ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بەرامبەر لیگانێس یاری دەکات و ئەنچێلۆتی گۆڕانکاری دەکات

29-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولە گەورەکانی ئەورووپا دەستپێدەکەنەوە و یانەی ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی بارسێلۆنا بدات.
 
لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی 29ـی لالیگادا، کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی لیگانێس یاری دەکات و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە بارسێلۆنای پێشەنگ دوورنەکەوێتەوە.
 
رۆژی هەینی لۆس بلانکۆس دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەیەکی دیکە ئامادەیە بەر لەوەی رۆژی سێشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شادا بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد یاری بکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانانی سەرەکی و یەدەگ ئەم یارییە ئەنجامدەدات، بەتایبەت دەکرێت هەندێک لەو یاریزانانەی لە یاریی نێودەوڵەتی گەڕاونەتەوە لەسەر کورسی یەدەگ بن.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "راول ئاسێنسیۆ بەسەرەکی یاری دەکات، چوامینی یەدەگ دەبێت، براهیم دیاز بە سەرەکی یاری دەکات و یەکێک لە ڤینیسیۆس و رۆدریگۆش لەسەر کورسی یەدەگ دەبن و ئەگەری هەیە فێدریکۆ ڤالڤێردیش بە سەرەکی یاری نەکات."
 
بۆرخا خیمینێز، راهێنەری یانەی لیگانێس دەڵێت "یارییەکە زەحمەتە، بەڵام لە یاریگەدا 11 یاریزان بەرامبەر 11 یاریزان یاری دەکەن."
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "لە یارییەکەدا دەست بە بەشی کۆتایی وەرزەکە دەکەین، چەند یارییەک لە دوای ئەم یارییەوە چاوەڕێمان دەکەن، بۆیە دەبێت بە باشی ئەنجام بدەین. هێشتا چانسی ئێمە لە هەموو پاڵەوانێتییەکان باشە، و بەرپرسیارێتی بردنەوەمان لە هەموو یارییەکدا هەیە و گەورەتر دەبێت چونکە هەموو یارییەکان زۆر گرنگن بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوانەی کە دەمانەوێت بەدەستیانبهێنین."
 
بەر لەم یارییە ریال مەدرید لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ، یانەی لیگانێس لە پلەی هەژدەیەم خاوەنی 27 خاڵە و شەڕی مانەوە لە خولەکەدا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە