17 سەرکردەی جیهان بۆ پشتگیری لە ئۆکراینا بەشداریی لووتکەی لەندەن دەکەن

02-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
17 سەرکردەی جیهان ئەمڕۆ لە لووتکەی لەندەن کۆدەبنەوە، پرسی سەرەکی لووتکەکەش گەڕانەوەی ئاشتی و زیندووکردنەوەی دەرفەتی ئاگربەستە لە ئۆکراینا.
 
رۆژی یەکشەممە، دووی ئاداری 2025، بڕیارە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، میوانداری سەرکردەکانی ئەورووپا و کەنەدا بکات لە لووتکەی لەندەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیریی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەدوای ئەوەی تووشی دەمەقاڵێ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو لە کۆشکی سپی. 
 
بەگوێرەی میدیاکانی جیهان، بڕیارە لەو لووتکەیە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و تەواوی سەرکردەکانی دیکەی بەشدار، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا و هاوکاریکردنی زیاتری ئەو وڵاتە لە دژی رووسیا دووپات بکەنەوە. 
 
هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا کەمبوونەتەوە، لەدوای شەڕەکەی ترەمپ و زیلینسکی، وڵاتانی ئەورووپا داوای چڕکردنەوەی هاوکارییەکان دەکەن. لەوانە ئەڵمانیا رۆژی شەممە، داوای کرد بەزووترین کات هاوکاری سەربازیی ئۆکراینا بە بەهای 3 ملیار یۆرۆ بکرێت. 
 
هەروەها رۆژی شەممە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ زیلینسکی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند لەو لووتکەیەی رۆژی یەکشەممە هیوادارە هاوکاریی کۆنکرێتی زیاتر بۆ ئۆکراینا بەدەستبهێنن و هەروەها گفتوگۆکانی راگرتنی جەنگە سێ ساڵییەکەی ئۆکرایناش زیندوو بکەنەوە، بەوەی سەرۆکی ئەمریکا قایل بکەن کە ئەورووپا و بەریتانیا ئامادەن هەنگاوی زیاتر بنێن لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان رەنگە هەندێ لە سەرکردەکانی بەشداربووی لووتکەی لەندەن، داوا لە زیلینسکی بکەن، دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ بکاتەوە. 
 
بڕیارە لە لووتکەی لەندەن، ستامەر، میوانداری هەریەک لە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئۆروسلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری کاربەڕێکەری ئەڵمانیا، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، ئیسپانیا، فینلاند، سوێد، چیک، رۆمانیا و تورکیا بکات. 
 
لەگەڵ ئەوەش بڕیارە، ستارمەر لەو لووتکەیەدا، پێشنیاز بکات ئەوان ببنە پردی پەیوەندی لەنێوان وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا، تاوەکو بتوانن پێکەوە سیاسەتێکی یەکگرتوویان لەسەر جەنگی ئۆکراینا و چۆنیێتی راگرتنی ئەو جەنگە هەبێت. 
 
بڕیاریشە لە لووتکەی ئەمڕۆ، ستارمەر، وردەکاری کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی خۆی و ترەمپ لە کۆشکی سپی بۆ بەشداربووان باس بکات، بەتایبەتی لەبارەی هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و وڵاتانی ئەورووپا. 
 
لووتکەی لەندەن تەنیا هەفتەیەک پێش لووتکەی یەکێتیی ئەورووپایە، کە لەو لووتکەیە بڕیارە وڵاتانی ئەورووپا، وەڵامی کۆنکرێتی ئۆکراینا بدەنەوە سەبارەت بە هاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش لەدوای پێشنیازەکەی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ لووتکەیەکی نائاسایی و بەپەلەی نێوان وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ قسەکردن لەسەر "ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆ و لەنێویشیان ئۆکراینا." 
 
چاوەڕێش دەکرێت، لە لووتکەی لەندەن، وڵاتانی بەشداربوو، داوا بکەن بۆ هەر گفتوگۆیەکی تایبەت بە راگرتنی جەنگی ئۆکراینا، سەرکردایەتی کیێڤ بەشداری پێبکرێت و گەرەنتیش بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا بدرێت. 
 
هەر لەو لووتکەیەدا، بڕیارە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەو داوایەی ئەنقەرە دووپات بکاتەوە بەوەی تورکیا ئامادەیە ببێتە میوانداری دانوستاندنەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی نێوانیان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە