لیستە رەشەکەی گواردیۆلا ئاشکراکرا

29-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی خۆی بۆ هاوینێکی پڕ لە گۆڕانکاریی گەورە لە ریزەکانیدا ئامادە دەکات، پاشئەوەی وەرزێکی پڕ لە کارەسات و ئەنجامی خراپی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەسەربرد.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکە، ئەنجوومەنی کارگێڕیی مانچێستەر سیتی لەنیازەکانی خۆی بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە تیپەکەدا ئاگادارکردووەتەوە، ئەوەش لەپێناو بەڕێکردنی چەندین یاریزانی یانەکە کە بەبڕوای پێپ چیدی ناتوانن خزمەت بەپلانەکانی بکەن.
 
گواردیۆلای 54 ساڵ، پاش چەندین وەرزی سەرکەوتوو لەگەڵ یانەکەدا، ئەمساڵ بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، پاشئەوەی نەیتوانی رکابەریی لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ بکات و لە چامپیۆنزلیگیش لە پاشکۆی قۆناخی شانزە لەسەردەستی ریال مەدریدی ئیسپانی کرایە دەرەوە.
 
مانچێستەر سیتی، تەنیا ئومێدی بەبەدەستهێنانی نازناوی ئێف ئەی کەپ ماوە لە وەرزی ئەمساڵدا و لە قۆناخی هەشتی جامەکەدا رووبەڕووی بۆرنمۆوس دەبێتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، پێپ لیستی خۆی بەناوی ئەو یاریزانانەی دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا بەڕێبکات، داوەتە یانەکە و ناوی چەندین یاریزانی بەتوانا و ئەزموونداری تیپەکەی تێدایە.
 
بەپێی میدیاکان، ئەوەی پێپ پێشکێشی کردووە، لیستی رەشی یاریزانە دەرکراوەکانن لە یانەکە.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، پێشەنگی ئەو یاریزانانەی پێپ لە هاویندا دەستیان لێهەڵدەگرێت، کیڤن دیبرۆینی بەلجیکیی تەمەن 33 ساڵانە.
 
ئەو یاریزانە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی تەواو دەبێت، هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە لەگەڵ سیتی بەردەوام نابێت، بەتایبەت کە لە دوو وەرزی رابردوودا، پێکانی زۆری تووشبووە و بیر لە چوونە خولی ئەمریکا دەکاتەوە.
 
ئێلکای گوندۆگانی ئەڵمانی، ناوێکی دیکەی نێو لیستە رەشەکەی پێپە. ئەو یاریزانە 34 ساڵانە، ئەمساڵ گەڕایەوە یانەکە، پاشئەوەی وەرزێک بۆ بارسێلۆنای ئیسپانی یارییکرد. گرێبەستەکەی تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵە و پێناچێ پێپ بەمانەوەی رازی بێت.
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، جاک گریلیش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لە لیستی رۆیشتووەکانی تیپەکەدایە، پاشئەوەی ئەو لاباڵەی ئینگلتەرا لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستی زۆر دابەزی.
 
پێپ گواردیۆلا پێیوایە، گۆڕینی کەشوهەوا و شوێنی یارییکردن بۆ یاریزانەکە باشترە، بەتایبەت کە ئەو، لە دەرەوەی یاریگەش مشتومڕی زۆری ناوەتەوە، لە بابەتی دەرکەوتن لە یانەکانی شەوانە.
 
فەیلەسووف بڕیاریداوە گۆڕانکاریی لە گۆڵپارێزەکانیشیدا بکات و ئەگەرچی هەریەکە لە ئیدێرسۆن و ستیڤان ئۆرتێگا ساڵی 2026 گرێبەستەکانیان تەواو دەبێت، بەڵام ئەوانیش لە لیستە رەشەکەی پێپدان و شوێنگرەوەشیان خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئێستای ئیسپانیۆلی ئیسپانییە.
 
پێپ گواردیۆلا لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی دۆخی ئەمساڵی تیپەکەیەوە رایگەیاند نەخۆی و نەیاریزانەکانی شایستەی وەرگرتنی مووچەکانیان نین لە وەرزی ئەمساڵدا. ئەو لێدوانە دووپاتیدەکاتەوە کە پێپ چەندە بێئومێدە لە ئاستی ئەمساڵی تیپەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە