لە نەجەف و ئوور پاپا فرانسیس داوای 'ئاشتی و برایەتی' کرد

06-03-2021

20:47

ماڵئاوایی پاپا فرانسیس و سیستانی لە یەکدی

ماڵئاوایی پاپا فرانسیس و سیستانی لە یەکدی
ماڵئاوایی پاپا فرانسیس و سیستانی لە یەکدی
 
رۆژی شەممە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە نەجەف سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی شیعەکانی عێراقی کرد. پاپا فرانسیس سوپاسی عەلی سیستانی کرد لە بەرامبەر "دەنگهەڵبڕین" بۆ پارێزگاریکردن لەو کەسانەی ژیانیان زەحمەت بووە. عەلی سیستانیش بە ئاماژەدان بە رۆڵی "مێژوویی" عێراق، بە پاپا فرانسیسی گوتووە کە "ئومێدەوارە [عێراق] لەو نەهامەتییەی ئێستای لە ماوەیەکی نزیکدا رزگاری بێت".
زیاتر بخوێنەوە

19:20

کەنیسەی تاهیرە کە 2014 داعش مەشقی تێدا دەکرد، پەیامی 'ئاشتی و برایەتی' تێدا دەگوترێتەوە

کەنیسەی تاهیرە کە 2014 داعش مەشقی تێدا دەکرد، پەیامی 'ئاشتی و برایەتی' تێدا دەگوترێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەنیسەی تاهیرە لە شارۆچکەی زۆرینە کریستیانی قەرەقۆش لە پارێزگای نەینەوا بۆ سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان ئامادەکراوە. دانیشتووانەکەی پەلەیانە لە نزیکەوە چاویان بە پیاوی یەکەمی ڤاتیکان بکەوێت، ئەویش لە شارۆچکەیەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یازدەیەم، سەردانێک کە یازدە سەدەیە رووینەداوە.
 
یرۆن تەڵاڵ، رێکخەری سەردانەکەی پاپا بۆ قەرەقۆش دەڵێت، ناتوانین وەسفی هەستەکانمان بکەین، ئەمە خەونێکی کۆنی کریستیانەکانی عێراقە. لە مێژووی دوو هەزار ساڵەی کەنیسەدا ئەمە یەکەم سەردانی پاپایە بۆ عێراق. جۆن پۆڵی دووەم هەمیشە هەوڵی دەدا سەردانی خاکی باو و باپیرانمان بکات."
 
کەنیسەی تاهیرە لە 2014 تاوەکو 2016 شوێنی مەشق و دەنگی تەقەی چەکدارانی داعش بوو. ئێستا دەنگی سروودی ئایینی و میوزیک تەواوی ئەو ناوچەی لێوانلیوکردووە لە پەیامێک کە پاپا فرانسیس پێی دەڵیت "پەیامی ئاشتی و برایەتی".
 
کریستیانەکانی قەرەقۆش کە سەر بە کەنیسەی کاسۆلیکی ئاشوورین، دەیانەوێ لەسەر شێوەزاری رەسەنی خۆیان بە پاپا فرانسیس بڵێن 'پشێنە ‌ایتێلۆخن' واتە بەخێرهاتی.
 
کاتێرین ئەدیب، سروودبێژە و باس لەوە دەکات "هەستێکی خۆشمان هەیە، چونکە پاپا فرانسیس دەبینین و لە خزمەتی دەبین. ئەو سروودانەی قەشەکان ئێمەیان لەسەری راهێناوە، هەندێ سروودی تایبەتی سریانین. مانگونیوێکە لەنێو کەنیسە و لەدەرەوە مەشقی لەسەر دەکەین. بە ویستی خوا دەمانەوێ لە بەردەم پاپا کارەکەی خۆمان بەباشی ئەنجام بدەین."
 
قەرەقۆش بە پایتەختی کریستیانەکانی عێراقیش دەناسرێت، چەندین شوێنەواری دێرینی تێدا هەڵکەوتووە، لەنێویاندا تەل باشمۆنی، مەزاری موقورتایە، مەزاری کەرەملێس و مەزاری مار بیهنام. چەندین شوێنەواری دێرینی شارۆچکەکە ئێستا لە مۆزەخانەی موسڵ و بەریتانیا نمایشکراون. 
 
قەرەقۆش 32 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی موسڵەوە دوورە، بەرلە داعش نزیکەی 60 هەزار کەس لە شارۆچکەکە دەژیان، دوای وێرانبوونی نزیکەی 50٪ی ئەو شارۆچکە مێژووییە، دانیشتووانەکەی بۆ نزیکەی نیوە دابەزیەوە و تەنیا 35 هەزار کەس لەو شارۆچکە دەژین. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:21

دوو نامەی کاکەییەکان بۆ پاپا فرانسیس

رەجەب کاکەیی
رەجەب کاکەیی

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە شاری مێژوویی ئوور و لە "دیداری ئایینەکان" کە نوێنەرانی کریستیانەکان، کاکەییەکان، زەردەشتییەکان، موسڵمانانی سوننە و شیعە تێیدا بەشداربوون گوتارێکی پێشکێش کرد. یەکێک لەو کەسانەی کە بەشداریی دیدارەکەبوو کوردێکی کاکەییە و دەڵێت، "دوو نامەی کاکەییەکانی جیهان و عێراق-مان بە پاپا فرانسیس داوە."
 
ئەمڕۆ شەممە 06-03-2021 و لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، پاپا فرانسیس سەردانی شاری ئوور، شاری شارستانیەت و مێژوو، شار و شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم ـی کرد.  دواتر گوتارێکی پێشکێش کرد و لەگەڵ بەشێک لە نوێنەران و کەسایەتییە ئایینییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. نوێنەرێکی کاکەییەکان بەناوی رەجەب کاکەیی لە دیدارەکەدا بەشداربووە و لە رووداو باسی پەیامی کاکەییەکان بۆ پاپا فرانسیس دەکات. 
 
رەجەب کاکەیی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی "ئێمە لە ئوور بووین و بەشداری دیداری ئایینەکان-مان کرد لەگەڵ پاپا فرانسیس، بەڵام لەبەر کەمیی کات فریای ئەوە نەکەوتین زۆر لەگەڵ جەنابی پاپا قسە بکەین. دوو نامەمان بە قەداسەتی پاپا فرانسیس دا؛ نامەی یەکەم نامەی کاکەییەکانی جیهان بووە کە واژۆکراوە لەلایەن کەسێکی ئایینی کاکەییەکانەوە، نامەی دووەمیش نامەی یارسانەکانی عێراق بووە کە خۆم لەگەڵ دوو برادەری دیکەی کاکەیی واژۆمانکردووە."
 
رەجەب کاکەیی روونیدەکاتەوە کە چی لەنێوەڕۆی نامەکاندا هەبووە و دەڵێت "لەو نامەیەی ئێمە واژۆمانکردووە باسی دوو خاڵ کراوە، یەکەمیان باسی نەهامەتی و ناهەمواری دۆخی کەمایەتییە ئایینەکانە لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەت لە دەشتی نەینەوا، کەرکووک و دیالە، کە زۆربەی کەمایەتییە ئایینییەکان لەوێن. داوامان لە جەنابی پاپا کردووە ئامۆژکاری کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، کە یەکێک لە کێشەکانیش جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ـە." 
 
رەجەب کاکەیی پێیوایە، ئەگەر بێت و کێشەی ماددەی 140 چارەسەر بکرێت ئەوا کێشەکانی ئەوانیش چارەسەر دەکرێت. دەشڵێت "داوامانکردووە گوتاری هاندانی بیری تووندئاژۆیی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق فەرامۆش بکرێت و گوتاری لێبووردەیی زیاتر باس بکرێت."
 
لەبارەی ئەوەی کە چەند هیوایان بەوەیە کە پاپای فرانسیس دەتوانێت کێشەی کاکەییەکان چارەسەر بکات؟ رەجەب کاکەیی دەڵێت "ئەگەر کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێت و لایەنە سیاسییەکان کێشەکانی خۆیان وەلا بنێن، ئێمە کێشەکانمان چارەسەر دەبێت. ئێستا لە دەشتی نەینەوا رەوشی کاکەییەکان باشە، بەڵام لە خانەقین و کەرکووک رەوشی کاکەیەکان جیاوازە و دۆخیان خراپترە لە ناوچەکانی دیکە. لەبەرئەوە ئێمە داوامان لە پاپا فرانسیس کردووە کە ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکات."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا رەجەب کاکەیی ئاماژەی بەوەدا کە لە نامەی کاکەییەکانی جیهانیش هەمان داواکارییەکانی ئێمە هەبوون و راشیدەگەیێنێت "کاکەییەکانی جیهان رێز و سڵاویان بۆ جەنابی پاپا فرانسیس هەبووە و لە نامەکەدا هاتووە کە ئەو [پاپا فرانسیس] یەکێکە لەو کەسانەیە کە بایەخی بە گوتاری ئاشتی داوە و هاوکار بووە بۆ هەموو پێکهاتە ئایینییەکانی جیهان. بەهەمانشێوەی ئێمە، نامەکەی ئەوانیش ئەوەبووە کە کێشەکانی کاکەییەکان لە جیهان چارەسەر بکرێت."

 

زیاتر بخوێنەوە

16:42

بەشێك لە بیانییەکانی نیشتەجێی هەولێر چاوەڕێی هاتنی پاپا فرانسیس دەکەن

بۆ بینینی پاپا فرانسیس 200 کەسی بیانی دێنە هەولێر
بۆ بینینی پاپا فرانسیس 200 کەسی بیانی دێنە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەکی زۆر بیانی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و خەریکی کارن و بەشێکیشیان لە دەرەوەی وڵاتەوە بە تایبەت بۆ بینینی پاپا فرانسیس هاتوون. ئەوان پێشوازی لێدەکەن و سەردانەکەی بە سەرچاوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە دادەنێن.
 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ بەشێک لەو کەسانە کردووە کە لە هەولێر نیشتەجێن و خەڵكی وڵاتانی دیکەن، هەندێک لەوان لە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەوە بۆ دیداری پاپا فرانسیس هاتوونەتە هەولێر. 
 
نیکۆڵ خەڵکی کۆستەریکایە و لە ئیتاڵیاوە بۆ دیداری پاپا هاتووەتە هەولێر، هەرچەندە دووەم جارییەتی دێتە هەولێر، بەڵام ئەم سەردانەی بە جیاوازتر لە سەردانی پێشووی دادەنێت. 
 
نیکۆڵ پیتەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی رێکخراوی وۆڕلد ڤیژن لە عێراق بە رووداوی راگەیاند "من پێموایە سەردانی پاپا بۆ کوردستان زۆر پێویستە. ئەم وڵاتە لە چەند دەیەی رابردوو بە قۆناخی زۆر سەخت و پڕ لە تووندوتیژی و شەڕدا تێپەڕیوە، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان تووشی زیان بوون، پێموایە هاتنی پاپا هەڵگری پەیامی هاندان، هیوا، برایەتی و پێکەوژیانی ئاشتیانەیە کە فرەڕەنگی پەرەپێدەدات."
 
لیتۆ ئارتیکۆنا خەڵکی فیلیپینە، هاتنی پاپا بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی کوردستان زیاتر بە جیهان بگات و دەڵێت "هەموو سەرنجەکان ئێستا لەسەر کوردستانە و هەروەها عێراقیش. ئەمە دەبێتە هۆی جۆرێک لە بووژانەوە لە بواری ئابووریشەوە، چونکە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوانی ئایینەکانە، هەروەها پەرەپێدانی پێکەوەژیانیش، ئەمەش ژیانەوەیەی زۆرە."
 
دەنحا جوولا، سەرپەرشتیاری ئامادەکاری پێشوازی لە پاپا هاتنی بیانییەکان لە سەردەمی کۆرۆنا بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانێت و رایدەگەیێنێت "هاتنی پاپا فرانسیس دەرفەتێکە کە سەرنجی جیهان و وڵاتانی دیکە بخاتە سەر هەولێر و وڵاتەکەمان. 200 کەسی بیانی هەن کە لە وڵاتانی دیکەوە دێنە هەرێمی کوردستان، پێموایە لە سەردەمی کۆرۆنا ئامادەبوونی 200 کەس لەم رێوڕەسمەدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەمووان."
 
شەقامەکانی هەولێر بە پەیامی پیکەوەژیانەوە بۆ پێشوازی پاپا رازێندراونەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی پێشوازی لە پاپا فرانسیس، بڕیارە نزیکەی 10 هەزار کەس لە رۆژی یەکشەممە 07-03-2021 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر ئامادە بن، کە پاپا نوێژی قوداسەیان بۆ ئەنجام بدات. 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:01

محەممەد ئەمین پێنجوێنی: هاتنی پاپا بۆ باشووری کوردستان کاردانەوەیەکی گەورەی جیهانی دەبێت

محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاستەڤانێکی کوردە پێیوایە هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان کاردانەوەیەکی گەورەی جیهانی دەبێت، جارێکی دیکە دۆزی کورد دەچێتەوە سەر مینبەری میدیا جیهانییەکان. باس لەو سەردانەی خۆی و شاندێکی ئافرەتانی کورد بۆلای پاپای ڤاتیکانیش دەکات کە لە دوو کاتی جیا ئەنجامدراون و دەڵێت: "کاتێک شاندێکی ژنانی کورد چوونەتە دیداری پاپا، پاپا بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی کردوون".
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی کورد بە رووداوی راگەیاند: "هاتنی پاپا فرانسیس بۆ پارچەیەکی کوردستان مانای ئەوەیە دەبێتە میوانی میللەتی کورد، مانای ئەوەیە جارێکی دیکە پرسی کورد و مافە رەواکانی کورد دەچێتەوە سەر سەکۆ و میدیا جیهانییەکان، باسی ئەوە دەکرێت پاپا لە عێراقەوە چووە بەشێکی کوردستان لەکاتێکدا کورد وڵاتێکی هەیە و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە، ئەمانە هەمووی لە میدیاکانی جیهان شرۆڤەی بۆ دەکرێت و بە چاک و خراپ قسەی لەسەر دەکرێت، ئەمەش بۆ دۆزی کورد بە تایبەتی باشووری کوردستان گرنگی هەیە و سەردانێکی بەهێزە لە رووی مەعنەوییەوە".
 
ئەو سیسەتڤانە کوردە باس لەو دیدارە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ لای پاپا دەکات کە لە 25 ساڵی رابردوو ئەنجامیان داوەو دەڵێت: "بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە، وەکو شاندێک لە بەهاری ساڵی 1995 سەردانی بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکانمان لە نیویۆرک کرد و چاومان بە سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کەوت، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەش سەردانی پاپامان کرد".
 
بە گوتەی پێنجوێنی ئەوان چوار کەس بوون کە چاویان بە پاپا کەوتووە و دەڵێ: "عسمەت شەریف، عەبدولڕەحمان دووڕە، دلبخوین دارا و محەممەد ئەمین پێنجوێنی بەندە، نامەیەکمان نووسیبوو، هاوکات نامەیەکی بەڕێز ئۆجەلانیشمان پێبوو، هەردوو نامەکەمان دایە پاپا، داوامان لێکرد لە رێگەی خۆیانەوە هەوڵ بدەن کێشەی کورد لە تورکیا بە ئاشتی چارەسەر بکرێت نەک بە شەڕ".
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەشڵێت: "هاوکات هەندێک دۆکیۆمێنتمان دەربارەی کوردستان و دابەشبوونی کوردستان و ئەو ستەمکارییەی بە سەر میللەتی کورددا هاتووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی پاپا کرد. لە ئەنجامی قسەکاندا پاپا گوتی لە خودا دەپاڕێمەوە نوێژێکتان بۆ دەکەم و هیوادارم بە ئاشتی و ئارامی لە وڵاتی خۆتان بژین و وڵاتی خۆتان ئازاد بێت".
 
پێنجوێنی باسی ئەو سەردانەی ژنانی کورد بۆلای پاپا دەکات کە بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی کردون و دەڵێت: "جارێکیش لە یادمە نازانم بە دیاریکراوی چ ساڵێک بوو، پێموابێت ساڵی 1996 بوو، ژنانی کورد چوونە لای پاپا، بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی کردن و گوتی: "ئون خێرهاتن".
 
ئەو سیاستەڤانە کوردە پێیوایە هاتنی پاپا بۆ عێراق و باشووری کوردستان "نامەیەکی ئاشکرایە بۆ ئاشتی ناوچەکە، کە وڵاتی عێراق بە کوردستانیشەوە، ماوەیەکی زۆرە دووچاری شەڕێکی مەزهەبی و نێوخۆیی بووەتەوە، نامەکەش مانایەکی دیکە بە میللەتی عێراق ئیسلامەکانی عێراق بە هەردوو باڵەکەی بە شیعە و سوننەوە دەدات کە دەڵێ ئیبراهیم خەلیل لە ئوور لەدایکبووە، واتا ئەم وڵاتە نەک هەر هی ئیسلامە، بەڵکو هی کریستیانەکانیشە و ئێمە مافمان بەسەر ئەو وڵاتەوە هەیە کە ناوی عێراقە بە کوردستانیشەوە، بۆیە هەوڵ دەدەین ئاشتی لەو وڵاتە دروست ببێت".
 
 
لەبارەی گوتارەکەی پاپا فرانسیس کە لە شاری ئوور پێشکەشی کرد، محەممەد ئەمین پێنجوێنی گوتی: "گوتارەکەی پاپا پەیامێکی ئاشتی بوو بۆ هەموو میللەتانی ناوچەکە، پەیامێک بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی مەزهەبی کە لە ناوچەکەدا هەیە، پەیامێک بوو بۆ ئاشتی و تەبایی لەنێوانی ئایینەکان و مەزهەبەکانی کە لە ناوچەکەدا هەن. بە بڕوای من پەیامێکی سیاسیشی لە پشت بوو بۆ ناوچەکە بە تایبەتی بۆ عێراق و خەڵکی عێراق".
 
بە گوتەی پێنجوێنی پەیامە سیاسییەکەی بریتییە لەوەی "پێویستە بەرەیەک دژی تیژڕەو کە بەناوی ئایینەوە کار دەکەن، بەرەیەکی گەورە دروست ببێت لە نێوانی بەشێکی موسڵمانە شیعەکان، بەو پێیەی پاپا سیستانی هەڵبژارد و چوو بۆ نەجەف، واتە ئێمەی باوەڕدار و ئیمانداری میانڕەو دژی ئەوانەین کە بەناوی ئایینەوە تیژڕەوی و تیرۆر دەکەن".
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە پێیوایە پەیامێکی دیکەش لە قسەکانیدا هەبوو، کە ئەویش بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنێت "کە  ئەو وڵاتەی ئێستا ناوی عێراقە، بەشی کریستیانەکانی جیهانە، موڵک و زێدی ئێمەشە و بەرگری لێدەکەین".
 
لەبارەی مێژووی ئوور و پێغەمبەر ئیبراهیم، محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێ: "ئوور بە زمانی سۆمەری کۆن بە مانای شار دێت، شاری ئوور یەکەم شارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە دروستبووە وەکو شار، کە پیشەسازی و نەخۆشخانە و خوێندنی تێدابێت و ئیدارەی هەبێت. ئەوکاتیش چەند شارێک لە رۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکە هەبوون". 
 
لەبارەی بەشێک لەو شارانەی ئەو سەردەمە، محەممەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: "ئوورشەلیم، ئوور، ئوورفە، ئورمیە و ئووربل. ئوورشەلیم واتە شاری ئاشتی، ئورمیە واتە شاری سەر ئاو یان لێوار ئاو، ئوورفە، زۆر لە سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیبراهیم لە ئوورفە لە دایکبووە، ئوورفە واتە شاری کەڤر-بەرد، ئووربل، هەولێری ئێستا واتە شاری خودا، کە ئەوکات یەکێک لە خوداکان ناوی بل بووە، واتە شاری خوای بل، ئەمە پێش ئەوەی ئاشوورییەکان بێن و هەولێر داگیر بکەن بیکەین بە ئەربائیلۆ".
 
سەبارەت بە ئایینی زەردەشت پێنجوێنی دەڵێ: "پێش 10 بۆ 15 ساڵ لە زانکۆی ئەزهەر گفتوگۆیەکی گەورە روویدا، کە ئایا ئیبراهیم زەردەشتە یان زەردەشت ئیبراهیمە؟ چونکە یەکەم پەیامهێن کە لەسەر ئەرز داوای یەکتاپەرستی کرد زەردەشت بوو، کە هەموو خوداکانی دیکەی رەتکردەوە و داوای یەکتاپەرستی کرد، ئەمە فکرە و بیری زەردەشت بوو. واتە کە ئووری بەجێهشتووە و چووەتە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەکەی خۆی گۆڕیبوو بە ئیبراهیم".
 
پێنجوێنی ئاماژە بە "راستییەکی مێژوویی و ئەرکۆلۆژی" دەدات کە ئەرکۆلۆژییەکانی عێراق ئەوەیان سەلماندووە کە "سۆمەرییەکان لە چیاکانی کوردستانەوە ژیاون و هاتوونەتە خوارەوە لە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق و ناسریە ئەو شارستانیەتەیان دروستکردووە".
زیاتر بخوێنەوە

13:36

پاپا فرانسیس: ئایینەکەی ئیبراهیم پەیامی پێکەوەبوونمان پێدەدات

گوتاری پاپا لە شاری ئوور
شاری ئوور شاری شارستانیەت و مێژوو ، شار و شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم، شارێکی بێناز لە خزمەتگوزراییەکان کە هیچ ئاسەواری شارێکی مێژوویی پێوە نابینرێت، میوانداریی پاپا فرانسیس دەکات.
 
نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان لە دیدارەکەدا کە بەشداربوون کە رێوڕەسمەکەش ناوی دیداری ئایینەکانە. سێ کوردی زەردەشتی و کاکەیی چوونەتە شاری ئوور لە ناسرییە و دەیانەوێ چاویان بە پاپا فرانسیس بکەوێت و نامەیەکی پێبدەن.
 
پاپا فرانسیس لە گوتارەکەیدا باسی پێغەمبەر ئیبراهیمی کورد و گوتی: "ئیبراهیم درودی خودای لەسەر بیت لێرەوە سەیری ئاسمانی کرد و لە ئاسمان و ئەستێرەکان وحیی پێگەیشت. ئێمەیش پاش هەزاران ساڵ سەیری ئاسمان دەکەینەوە و ئاسمان پەیامی هەیە بۆ ئێمەش. ئەم ئاسمانە پەیامی پێکەوەبوونمان پێدەدات. ئاسمان پێمان دەڵێت پێویستە خۆمان بەدەستەوە نەدەین".
 
پاپای ڤاتیکان هەروەها رایگەیاند: "ئەمە برایەتیمان پتەو دەکات، ئێمە نەوەی ئیبراهیمین و پێویستە برایانمان لەبیر نەکەین. ئێمە گوێمان لە خوشک و برایانمان دەبێت و نوێژ دەکەین بۆ ئاسمان. هەموومان پێویستیمان بە یارمەتیی و هاوکاریی ئاسمان هەیە. ناتوانین بە دابڕاوی لەوانی دیکە کار بکەین. پێویستە ئێمە زەویی ئاوەدان بکەینەوە و ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە".
 
نوێنەری زەردەشتییەکان و نوێنەری کاکەییەکانیش کە چوونەتە ئور قسەیان بۆ رووداو کرد و دەڵێن، داوا لە پاپا دەکەین گوشاربخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە لەسەرەکان.
 
بریاری سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ ئەو شارە بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق بیر لە قیرتاوکردنی رێگەی نێوان ئوور بۆ ناسریە بکەنەوە، کە چەندین ساڵە بەڵینی قیرتاوکردنیان دابوو، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا دوای بڕیاری سەردانی پاپا بۆ ئەوێ هەر زوو بە خۆ کەوتن و گرفتی رێگاکەیان چارەسەر کرد.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:26

پاپا فرانسیس بۆ سیستانی: نزادەکەم خودا داهاتوویەکی پڕ لە ئارامی بۆ خەڵکی عێراق دابینبکات

پاپا فرانسیس بۆ سیستانی: نزادەکەم خودا داهاتوویەکی پڕ لە ئارامی بۆ خەڵکی عێراق دابینبکات
پاپا فرانسیس بۆ سیستانی: نزادەکەم خودا داهاتوویەکی پڕ لە ئارامی بۆ خەڵکی عێراق دابینبکات
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی پاپا فرانسیس راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، پاپا فرانسیس سوپاسی عەلی سیستانی کردووە لە بەرامبەر "دەنگهەڵبڕین" بۆ پارێزگاریکردن لەو کەسانەی ژیانیان زەحمەت بووە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی نزیکەی 45 خولەک بەردەوام بووە و تێیدا پاپا فرانسیس جەختی لە گرنگی "هاوئاهەنگی و دۆستایەتی نێوان کۆمەڵگە ئایینییەکان کردوەتەوە، ئەوەش لەبەر بەرژەوەندی عێراق، ناوچەکە و تەواوی مرۆڤایەتی". 
 
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هاوئاهەنگی و دۆستایەتییە لە رێگەی دیالۆگ و رێزگرتنی هاوبەشەوە بەدەستدەهێنرێت. 
 
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی پاپا فرانسیس دەڵێت، کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی پاپا فرانسیس سوپاسی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق بکات لە بەرامبەر "دەنگهەڵبڕین" بۆ پارێزگاریکردن لەو کەسانەی ژیانیان زەحمەت بووە و چەوسێندرانەتەوە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا کە تووندوتیژی زۆر بووە و ژیان زەحمەت بووە. هەروەها پاپا فرانسیس سوپاسی عەلی سیستانی کردووە بۆ جەختکردنەوە لە "پیرۆزیی ژیانی مرۆڤ و گرنگی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێوان خەڵکی عێراق". 
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پاپا فرانسیس لە کاتی ماڵئاواییکردن لە عەلی سیستانی ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوام دەبێت لە نزاکردن بۆ ئەوەی خودا داهاتوویەکی پڕ لە ئارامی و برایەتی بۆ خەڵکی عێراق، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەواوی جیهان دابینبکات.
زیاتر بخوێنەوە

11:04

سیستانی بۆ پاپا: زۆر لە گەلانی ناوچەکەمان بەتایبەتی گەلی فەلەستینی دووچاری تووندوتیژی و راگواستن دەبنەوە

وێنەی کۆبوونەوەکە
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا فرانسیس باسی لە ستەم و هەژاریی و چەوساندنەوەی ئایینی بۆ پاپای ڤاتیکان کردووە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی شەڕ و تووندوتیژی و راگواستن، "بە تایبەت گەلی فەلەستینی لە خاکە داگیرکراوەکان".
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق، سیستانی ئاماژەی بەو رۆڵە گەورەیە کردووە کە "سەرکردە ئایینی و رۆحییەکان دەتوانن بیگێڕن بۆ سنووردارکردنی ئەو نەهامەتییانە، لە نێویاندا بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان-بە تایبەت زلهێزەکان کە دەبێت رێگەبدەن ژیری و لۆژیک سەربکەوێت و دووربکەنەوە لە زمانی جەنگ".
 
سیستانی لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاماژەدان بە رۆڵی "مێژوویی" عێراق، بە پاپا فرانسیسی گوتووە کە "ئومێدەوارە [عێراق] لەو نەهامەتییەی ئێستای لە ماوەیەکی نزیکدا رزگاری بێت".
 
سەبارەت بە کریستیانەکانی عێراق کە لە ساڵی 2003ەوە، بەتایبەت بەهۆی هاتنی داعش لە ساڵی 2014، ژمارەیان لە کەمبوونەوەدا بووە و ئێستا نزیکەی تەنها 400 هەزاریان لە عێراق ماون، سیستانی بە پاپا فرانسیسی گوتووە، "پێداگیرە کە هاووڵاتیانی کریستیان وەک هاووڵاتیانی دیکەی عێراق خاوەنی ئارامی و ئاشتی و تێکڕای مافە دەستوورییەکانیان بن".
 
مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق بە پاپا فرانسیسی گوتووە، بەردەوام کاریان کردووە بۆ پاراستنی کریستیانەکان لە عێراق، بە تایبەت لە کاتی هاتنی داعش لە ساڵی 2014 و لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوەکراوە، عەلی سیستانی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس دەربڕیووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:03

دوایین زانیارییەکانی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ نەجەف و شاری مێژوویی ئوور و هەرێمی کوردستان

پاپا فرانسیس لە نەجەف
 
هەولێر.. ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس
 
 
زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ نوێژی قوداسەی پاپا فرانسیس لە یاریگای فرانسۆ هەریری تەواو کراون. شوێنی تایبەت بە دیپلۆماتکار و شاندە نێودەوڵەتییەکان ئامادەکراوە، 3 سەکۆی تایبەت لەنێو یاریگا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئامادەکراوە، کە زیاتر لە 200 دەزگای راگەیاندن لە وڵاتانی جیهانەوە ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن.
 
هەر لەنێو یاریگاشدا مینبەرێک بۆ پاپا فرانسیس ئامادەکراوە، بۆ رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە، کە بڕیارە بە بەشداریی 10 هەزار کەس بەڕێوەبچێت.
 
هەموو ئەو کەسانەی کە بڕیارە بەشداریی لە رێوڕەسمەکە بکەن، پێشتر باجی تایبەتیان بۆ کراوە و هیچ کەسێکیش بە ئۆتۆمبێلی خۆی ناچێتە یاریگا بەڵکو گرووپ گرووپ بەپێی تەمەن دەبردرێنە نێو یاریگا. کەسانی خوار تەمەن 10 ساڵیش بۆیان نییە بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.
 
پاپا فرانسیس گەیشتە نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی کۆدەبێتەوە
 
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان گەیشتە نەجەف و لەوێ چاوی بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەکەوێت. دیدارەکەی نێوانیان زیاتر پەیامێکی ئایینی لەخۆی هەڵدەگرێت، بەو پێیەی عەلی سیستانی خۆی بەدوور گرتووە لەو ململانێ سیاسی و سەربازییەی لەنێو عێراق هەیە و بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لەسەرکردەکانی دیکەی شیعەکان جیاکردووەتەوە.
 
بۆیە کۆبوونەوەکە زیاتر کۆبوونەوەیەکی ئایینی دەبێت و باس لە پاراستنی پێکهاتە ئایینیەکان و ئازادی رادەربڕینی ئایینە جیاوازەکان لە عێراق دەکرێت، هەروەها رۆڵی عەلی سیستانی لە باشکردنی دۆخی کریستیانەکانی عێراق و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان. کە زیاتر لە 150 هەزار کریستیان بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی ناوخۆ و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بوونە.
 
بڕیارە لە دوای کاژێر 10:30 پاپا فرانسیس بەرەو شاری ئووری مێژوویی لە ناسریە بەڕێ بکەوێت.
 
 
پاپا فرانسیس لە شاری ئوور لەگەڵ نوێنەری ئایینەکان کۆدەبێتەوە
 
 
یەکێک لە وێستگەکانی پاپا فرانسیس، شاری مێژوویی ئوور دەبێت لە ناسریە، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس تەواوکراوە، لە مێژووی ناسریە ئامادەکاریی لەم جۆرە بۆ هیچ رێوڕەسمێک نەکراوە.
 
بڕیارە کاژێر 11:45 فڕۆکەکەی پاپا فرانسیس لە بنکەی سەربازیی ئیمام عەلی، کە نزیکە لە شاری میژوویی ئوور بنیشێتەوە، ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ پاپا و شاندی یاوەریی ئامادەکراوە بۆ ئەوەی سەردانی شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم بکات، ئەو کەسەی کە پەیڕوانی ئایینی کریستیان، جوو، سابیئە و موسڵمان بە پێغەمبەری خۆیانی دەناسن.  
 
 
دوای ئەم وێستگەیە پاپا بڕیار وایە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت کۆببێتەوە.
 
 
3 هەزار کریستیانی سنووری دهۆک دەچنە پێشوازی پاپا فرانسیس
 
 
 
ماوەی 10 رۆژە لە پارێزگای دهۆک ئامادەکاریی بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت 3 هەزار کەس لە پێشوازی پاپا فرانسیس لە شاری هەولێر ئامادەبن. هەروەها 1500 کریستیانیش لە ناوچە جیا جیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەشداری رێوڕەسمەکەی یاریگای فرانسۆ هەریری دەکەن.
 
بڕیارە سبەی لە کاژێر 9:00 کریستیانەکانی سەنتەری پارێزگای دهۆک و قەزای سێمێل لە دێری بەرانییە ئامادە دەبن و لە رێگەی پاسەوە بگوازرێنەوە، هەروەها لە قەزای زاخۆ، ئامێدی،بەردەڕەش، ئاکرێ، شێخان و ئەلقوش شوێنی تایبەت دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی لەوێ کۆببنەوەو پاشان بۆ پێشوازی لە پاپا بەڕێبکەون.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:33

پیاوانی ئایینی نەجەف: سەردانەکەی پاپا بۆ لای سیستانی پەیامێکی گرنگی لە پشتەوەیە

وێنەیەکی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی وێنە؛ AFP
وێنەیەکی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی وێنە؛ AFP
لە پیرۆزترین شاری شیعە مەزهەبەکان، پاپای ڤاتیکان لە نەجەف چاوی بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەکەوێت. پیاوانی ئایینی شیعە دەڵێن، ئەوان بە هاتنی پاپا فرانسیس دڵخۆشن و سەردانەکەی بەرز دەنرخێنن. هەروەها پێیانوایە پەیامێکی گرنگی لە پشتەوەیە.
 
نەجەف شاری پیرۆزی شیعەکانی عێراق و جیهانە. شوێنی مەزاری ئیمام عەلی، خەلیفەی چوارەمی راشدین، ئیمامی یەکەمی شیۆەکانە و  نشینگەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانە. 
 
پاپای تەمەن 84 ساڵ بڕیارە لەگەڵ سیستانیی تەمەن 90 کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکەش بۆ جەختکردنەوەیە لە پێكەوەژیان و بریایەتیی نێوان ئایینەکان.
 
محەمەد عەلی، مامۆستای ئایینیی لە نەجەف گرنگیی ئەم سەردانە مێژووییە لەوەدا دەبینێت کە وا لە عێراقیەکان دەکات "هەست بە گرنگیی ئەم وڵاتە و ئەو کەسایەتیانەی لە نێویدا دەژین بکەن و هەروەها هەست بە گرنگیی پاراستنی وڵات و یەکگرتووییەکەی بکەن".
 
پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیکانە و دەبێتە یەکەمین پاپا کە سەردانی عێراقی کردبێت. مەرجعی ملیارێک و 300 ملیۆن کریستیانی کاسۆلیکییە. پیاوانی ئایینی نەجەف هیواخوازن سەردانی ئەم کەسایەتییە بۆ لای مەرجعەکەیان، ببێتە هاندەرێک بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە. 
 
د. موهەنەد جەمالەدین، مامۆستا لە حەوزەی عیلمیی نەجەف پێیوایە پاپا فرانسیس بۆ پەیامێکی گرنگ دەچێتە لای سیستانی. ئەو دەڵێت: "لە راستیدا، هەڵبژاردنی عێراق لەم دۆخە سەختەدا وێڕای پەتای کۆرۆنا کە وایکردووە ئەنجامدانی کۆبوونەوە سەخت بێت، بەڵام پاپا سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی لەم کاتەدا، بۆیە دەبێت پەیامێکی گرنگی لە پشتەوە بێت. پێویستە پەیامەکەی ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی ئاشتی، خۆشەویستی، میهرەبانی و پێکەوە ژیان. هەروەها رازیبوونی بەڕێز سیستانیش بەم کۆبوونەوەیە هەڵگری پەیامێکی گرنگە. کە ئەویش ئەوەیە ئێمە پێشوازیی لە ئاشتی دەکەین".
 
بڕیارە سیستانی لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان بکات. بەپێی زانیارییەکانی تایبەت بە گەشتەکەی پاپا کۆبوونەوەی نێوانیان ماوەی 40 خوولەک دەخایەنێت. 
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سیستانی، پاپای ڤاتیکان بەرەو ناسرییە بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی لە شاری شوێنەواریی ئوور، کە بە شوێنی لە دایکبوونی ئیبراهیم کە بە پێغەمبەری باوکی پێغەمبەران دادەنرێت، گوتارێک لە بارەی برایەتیی نێوان ئایینەکان پێشکێش بکات. 
زیاتر بخوێنەوە

08:25

کۆبوونەوەکەی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی چۆن دەبێت؟

 وێنەیەکی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی لە شەقامێکی نەجەف وێنە؛ AFP / Ali NAJAFI
لە پیرۆزترین شاری شیعە مەزهەبەکان، پاپای ڤاتیکان چاوی بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەکەوێت. لە چاوپێکەوتنە مێژووییەکەدا هەردوو گەورە کەسایەتیی ئایینی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان لەگەڵ یەکدی دەگۆڕنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە لەگەڵ کۆبوونەوەکانی دیکە جیاواز دەبێت.
 
پاپای ڤاتیکان و عەلی سیستانی رۆژی شەممە 40 خولەک کۆدەبنەوە، جگە لە وەرگێڕ، هیچ کەسی دیکە لە کۆبوونەوەکە بەشدار نابێت. پێشبینی دەکرێت ئەم دیدارە لێکەوتەی لەسەر عێراق و تەنانەت ئێرانیش هەبێت.
 
یەک دەیەیە ڤاتیکان کار بۆ سەرگرتنی ئەم سەردانەی پاپا فرانسیس دەکات، سەرکردە شیعییەکان دەڵێن هیچ سەردانێک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەمەی عێراق.
 
سیستانی کە ئێستا تەمەنی نزیکەی 90 ساڵە، بە دەگمەن دەردەکەوێت و زۆر دەگمەنیش پێشوازی لە شاندی بیانی دەکات. ڤاتیکان هیوا دەخوازێت پاپا فرانسیس لە نەجەف یاداشتنامەیەک لەگەڵ سیستانی واژۆ بکات. یاداشتێک کە گەرەنتی برایەتیی و پێکەوەژیان بکات،  هەروەک چۆن لە میسر لەگەڵ شێخی ئەزهەر ئەو کارەی کرد.
 
محەمەد بەحر، پرۆفیسۆرێکی عێراقی لەوبارەوە دەڵێت: "ئەم سەردانە مێژووییەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق مانایەکی تایبەتی هەیە بەهۆی ئەو دیدارانەی لەو کاتە مێژووییەی کە عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، ئەنجامی دەدات. سەردانەکە لەکاتێکدایە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و لێبوردەیی سەرقاڵی بونیاتنانەوەی وڵاتین، سەرقاڵی پەرەپێدانی بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیانین. ئەم سەردانە کاریگەریی باشی لەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت."
 
هەرچەندە هێشتا عێراق گیرۆدەی ناسەقامگیریی ئەمنییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت سەردانەکەی پاپا فرانسیس کڵاوڕۆژنەیەک بۆ کریستیانەکانی ئەم وڵاتە بکاتەوە کە لە ساڵی 2003وە چەندینجار رووبەڕووی کوشتن، ئاوارەیی و کۆچکردن بوونەتەوە.
 
نەوار محیەدین، دانیشتووی نەجەف دەڵێت: "پێکهاتەی کریستیان پێکهاتەیەکی سەرەکی خەڵکی عێراقە، پێکهاتەیەکە ناکرێت لە کاروانی بەرەوپێشچوون و مێژووی عێراق داببڕێت، پاپا لەو بارودۆخە و لەنێو هەموو وڵاتان بە ویستی خۆی عێراقی هەڵبژارد. بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بگەیەنێت کە وڵاتی هەردوو رووبارەکە و خاکی شارستانیەت خاکی هەموو ئایین و بیر و باوەڕەکانە."
 
هەروەها بیلال وەهاب، توێژەر لە ئینستیوتی واشتن لە پۆدکاستی جیهانی دیپلۆماسیەت لە تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەکرد سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و سەردانیکردنی نەجەف قورساییەکی تایبەتی هەیە لەبەر ئەوەی پەرە بە دانوستاندنی ئەدیان دەدات لە عێراق و جیهان.
 
بیلال وەهاب بە ئاماژەدان بەوەی لە مێژووی عێراقدا زوڵمی زۆر لە نەتەوە و پێکهاتەکان کراوە و ئێستاش زوڵم لە کریستیانەکان دەکرێت دەڵێت: "بۆیە سەردانەکەی پاپا فرانسیس لەم رووەشەوە گرنگە کە دەبێتە هۆکارێک بۆ پاراستنی کریستیانەکان".
زیاتر بخوێنەوە

08:23

لە نەجەف و ئوور پاپا فرانسیس داوای 'ئاشتی و برایەتی' کرد

عەلی سیستانی و پاپا فرانسیس
پاپا فرانسیس گەیشتە نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق کۆدەبێتەوە. چاوەڕواندەکرێت لەکۆبوونەوەکەی نێوانیان پیامی گرنگ لەنێوان ئەو دوو مەرجەعە ئایینییە ئاڵوگۆڕ بکرێن. دواتر پاپا فرانسیس سەردانی شاری مێژوویی ئوور دەکات کە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە.
زیاتر بخوێنەوە