رووداو هەولێر
ئەستێرەکانی یانەی هەولێر ورەیان بۆ رکابەریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرزە و یوسف بن سۆدە بۆ یەکەمجار نهێنیەکی نێوان خۆی و سەمیر بابۆی راهێنەر ئاشکرا دەکات.
یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق هاوشانی سێ یانەکەی کوردستان بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراق، ململانێ لە خولەکە دەکات، لە دوو یاریی رابردوودا توانی لە کەرخ و کەربەلا بباتەوە. سەفین مەنسوور کە بە سەفین پاتۆ ناسراوە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، لەو دوو یارییەدا ناوی لە پێکهاتەی سەرەکی بوو، پاتۆ وەرزی ئەمساڵ دوو ئاسیست و چوار گۆڵی کردووە.
سەفین مەنسوور، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "سوپاسی ئەو متمانەیە دەکەم کە راهێنەر پێیداوم و دەمەوێت هەموو شتێک لەپێناو سەرکەوتنی یانەی هەولێر بکەم، کاتێک گوێم لە ناوی خۆم دەبێت و هاندەران بانگم دەکەن و پاڵپشتیم دەکەن هەستێکی زۆر خۆشە، زیاتر گەرم دەبم بۆ گۆڵ تۆمارکردن، من هەموو کات تەنیا بیرم بۆ بردنەوەی هەولێرە نەک دەسکەوتی تاکە کەسی".
درێس زەردەکان وەرزی ئەمساڵ هێزی هێڵی پێشەوەیان داوەتە هێرشبەرێکی باڵابەرزی تونسی، ئەو یوسف بن سۆدەیە کە گواردیۆلاکەی کوردستان متمانەیەکی زۆری پێیەتی و دوای تەواوبوونی 17 گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق 7 گۆڵی تۆمارکردووە.
یوسف بن سۆدە، ئەستێرەی تونسی یانەی هەولێر، بۆ رووداو گوتی "حەزدەکەم نازناوی گۆڵکاری وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەربگرم، بەڵام گرنگترین شت بوونی تیپێکی بەهێزە و لای من ئەنجامی تیپەکە لە ژمارەی گۆڵەکانم گرنگترە، گۆڵکاری چییە گەر ئەنجامی تیپەکە باش نەبێت و لە ریزبەندی لە خوارەوە بین".
ئەو زیاتر گوتی "بەڕاستی حەزدەکەم ببمە گۆڵکار و هەموو کات هزرم لە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکانە، بەڕاستی کاپتن سەمیر هەموو کات پاڵپشتیم دەکات و سەرەتای وەرز هەڵوێستی جوانی نواند. ئەو شارەزایە، چونکە هێرشبەر جاری وا هەیە لە بارودۆخێکدا دەژی کە ناتوانێت گۆڵ تۆماربکات، لە پێنج یاری سەرەتای وەرز هیچ گۆڵم تۆمار نەکرد، بەڵام بابۆ زۆر هانی دام و ئەوەم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، بۆیە لە دوایین یاری کە گۆڵم کرد وەک دیاری پێشکەشی ئەوم کرد و چوومە لای و ئاهەنگمان گێڕا".
هەولێر بۆ رزگاربوون لە بوونی بۆشایی و لاوازی هێڵی بەرگری دەستبەرداری یاریزانی تونسی بیلال عیفە بوو، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی گرێبەست لەگەڵ عەباس یاسین واژۆکرا، کە بووەتە هیوایەکی گەورەی تیپەکە و هاندەرانی.
عەباس یاسین، لە دوای هاتنی بۆ یانەی هەولێر بۆ یەکەمجار بۆ رووداو قسەی کرد و دەڵێت "من هەست بەباشی دەکەم لەم شارەدا و خۆشترین شاری عێراقە کە تاوەکو ئێستا بینیومن، هاتووم خالێکی بەهێز و هاوکارییەکی گەورەی تیپەکەم بم بۆ گەیشتن بەئەنجامی باش و پلەکانی سەرەوەی ریزبەندی، دڵخۆشم کە لە یانەیەکی پیشەگەرانە یاریدەکەم، ئەوەی من دەبینم تیپەکە بەهێزە و پێکەوە بەشێوەیەکی باش یاریدەکەن، هەر ئەو هۆکارە بوو بڕیارمدا لە هەولێر یاریبکەم".
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ