رووداو دیجتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا 'یۆفا'، دوو پەیامیان ئاراستەی حکومەتی ئیسپانیا کردووە و داوایانکردووە پەلە بکەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا.
تەنیا سێ مانگ لەبەردەم فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی دەستەیەکی نوێی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، کە لویس رۆبیالێس سەرۆکایەتی دەکرد، لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، پاشئەوەی سەرۆکەکەی بەوروژاندن و دەست بۆبردنی سێکسی تۆمەتبارکرا لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی ئافرەتان.
رۆبیالێس لە ئاهەنگەکەدا بەبەرچاوی کامێراکانەوە، ناودەمی جینی هیرمۆسۆی ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکەی ماچکرد و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی رۆبیالێسەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بێ سەرۆکە و بەپێی یاساکانی فیفا، دەبێ لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، سەرۆک و دەستەیەکی نوێ هەڵبژێرێت.
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فیفا و یۆفا لە پەیامەکانیاندا دڕدۆنگیی قووڵی خۆیان لە بەرامبەر سڕبوونی فیدراسیۆنەکە لە مانگی پێنجی ساڵی رابردووەوە راگەیاندووە، نیگەرانن لەوەی بەرەوپێشچوون لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا نییە.
حکومەتی ئیسپانیا، لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی وڵاتەوە کارەکانی فیدراسیۆنەکەی تۆپی پێ راییدەکات و پێیوایە رێگری لەبەردەم پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی فیدراسیۆنەکە هەیە. هەربۆیە هەردوو رێکخراوەکە واتە 'فیفا و یۆفا' داوایانکردووە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئەنجوومەنە ئیسپانییەکە کۆببنەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دەستنیشانکردنی کاتی هەڵبژاردن.
فیفا و یۆفا دەڵێن، دواخستنی هەڵبژاردنی فیدراسیۆنەکە، رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر وەرزشی ئیسپانیا دەبێت.
ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا نەتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ئەگەر هەیە فیفا و یۆفا، حکومەتی ئەو وڵاتە بەدەستخستنە نێو کاروباری تۆپی پێ تۆمەتباربکەن و بەوەش چالاکییەکانی فیدراسیۆنەکە و بەشداریی هەڵبژاردە و یانەکانی ئیسپانیا، لە پاڵەوانێتییەکانی ئەو دوو رێکخراوەدا، سڕ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ