وەزیری بەرگریی یۆنان: کەسانێک لە تورکیا خەون بە دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە دەبینن

02-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی یۆنان رەخنەی تووندی ئاراستەی سیاسەتی سەرکردایەتیی تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای ئیجە دەکات و رایدەگەیێنێت، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە چاویان لەوەیە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەکە دروست بکەنەوە.
 
رۆژی شەممە 1ی شوباتی 2025 نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لەبارەی ویستی تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای ئیجە رایگەیاند، "ئێستا هەندێک خەڵک لە تورکیا لەو بڕوایەدان دەتوانن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروست بکەنەوە لە بەشێک لە یۆنان، سووریا، عێراق، ئێران و نیوەی ناوچەکانی قەوقاز."
 
هەروەها ئەو وەزیرە یۆنانییە دەڵێت، "هیوادارم ئەمە تەنیا خەون بێت، بەڵام کێشەی زۆر دروست دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ یۆنان و هاوپەیمانێتیی ناتۆش."
 
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری بەرگریی یۆنان لەگەڵ ئەو کەناڵە ئەمریکییە، ئاماژە بە پەیوەندیی نزیکی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات و دەڵێت، "ترەمپ لە پێگەیەکی تایبەتدایە تاوەکو بتوانێت بەگوێی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بچرپێنێت و وەبیری بێنێتەوە، یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی تایبەت بە دەریا، بەشێکن لە جیهانی مۆدێرن."
 
هەروەها دێندیاس دەڵێت، "پێموایە ئەمە بە هیچ شێوەیەک بۆ ناتۆ و ئەمریکاش باش نابێت، کێشە بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە لە بەرەی رۆژهەڵات دروست دەکات، بەتایبەتی ئێستا بەوەی چی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن و چی لە رووسیا و ئۆکراینا هەیە."
 
لە کۆتاییدا، وەزیری بەرگریی یۆنان گوتی، گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا وایکردووە یۆنان پێگەیەکی تایبەتی لە ناتۆ هەبێت، بەوەی ئەو گرژییانە وایکردووە ئەسینا خەرجییەکی زۆر لە بواری بەرگریدا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە