موژدەیەکی گەورە بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک

05-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی دهۆک چیای تەیموور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چیای تەیموور، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، مژدەیەکی خۆش دەداتە هاندەرانی یانەی دهۆک و دەڵێت "دوو هەزار ڤیزای کوێت بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک دابین کراوە". ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەوڵدەدەین فڕۆکەش بۆ ئەو هاندەرانە دابین بکەین و لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە راستەوخۆ گەشتی کوێت بکەن".
 
رۆژی سێشەممە 8ـی4ـی2025 یانەی دهۆک لە یاریی چوونی فیناڵی جامی یانەکانی کەنداودا دەبێتە میوانی یانەی قادسیەی کوێتی و لەو یارییەدا یانەکەی کوردستان پێویستی بە پشتگیریی هاندەرانە بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باش بگەڕێنەوە و لە یاریی گەڕانەوەدا کە دهۆک میوانداری دەکات نازناوەکە یەکلایی بکەنەوە.
 
لە دەستپێشخەرییەکی جوان و دڵسۆزانەدا، چیای تەیموور، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، ریاگەیاند کە دوای ماندووبوون و کارکردنێکی زۆر توانیویەتی رەزامەندی وەربگرێت بۆ ئەوەی وڵاتی کوێت 2000 ڤیزا بداتە هاندەرانی یانەی دهۆک بۆ ئەوەی بچن لەوێ پشتگیری و هانی یانەکەیان بدەن.
 
چیای تەیموور لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو، گوتی "دوای هەوڵێکی زۆر، لە رێگەی بەرێز د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە توانیمان ئەو ژمارەی ڤیزایە دابین بکەین، دوای ئەوە بەڕێز د.فوئاد حوسێنی، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە وەزیری ناوخۆ کرد بۆ ئەوەی نووسراوێک بۆ وەزیری ناوخۆی کوێت بکات و داوای ئەو ڤیزانە بکات".
 
چیای گوتی "د. مەنهەل سەفای باڵیۆزی کوێت بەتەلەفۆن ئاگاداری کردمەوە کە وەزیری ناوخۆی کوێت رەزامەندی لەسەر داواکارییەکە کردووە و رازی بووە 2000 ڤیزا بەبێ بەرامبەر بداتە هاندەرانی یانەی دهۆک".
 
هەروەها گوتی "هاندەرانی دهۆک تەنانەت دەتوانن بە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و پاسپۆرتی ئاساییش گەشت بکەن".
 
ئەو پەرلەماتارە کوردە، زیاتر گوتی "بەڵێنم لە بەنگین رێکانی، سەرۆکی کاتیی هێڵی ئاسمانی عێراق وەرگرتووە کە رۆژانی دووشەمەم و سێشەممە دوو سێ گەشتی فڕۆکەوانی تەرخان بکات بۆ ئەوەی هاندەرانی دهۆک راستەوخۆ لە هەولێرەوە بەرەو کوێت بفڕن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە