رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ داوای یاریگەیەکی گەورەتر لە یاریگەکەی دەکات و داوایلێبوردن لە هاندەرانی دەکات.
یانەی زاخۆ لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا سوپاسی هاندەرانی دەکات و داوایلێبوردنیشیان لێدەکات، بەتایبەت ئەو هاندەرانەی لە یاریی بەرامبەر یانەی شورتە لە دەرەوەی یاریگە مانەوە و نەیانتوانی بچنە نێو یاریگە.
زاخۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەرامبەر یانەی شورتە یارییکرد، زیاتر لە 35 هەزار هاندەر لە یاریگە ئامادەبوون و سەتان هاندەر بەبێ ئەوەی بچنە نێو یاریگە لە دەرەوە مانەوە و نەیانتوانی لە یاریگەدا یارییەکە ببینن.
یانەی زاخۆ لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر یانەی شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە تەواو بوو و لە هەموو روویەکیشەوە ئامادەکاریی زۆرباشکرابوو، سوپاس و پێزانینی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی، تەندروستی و هەموو دامەزراوە حکومییەکان و راگەیاندن."
یانەکە زیاتر دەڵێت "سوپاسی هاندەرە گەورەکانی یانەی زاخۆ و کوردستان دەکەین کە هاوکاربوون بۆ پێشڤەچوونی زیاتری یارییەکە و بەدەستهێنانی سەرکەوتن."
زاخۆ لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "نزیکەی 36 هەزار هاندەر لە یاریگەدا ئامادەبوون، ئەمە رێژەیەکی گەورەیە کە دەکرێت عێراق و کوردستان هەمووی شانازی پێیەوە بکات، سەرەڕای ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆری هاندەران، سەتان هاندەریش لەبەردەم یاریگە مانەوە و نەیانتوانی یارییەکە ببینن و گەڕانەوە ماڵەکانیان، بۆیە داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین و دووپاتدەکەینەوە کە هاندەرەکانمان شایستەی یاریگەیەکی زۆر گەورەترن."
یانەی زاخۆ یەکەم یانەیە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا لە یانەی شورتە دەباتەوە و بەبردنەوەی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر جارێکی دیکە یانەکە گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ