ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا 25 کاژێر بێ وەستان دژی ترەمپ قسەی کرد

02-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە پارتی دیموکرات 25 کاژێر بێ وەستان قسەی کرد، ئەوەش درێژترین ماوەی قسەکردنە لەنێو ئەنجوومەنەکە. قسەکانی ئەو ئەندامەش رەخنەگرتن بوو لە سیاسەتی سەرۆکی وڵاتەکەی.
 
رۆژی دووشەممە 31ی ئاداری 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
کاژێر 7:00ی ئێوارە بە کاتی واشنتن (1ی نیسان کاژێر 2:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر) کۆری بوکەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە پارتی دیموکراتەکان دەستی بە قسەکردن کرد و 25 کاژێر و پێنج خولەک بەردەوام بوو.
 
بەو کارەی، بوکەر ژمارەی پێوانەیی ئەنجوومەنەکەی بۆ درێژترین ماوەی قسەکردن شکاند، کە پێشتر بەناوی سترۆم سەمۆند، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە کۆمارییەکان بوو. سەمۆند ساڵی 1957 دژی پڕۆژە یاسای مافەکانی مەدەنیی گشتی 24 کاژێر و 18 خولەک قسەی کرد.
 
دوای وەستانی لە قسەکردن، بوکەر بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ژمارە پێوانەییەکەی سترۆم سەمۆند بێزاری دەکردم." گوتیشی، "ئەمە درێژترین گوتارە لەنێو ئەنجوومەنی پیران بۆ کەسێکی وەکو من کە کەسانێک هەوڵیان دا رێگریم لێبکەن ببمە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران."
 
هیچ ئەندامێکی کۆمارییەکان ئامادە نەبوو گوێ لە قسەکانی بوکەر بگرێت و لە کۆبوونەوەکە ئامادە ببێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی وڵاتەکەی گرت کە سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان پەیڕەو دەکەن. بوکەر گوتی، "تەنیا لە 71 رۆژدا سەرۆکی ئەمریکا زیانێکی زۆری بە سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکی، سەقامگیریی ئابووری و بنەماکانی دیموکراسی گەیاندووە،" بەڵام "هێزی خەڵک گەورەترە لە هێزی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان."
 
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بوکەر رەخنەی تووندی لە ترەمپ گرت و رایگەیاند، "ئیدارەی ترەمپ - ڤانس (جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا) بەردەوامە لە دروستکردنی بێسەروبەری." ئاماژەی بەوەش کرد، "جەنگی بازرگانیی ترەمپ دژی هاوپەیمانەکانمان تەنیا دەبێتە هۆی گرانی و دروستکردنی ترس لەنێو ئەمریکییەکان."
 
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد.
 
مانگی رابردوو ترەمپ 25% پێناسی گومرگیی بەسەر هاوردەی ئۆتۆمبێل و پارچەکانیدا سەپاند، کە بڕیارە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بڕیارەکەی ترەمپ ناڕەزایەتی بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە