بایرن میونشن داوای لێبوردن لە ناسڕ خلێفی دەکات

28-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بایرن میونشن ناسڕ خلێفی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەفەرمی داوای لێبوردنی لە ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کرد، پاشئەوەی هاندەرانی یانە باڤارییەکە هێرشیانکردە سەر ئەو سەرۆک یانەیە.
 
بایرن میونشن شەوی سێشەممەی رابردوو، لە گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ، میوانداریی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کرد و میونشن بەگۆڵێکی بێوەڵام یارییەکەی بردەوە.
 
لە یارییەکەدا، هاندەرانی بایرن میونشن دروشمێکی گەورەیان لە یاریگەدا بەرزکردەوە کە تێیدا هێرشیانکردبووە سەر خلێفی بەهۆی ئەوەی چەندین پۆستی جیاوازی لە تۆپی پێی ئەوروپیدا هەیە و تۆمەتباریان کردبوو بە بەرژەوەندیی پەرستی.
 
یانەی بایرن میونشن لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "داوای لێبوردن دەکەین لەوەی کە روویدا، ئێمە قبووڵی ناکەین رکابەرەکانمان هێرش بکرێتە سەر کەسایەتییان و سووکایەتییان پێبکرێت".
 
پێشەنگی بۆندێسلیگا هەروەها دەڵێ، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لە بانەرەکەی هاندەرەکان ئاگادارنەبووین و ئەوەی تێیدا نووسراوە، گوزارشت لە هەڵوێستی ئێمە ناکات، هەروەها دژی ئەو پەیوەندییە باشەیە کە لە نێوان هەردوو یانەدا هەیە.
 
بایرن هەروەها دەڵێ، "زمانی بانەرەکان لەگەڵ سیاسەتی یانەکەماندا دژبەیەکە، هەروەها دژی پەیوەندی باشمانە لەگەڵ یانەکانی دیکە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە