رووداو دیجیتاڵ
هێلیۆ مۆنتێرۆ، یاریزانی بەڕازیلی یانەی هەولێر، ئەمڕۆ گەشت دەکات بۆ بەڕازیل بۆ ئەوەی دووبارە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ خانەوادەکەی بگەڕێتەوە هەولێر. ئەو بە رووداوی گوت "دەچم و دەگەڕێمەوە".
هێلیۆ مۆنتێرۆ، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "ئەمە دەبێتە دووەمجار خێزانەکەم بۆ ژیانکردن بێنمە هەولێر. جاری یەکەم لە وەرزی 2022-2023 بوو کاتێک لە یانەی زاخۆوە پەیوەندیم بە یانەی هەولێر کرد و دواتر خانەوادەکەم لە شاری هەولێر نیشتەجێبوون تا کۆتایی وەرز".
هێلیۆ مۆنتێرۆ زیتر گوتی "گرنگترین شت لای من خودایە، دواتر خێزانەکەم، بۆیە من بۆ هەرشوێنێک بڕۆم حەزدەکەم خانەوادەکەم لەگەڵم بێت، هەر بۆیە ئەمڕۆ گەشت دەکەم بۆ تێریسینا لە بەرازیل و لە رۆژی پێنجشەممە دووبارە دەگەڕێینەوە شاری هەولێر و دەست دەکەمەوە بە مەشقەکانم".
دەستەی راهێنەرانی یانەی هەولێر رەزامەندییان داوە بە هێلیۆ مۆنتێرۆ بۆ ئەوەی گەشتەکەی بکات و لەگەڵ خێزانەکەی دووبارە بگەڕێنەوە هەولێر.
لەبارەی شاری هەولێرەوە، هێلیۆ بە رووداوی گوت "خێزانەکەم راهاتوون لەگەڵ شاری هەولێر و دڵخۆشن لەگەڵ کەش و هەوای شارەکە، چونکە ئەوان پێشتر لێرە هەستیان بە ئاسوودەیی و ئارامی کردووە".
هێلیۆ مۆنتێرۆ یاریزانی یانەی هەولێرە و لە وەرزی ئەمساڵ و لە 3 یاریی سەرەتادا بە ئاستێکی زۆرباش دەرکەوتووە و لە هێڵی بەرگریدا زۆر بەباشی هاوکاری هاوڕێیانی و گۆڵپارێزی یانەکەی
کردووە بۆ پارێزگاریکردن لە گۆڵی یانەکەیان.
هێلیۆ لە ساڵی 2022 پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە کرد، بەڵام لە وەرزی دواتر بۆ ماوەی نیو وەرز چووە ریزی یانەی تەڵەبە و لە نیوەی وەرزی ساڵی رابردوودا گەڕایەوە ریزی یانەکەی پایتەخت و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ