رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی شاری نیوئۆرلینزی ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات و لەم ساتەدا هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەلی ئەمریکا دەوەستێت.
رۆژی چوارشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر خەڵکی بێتاوانی نیوئۆرلینز دەکەم."
نێچیرڤان بارزانی، لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "بیرم و نزاکانم لەگەڵ ئەوانەیە کە بەهۆی ئەم کردەوە دڕندانە، بوونە قوربانی. ئێمە لەم کاتە سەختەدا لەگەڵ گەلی ئەمریکا دەوەستین."
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، کەسێک بەناوی شەمسەدین جەبار، بە ئۆتۆمبێلێک بەخێراییەکی زۆر خۆی بە نێو خەڵکدا دەکات و لە ئەنجامدا 15 کەس کوژران و لانیکەم 35ی دیکەش بریندار بوون کە بەرپرسانی ئەمریکی هێرشەکەیان بە تیرۆرستی ناوبرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (ئێف بی ئای)، جەباری تەمەن 42 ساڵ، هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکییە و لە ویلایەتی تێکساس گەورە بووە و 10 ساڵ لە نێو سوپای ئەمریکا خزمەتی سەربازی کردووە.
هەروەها بەرپرسانی ئێف بی ئای دەڵێن، لە پشت ئۆتۆمبێلەکەی هێرشکارەکە ئاڵایەکی داعش دۆزراوەتەوە، "جەبار پێشینەی تاوانی هەبووە و پەیوەندی لەگەڵ داعش و رێکخراوە پەڕگیرەکاندا هەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ