رووداو دیجیتاڵ
لۆگان پاوڵی یوتیوبەر و زۆرانبازی ئەمریکی، بەڵێنی بە لیۆنێل مێسی، کاپتنی یانەی ئینتەر مەیامیدا، دووچاری زیانی زۆری بکاتەوە، کاتێک رووبەڕووی یاسین چۆکۆی پاسەوانی کەسیی ئەو ئەفسانەیە دەبێتەوە.
قسەکانی لۆگان وەک وەڵامێکە بۆ ئەو ئاڵنگارییەی یاسین چۆکۆی پاسەوانی تایبەتی مێسی رووبەڕووی ئەوی کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێو پانکی زۆرانبازیدا.
سەرەتای رووبەڕووبوونەوەی نێوان لۆگان پاوڵ و مێسی بۆ ئەو تۆمەتە دەگەڕێتەوە کە پاوڵ ئاراستەی مێسی کرد، بەوەی کۆپی خواردنەوەیەکی وزەبەخشی بەرهەمهێنراوی ئەمی کردووە بەناوی پرایم. پاوڵ دەڵێ مێسی خواردنەوەیەکی کۆپیی پرایمی بەناوی ماس پڵەس دروستکردووە کە لە هەموو شتێکدا لاسایی و کۆپی خواردنەوەکەی ئەمە.
پاوڵ پەنای بۆ دادگا بردووە و سکاڵای لەسەر کۆپیکردنی بەرهەمەکەی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا مێسی رەتیدەکاتەوە و لە بەرامبەردا پاوڵ پێشنیازی ئەوەی خستەڕوو کە بەرامبەر وازهێنان لە سکاڵاکەی، زۆرانبازییەکی ئازاد بەرامبەر مێسی بکات، بەڵام یاسینی پاسەوانی کەسیی مێسی، هاتە سەر هێڵ و گوتی مێسی رووبەڕووی تۆ نابێتەوە، بەڵکو من رووبەڕووی تۆ دەبمەوە.
یاسین هەفتەی پێشوو لە گرتەیەکدا، جارێکی دیکە ئاڵنگارییەکەی لەگەڵ پاوڵ نوێکردەوە و گوتی ماوە بۆ خۆدزینەوە نەماوە، دەبێ شەڕەکە بکەین.
پاوڵ ئەمجارە وەڵامی داوەتەوە و بەگاڵتەوە دەڵێ، "خەڵک داوای گەشتی ئاسمانییان لێکردم، بەڵام کارەکە شایستەی ئەوەش نییە"
ئەو هەروەها دەڵێ، "براکەم، من لە پۆرتۆریکۆم، ئەگەر دەتەوێت لێرە رامبگریت، بەخێربێی، بەڵام کاتێک لێتدەبەمەوە و هەر واش پێشبینیکراوە کە لێت ببەمەوە، ئەوکات دەبێ وزەبەخشی پرایم بخۆیتەوە".
لە دوایین گرتەی ڤیدیۆیی خۆیدا، یاسین پاش قسەکانی بۆ پاوڵ، خواردنەوەی وزەبەخشی ماس پڵەس دەخواتەوە کە بەرهەمی مێسییە.
پاوڵ زیاتر دەڵێ، "بەداخ دەبم بۆ مێسی، لەبەرئەوەی لە دادگا دەدۆڕێت و لەوانەیە پاسەوانە کەسییەکەشی لەدەست بدات".
دواتریش دەڵێ، "کەواتە بۆچی کەسێک بەکرێ دەگریت کە توتیوبەرێک دەتوانێت لێی بباتەوە، تۆ هەموو شت دەدۆڕێنیت، تەنیا جامە جیهانییەکە نەبێت".
ئەگەرچی میدیای ئەمریکی بەتاسەوەن بۆ زانینی وادەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان پاوڵ و یاسین، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی کاتی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان دیاریینەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ