دوای دوورخستنەوەی دۆریڤال کێ دەبێتە راهێنەری بەرازیل؟

29-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دۆریڤال جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆریڤال جونیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و چەند راهێنەرێکی بەنێوبانگیش بەربژێرن بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دوورخستنەوەی راهێنەری هەڵبژاردەکەی راگەیاند و دەڵێت "کارگێڕیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل سوپاسی دۆریڤال جونیۆر دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە قۆناخی داهاتوودا، لە ئێستاوە کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکی گونجاو بۆ هەڵبژاردەکە."
 
دوورخستنەوەی دۆریڤال جونیۆر لە راهێنەرایەتیی سامبا لەکاتێکدایە هەڵبژاردەکە لە دوایین یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بە ئەنجامێکی گەورە بەرامبەر ئەرجەنتین دۆڕا و تیپەکە دابەزی بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور.
 
دۆریڤال جونیۆر 15 مانگ راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل بوو، رێژەی بردنەوەکانی لە ٪58.3 بوو.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەرازیل، هەریەکە لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، پێپ گواردیۆلا، جۆزێ مۆرینیۆ، یۆرگن کڵۆپ، تیتێ، فیلیپی لویس بەربژێرن بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە، بەڵام نزیکترین بژاردە خۆرخی خیسۆس، راهێنەری یانەی هیلالی سعودییە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو راهێنەرە ببێتە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە و خیسۆس چاوەڕێی گرێبەستێکی فەرمی دەکات لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە