وەرزی ئەمساڵی ئەستێرەکەی بایرن میونشن کۆتایی هات

05-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جەمال موسیالا یانەی بایرن میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گورزێکی کوشندە بەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کەوت، پاشئەوەی ئەستێرەیەکی دیاری ئەو یانەیە، دووچاری پێکانبوو و بەپێی سەرچاوەکان چیدی ناتوانێت یاریی بکات.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، جەمال موسیالا، ئەستێرەی لاوی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لە قۆناخی هەستیاری وەرزەکەدا لەگەڵ یانەکەی نابێت، پاشئەوەی لە دوایین یاریی یانەکەدا، دووچاری پێکان بوو.
 
بایرن میونشن لە دوایین یاریی خۆیدا بە 3 - 1 لە ئۆگسبۆرگی بردەوە، لە یارییەکەدا موسیالا دووچاری پێکانبوو.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، ئەو یاریزانە لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، هەستی بەئازار کردووە لە ماسوولکەکانی رانیدا، بەبێئەوەی بەرکەوتنی لەگەڵ هیچ یاریزانێک هەبێت.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، موسیالا بەهۆی پێکانەکەیەوە ماوەی هەشت هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و بەوەش وەرزی ئەمساڵی ئەو یاریزانە کۆتایی هات.
 
بایرن میونشن خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ئامادە دەکات.
 
بایرن نزیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی بۆندێسلیگا و بەجیاوازیی نۆ خاڵ لە پێش نزیکترین رکابەریەتی کە بایرلیڤەرکوزنی هەڵگری نازناوە.
 
موسیالا دەچێتە نێو لیستی درێژی یاریزانە پێکراوەکانی بایرن میونشن کە بریتین لە هەریەکە لە ئەلفۆنسۆ دەیڤز، دایۆ ئۆپامیکانۆ، مانوێل نۆیەر، ئەلیکساندەر پاڤلۆڤیچ و هیرۆکی ئیتۆ.
 
موسیالا هیواخوازە پڕۆسەی چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت، تاوەکو ئەگەر بایرن میونشن گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە بڕیارە لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەبچێت، توانای بەشداریکردنی هەبێت.
 
جەمال موسیالا لە وەرزی ئەمساڵدا لە کۆی بەشداریکردن لە 40 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، 18 گۆڵی تۆمارکردووە و هەشت گۆڵیشی دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە