایرس تەواوکردووە.
دواتر لە قۆناخی ئامادەیی گرنگی بە زانستی کیمیا داوە و تەنانەت لە زانکۆش قۆناخەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری کیمیا تەواوکردووە و دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندنیش بە سەرکەوتوویی لە یەکێک لە تاقیگەکانی بواری کیمیاگەری لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرژەنتینی بۆ ماوەی 3 ساڵ کاریکردووە.
- لە تەمەنی لاویەوە لە رێگەی کاھینێکی پەرستگای بێزەنتی تێکەڵ بە رێوڕەسمە ئایینییەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی بووە.
- لە تەمەنی 21 ساڵییەوە چووەتە نێو ئەزموونی کەنیسە و لە 11ـی ئاداری 1958ـەوە زانستەکانی مرۆیی و لاھوتی لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیللی خوێندووە.
- پاشان لە ئەرژەنتین درێژەی بە خوێندنی پسپۆڕی فەلسەفی و ئایینی داوە لە پەیمانگەی ئیکلیرکی.
- لە ساڵی 1967 خوێندنی ئایینی و لاھوتی تەواوکردووە و لە 13-12-1969 بۆ یەکەمجار و بە فەرمی وەک کاھینی کنیسە دەستبەکاربووە.
- پاشان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بووەتەوە و بەھۆیەوە یەکێک لە گورچیلەکانی لەدەستداوە.
- دواتر وەک راگری پەیمانگەی لاھوتی لە سان مییگل کاریکردووە و تا ساڵی 1986 لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
- ساڵێک دواتر چووەتە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خوێندنی قۆناخی دکتۆرا لە بواری رەبەنی کریستیانی ئەمەش دەبێتە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پاپا فرانسیس.
- دوای مردنی سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس کاردینال ئەنتۆنیۆ کاراکینۆ لە 28ی شوباتی 1998 دەرفەتی لە بار بۆ ھاتنە پێشەوەی پاپا فرانسیس دەڕەخسێنێت و لە شوێنی ناوبراو دەکرێتە سەرۆکی ئەسقەفەکانی شاری بۆینس ئایرس بە دیاریکراوی لە 6-11-1998 ھاوکات ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کەنیسەکانی کاسۆلیکی رۆژھەڵاتیشی پێ سپێردرا.
- لە ساڵانی بوون بە کاردیناڵ چەندین ھەڵسوکەوت و تقوسی ئایینی ئەنجامدا کە لە سەرجەم سەرپەرشتیکارانی پێش خۆی جیاواز بوو، بە جۆرێک کرانەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و توانی مەودای نێوان خەڵک و کەنیسە نزیکبکاتەوە تا ئەوەی لەلای ھەمووان خۆشەویست بوو.
ھاوکات بەشداریپێکردنی کەسانی نێو گرتووخانەکان کە لە بنەمادا کاسۆلیکیش نەبوون و ھاندانی رەبەنەکان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیریی زیاتر پاپا فرانسیسی ناسراو کرد.
- لە رێککەوتی 11ی شوباتی 2013 دوای دەستلەکارکێشانەوەی پاپا بێنێدیکتی شازدەھەم بەھۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە، کۆمیتەی گشتی کۆمەڵگەی کیرادلی رۆژی 12ـی ئاداری 2013 یان دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەنگدان لەسەر دیاریکردنی پاپای نوێ و بە دەنگی دوو لەسەر سێی سەرۆک ئەسقەفەکان، پاپا فرانسیس وەک پاپای نوێی ڤاتیکان دیاریکرا.
- دەستبەکاربوونی پاپا فرانسیس وەک پاپای نوێی ڤاتیکان پێشوازییەکی گەورەی ئایینی و سیاسی لەسەر ئاستی جیھاندا بەخۆیەوە بینی چونکە لەلایەک یەکەم کەسایەتی ئایینی کیشوەری ئەمریکای لاتین بوو کە بۆ ئەم پۆستە بەربژێر بکرێت. لەلایەکی دیکەوەش کەسایەتییە کراوەکەی پاپا فرانسیس و ھەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی مەودای نێوان خەڵک و کەنیسە ببووە جێگەی بایەخی جیھان.