یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی خولی نایابی بالەی عێراق لە سلێمانی بەڕێوەدەچن

29-12-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی نایابی بالەی عێراق یانەی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتال 

یەکێتیی ناوەندی بالەی عێراق، بڕیاریدا یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی خولی نایاب لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچن.

وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق، بە بەشداری 14 یانەیە بەڕێوەدەچێت، یانەکان دابەشکراون بەسەر دوو کۆمەڵەدا، یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو، یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمیش لە پایتەختی رۆشنبیری بە بەشداری یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، حەبانییە، قاسم، مەسافی باکوور، دوکان، سناعە لەگەڵ شورتە بەڕێوەدەچن. 

سەبیح حەنتوش، ئەندامی یەکێتیی ناوەندی بالەی عێراق، ئەمرۆ سێشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "وەرزی ئەمساڵ یانەکان ئاستیان لەیەکدی نزیکە و رکابەرییەکی بەهێز دەبینین، ئێمە رۆڵی برایانمان لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، هەر بۆیە یارییەکانمان هێنایە شاری سلێمانی، هەروەها یارییەکانی قۆناخی دووەمیش لە شاری هەولێر دەبن". 

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە، بەئامادەکارییەکی زۆر و کۆکردنەوەی ژمارەیەکی باشی یاریزانە ئاستبەرزەکانی عێراق، میوانداری یانەکان دەکات.

وەلید عارەب، یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەبارەی ئامادەکارییەکانی یانەکەیان، روونیکردەوە " تیپەکەمان بەهێز و توانایەکی زۆرەوە ئەمساڵ بەشداری دەکات، ئامانجمان پارێزگاریکردنە لە نازناوی وەرزی رابردوو".

لە خولی نایابی بالەی عێراقدا، هەریەک لە یانەکانی هەولێر، دوکان لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی وەک 3 یانەی هەرێمی کوردستان بەشدارن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە