رووداو دیجیتاڵ
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک لە کوێت، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی دەکات و دەڵێت "رۆژی 8ـی مانگ یارییەکە کۆتایی نایەت، سوپاسی دهۆک دەکەم و منیان کردووەتە مەسعودێکی دیکە."
یانەی دهۆک بۆ یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو لە کوێتە و خۆی بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانەی قادسیە ئامادە دەکات کە رۆژی سێشەممە یاریی یەکەمی نێوان هەردوو یانە بەڕێوەدەچێت.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو بۆ رووماڵکردنی ئەم یارییە گرنگ و مێژووییەی یانەی دهۆک لە کوێتە و لە بوولتەنی وەرزشیی کاژێر 13:30ـی رووداو گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک کرد.
راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "ئەمە دوو رۆژە گەیشتووینەتە ئێرە، یاریزانەکان ورەیان بەرزە و کاردەکەین بۆ ئەوەی بەوردی لەسەر کەموکوڕتییەکان کاربکەین و کەشوهەوای ئێرە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر یاریزانەکان نەکردووە و دەمانەوێت شتەکان بەباشی چارەسەر بکەین."
مەسعود میرال زیاتر گوتی "تەمەنم 3 ساڵ بوو کاتێک وڵاتەکەمم بەجێهێشت و چوومە سوێد، کە دەبیتە راهێنەر نازانیت ماڵت لە کوێ دەبێت، کە هاتمە دهۆک زۆر کەس پێیانگوتم لە عێراق و کوردستان چی دەکەیت و چۆن دەبێت، بەڵام هاتم و میواندۆستی و پاڵپشتیی هەمووان، منیان کردە مەسعودێکی دیکە، بۆیە تاوەکو هەبم قەرزداری ئەوانم، دەزانم ئەم میللەتە ئازاری زۆری چەشتووە و زوڵمیان لێکراوە، بەڵام سەربڵندن و پشتیوان بەخوا جامی کەنداو دەبەینەوە."
لەبارەی یانەی قادسیەی و خوێندنەوەیان بۆ یارییەکە، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "من بەهای یارییەکە دەزانم، ئەمە یاریی کۆتایییە و هەرگیز ئێمە نەچووینەتە یاریی کۆتایی، بەڵام دوو یارییە، یەکێکیان لێرەیە و ئەوەی دیکەیان لە دهۆکە، یاریی رۆژی 8ـی مانگ تەواو نابێت، ئێمە فێری ئەوە بووین و ئەوانیش فێری ئەوە بوون، کاتێک دەچینەوە دهۆک زۆر پاڵپشتیمان دەکەن، نەک تەنیا دهۆک، بەڵکو دونیا ئێمە دەناسێت، لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، زاخۆ، ئاکرێ، بەغدا، بەسرە و لە شوێنەکانی دیکەش ئێمە دەناسن و پاڵپشتیمان دەکەن."
مەسعود میرال لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی دەکات و دەڵێت "ناتوانم هیچیان پێبڵێم، حەڵالیان بێت، میللەت بۆ یانەی دهۆک دەگری، ئەوانەی لە تۆپی پێ تێدەگەن دەزانن چۆن میللەت دەتوانێت بگاتە یەکدی، دەزانم کوردستان و عێراق دەیانەوێت ئەم یارییە ببینن، بەڵام ئێمە تەنیا 30 کورسیمان هەیە، بۆیە بلیتەکانتان بکڕن، دوای ئەوە حکومەتی کوردستان و دهۆک هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی هەمووان ئەم یارییە ببینن."
میرال قسەی لەبارەی نهێنی سەرکەوتنی تیپەکەی دەکات و دەڵێت "کاتێک وەرزش دەکەیت، نابێت بترسی، هەڵە روودەدات، بەڵام دەبێت سوود لە هەڵەکان وەربگریت و یارییەکەت بکەیت، پێویستە تواناکانمان پێشانی هاندەران بدەین و کە هەڵەش دەکرێت، با لە ئەستۆی من بێت، هاندەرانی دهۆک، کوردستان و عێراق، حەڵالیان بێت، ئاسایی نییە هەموو یارییەک یاریگە پڕبکەیت، ماڵەوەت بەجێبهێڵیت، کارەکەت بەجێبهێڵێت، واز لە هەموو شتێک بهێنێت، وەکو ئەوەی دونیا بوەستێت و کاژێر و نیوێک بێیت سەیری یاری بکەیت، بەڕاستی ئەمە شتێکی ئاسایی نییە."
رۆژی سێشەممە یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و قادسیەی کوێتی بەڕێوەدەچێت، پاشان رۆژی 15ـی ئەم مانگە یاریی گەڕانەوە لە دهۆک دەکرێت.
یانەی دهۆک یەکەم یانەیە لە مێژوویی تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا دەگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ