ترەمپ پارێزەرێکی بەڕەچەڵەک هیندی دەکاتە بەرپرسی FBI

01-12-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کەسێکی نزیکی خۆی، کە پارێزەرێکی بەڕەچەڵەک هیندییە، دەکاتە بەرپرسی نوێی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI). 
 
رۆژی شەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2024) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکەی خۆی (سۆشال تروس)، رایگەیاند، کاش پاتیل، راوێژکاری پێشووی ترەمپ بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی و کەسێکی نزیکی لە بازنەی دەسەڵاتی ترەمپ، کردووەتە بەڕێوەبەری نوێی ئێف بی ئای.
 
ئەو بڕیارە نوێیەی ترەمپ لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەری ئێستای ئێف بی ئای، کریستۆفەر رەی کە لەساڵی 2017 هەر ترەمپ خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد، گرێبەستی 10 ساڵەی هەیە تاوەکو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بۆیە پێویستە رەی دەست لەکاربکێشێتەوە یان ترەمپ لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە.
 
لەسەردەمی رەی-دا، لە ساڵی 2022، نووسینگەی ئێف بی ئای لێکۆڵینەوەی لە ترەمپ کرد لەبارەی هەڵگرتنی بەڵگەنامەی نهێنی حکومەتی ئەمریکا لە کۆشکەکەی لە فلۆریدا، کە ئەمە ترەمپی تووڕە کرد. 
 
ترەمپ لەبارەی کاش پاتێلەوە دەڵێت "پارێزەر و لێکۆڵەرێکی لێهاتووە و روانگەی 'ئەمریکا دەبێت پێشەنگ بێت'ـی هەیە، بەرگریکارێکی سەرسەختی دادپەروەری و پاراستنی گەلی ئەمریکایە."  
 
کاش بە کەسێکی نزیک و بەوەفای ترەمپ ناسراوە و کتێبێکیشی لەسەر چۆنیێتی دژایەتیکردنی ترەمپ لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکا نووسیووە. 
 
ئەو تەمەنی 44 ساڵە و دایک و باوکی کۆچبەری هیندین، بەڵام خۆی لە نیویۆرک لەدایکبووە. لە چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، کاش چەندین پۆستی گرنگی هەبووە لەوانە، راوێژکاری ترەمپ بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی، راوێژکار لە بەڕێوەبەرایەتیی دەزگەی هەواڵگری نیشتمانی و یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا. 
 
ترەمپ نووسیوویەتی "کاش، کاری مەزنی لە یەکەم ئیدارەمدا کرد و لە داهاتووشدا کار بۆ کۆتاییهێنان بە باندە تاوانکار و کۆچبەرە تاوانبارەکان دەکات، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچیێتیی لەسەر سنوورەکان."  
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە