رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بیر لەوە دەکاتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' بەربژێر بکات لە داهاتوودا.
تاوەکو ئێستا خلێفی هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە نەداوە، نە رەتیکردوونەتەوە، نەپشتڕاستی کردوونەتەوە.
خلێفی کەسایەتییەکی ناسراوی نێو دونیای تۆپی پێی ئێستای فەرەنسا و جیهانە، سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا دەکات، کە پۆستێکە رۆڵیکی سەرەکی دەداتە ئەو لە لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا) و قورسایی ئەو لە وەرگرتنی بڕیارە سەرەکییەکان لە تۆپی پێی ئەورووپیدا زیاتر دەکات.
ماڵپەری 'فرانس فوتبۆڵ ویکلی' ئاشکرایکردووە، ناسڕ خلێفی بیر لە خۆ بەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و چەندین میدیای دیکەش هەمان هەواڵیان دووپاتکردووەتەوە.
میدیاکان دەڵین خلێفی چیدی سنووری خەونەکانی لە تەنیا مانەوە لە سنووری فەرەنسادا نییە و چاوی لەئاستی نێودەوڵەتییە.
فابیان تواتی، دەرهێنەری فیلمێکی دۆکۆمێنتارییە لەبارەی خلێفییەوە، ئەو دەڵێ، سەرچاوەی نزیک لە سەرۆکی یانە پاریسییەکە، دووپاتیانکردووەتەوە لیکۆڵینەوە لە خۆ بەربژێرکردنەکە دەکات. ئاماژەی بەوەداوە کە چەندین کەسی پێشتر و ئێستا نزیک لەو، هەروەها کەسایەتییە قەتەرییەکان دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەو بایەخ بەپۆستەکە دەدات.
تواتی هەروەها دەڵێ، کاتێک چەندینجار و لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە گوێم لەو هەواڵە دەبێت، پێموایە بەشێک لە راستیی تێدایە. ئەو قورساییەکی گەورەی لە تۆپی پێدا هەیە، شوێنی کەسایەتیی گەورەی لە بوارەکەدا لە شێوەی کارل هاینز رۆمەنیگێ و ئاندریا ئانیێلی گرتووەتەوە.
ئێستا فیفا لەلایەن جیانی ئینفانتینۆوە سەرۆکایەتیی دەکرێت و ئەو لە 2016ەوە لە پۆستەکەی بەردەوامە و دووەمجاری لەسەریەک لە سەرۆکایەتیی فیفا دەمێنێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی بنمیچی داخوازیی لە خلێفی و پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ سەرکردە وەرزشییەکانی ئەورووپا و ئاسیا، وایکردووە ئەو یەکێک بێت لە بەربژێرە سەرەکییەکانی شوێنگرتنەوەی ئینفانتینۆ لە داهاتووی نزیکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ