رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانی لە یاریی رابردوودا، یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان و لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بەردەوامبێت.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی پرێمەرلیگدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی برایتۆن یاری دەکات و دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە و بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا بەرامبەر یانەی نۆتینگهام فۆرێست دۆڕا.
مانچێستەر سیتی لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر برایتۆن دۆڕاوە و ئەمڕۆ دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
مانوێل ئاکانجی، جۆن ستۆنز و ناتان ئاکێ بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێپ چاوی لە بردنەوەیە.
بەر لەم یارییە مانچێستەر سیتی لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە، برایتۆن پلەی حەوتەمی گرتووە و جیاوازییان تەنیا یەک خاڵە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت یارییەکەیان سەرنجڕاکێش و بەهێزبێت.
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەی خولی ئینگلتەرادا 9 یاریی دۆڕاندووە، ئەمە یەکەمجارە تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا لە وەرزێکدا 9 یاری بدۆڕێنێت و مەترسیی لەسەرە بۆ ئەوەی نەگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی پێشتر رایگەیاندبوو، ئامانجی یەکەمیان گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بەڵام ئەگەر نەگەینە چامپیۆنزلیگیش ئەوا کۆتایی دونیا نییە.
یاریی نێوان هەردوو یانە ئەم ئێوارەیە کاژێر 18:00 لە یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ