رووداو هەولێر
ئەمڕۆ یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی قۆناخی دووەمی خولی نایابی بالەی عێراق لەنێو هۆڵی داخراوی ئەکاد عەنکاوەی شاری هەولێر دەستپێدەکەن. یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و هەولێریش شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە دەکەن.
ئەمساڵ پێنج یانە گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی کە بریتین لە پێشمەرگەی سلێمانی، هەولێر، غازی باشوور، بەحری لەگەڵ مەسافی شیمال، یارییەکانی قۆناخی بەشێوازی 3 گردبوونەوە تەواو دەبن و هەر یانەیەک زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە نازناوی وەرزی ئەمساڵ دەباتەوە.
یارییەکانی گردبوونەوەی یەکەم لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولەکەی وەرگرت، ئەمساڵ ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، تیپەکە بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە و یانەی هەولێریش بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی دووەمە.
کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ بە پێکهاتەیەک کە یاریزانەکانمان کوردن رکابەری بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکەین، یاریکردن لەنێو خاک و هاندەرانمان دەرفەتە بۆ بردنەوەی یارییەکان و کۆکردنەوەی زۆرترین خاڵ ".
ئەمڕۆ لە دەستپێکی یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی بالەی کوردستان یارییەکان بەمشێوەیە دەبن:
مەسافی شیمال - غازی جنووب 20:30
هەولێر - بەحری 22:30
وەرزی رابردوو یانەی غازی جنووب، کە یانەیەکی شاری بەسرەیە، نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بردەوە، یانەکە بەبردنەوەی 6 نازناو خاوەن زۆرترین نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ