مارک رووتە داوا لە زیلینسکی دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە

02-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ، داوای لە سەرۆکی ئۆکراینا کرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە و دەمەقاڵێی نێوان ئەو دوو سەرکردەیەشی لە کۆشکی سپی بە رووداوێکی "نەخوازراو" ناو برد.
 
رۆژی شەممە، یەکی ئاداری 2025، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانێتیی ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، رایگەیاند، سەبارەت بە شەڕە قسەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زیلینسکی، کردووە و "بە زیلینسکیم راگەیاند، دەبێت رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا. پێموایە ئەوە رووداوێکی نەخوازراو بوو. دەبووایە ئەو [زیلینسکی]، رێزی خۆی بەرامبەر بە سەرۆک ترەمپ پێشان بدایە، بەوەی چی بۆ ئۆکراینا کردووە."  
 
ئەو قسانەی مارک رووتە، لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی 27ـی شوبات، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بە ترەمپی راگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەکەیان، خەرجی سەربازی زیاتر دەکات، ئەمەش لەسەر خواستی ئیدارەی ترەمپ. 
 
لەبارەی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە ئۆکراینا، مارک رووتە گوتی: "دەزانم کە ئیدارەی ئەمریکا زۆر پەرۆشە بەوەی دڵنیا بێت لەوەی ئۆکراینا بگاتە ئاشتییەکی درێژخایەن لەگەڵ رووسیا." 
 
رووتە گوتیشی: "خۆشحاڵبووم قسەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد. ئەمریکا و ناتۆ پێکەوە بەهێزترن و هاوپەیمانێتییەکە بەخێرایی هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی خەرجییە سەربازییەکانی زیاتر بکات." 
 
سکرتێری گشتی ناتۆ، ئاماژە بەوەش دەکات، هاوپیەمانێتییەکە بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا لە دژی رووسیا و گوتیشی: "وڵاتانی ئەندام ئامادەکاری دەکەن بۆ دابینکردنی هاوکاری زیاتر بۆ ئۆکراینا." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە