گۆڕستانی رۆناڵدۆ بانگهێشتی پیۆلی دەکات

دوێنێ کاژێر 03:52
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ستیفانۆ پیۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خۆپەرستی یەکێکە لە خراپترین سیفەتەکان کە دەتوانێت دەست بەسەر کەسایەتی کەسێکدا بگرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەستێرە یان سەرکردەی گرووپێکی دیاریکراو بێت، چونکە دەبێتە هۆی دابەشبوون و شکستهێنان لە گەیشتن بەئامانجە خوازراوەکان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستییەکی چڕ و پڕی خود.
 
سەرەڕای ناشیرینی، ئەم سیفەتە یەکێکە لە سیفەتە هەرە بەرچاوەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی بەدرێژایی کاروانی پیشەگەرانەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە وایکردووە ببێتە یەکێک لە گرنگترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە مێژوودا.
 
رۆناڵدۆ هەمیشە دەیەوێت ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەی بێت بە تۆمارکردنی چەندین گۆڵ لە یەک یارییدا، ئەمە جگە لەوەی ئارەزووی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و گەیشتن بە ستەیجی نازناوەکانی هەیە.
 
بۆیە هەرچەندە لەوانەیە هەندێک لەگەڵ خۆپەرستی "دۆن"دا ناکۆک بن، بەڵام بەپلەی یەکەم سوودی بۆ تیپەکە دەبێت، بەو پێیەی یەکێکە لەو ئەستێرانەی کە یاری بۆ بەرژەوەندییەکانی تیپەکە دەکات، ئەمەش بەهۆی هەوڵە زۆرەکەیەوە.
 
هەڵوێستێکی بوێرانە
 
لەکاتێکدا باس لە خۆپەرستی و خواستی رۆناڵدۆ بۆ ئەوەی هەمیشە پاڵەوانی دیمەناکان بێت دەکەین، ئەو توانی سەرنجەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت لەکاتی بردنەوەی نەسڕ بە ئەنجامی 3-2 لە ئەهلی لە گەڕی 20ـی خولی رۆشنی سعودی.
 
لە سەرەتای گێمی دووەمدا، نەسڕ گورزێکی گەورەی بەرکەوت، کاتێک محەمەد سیماکانی بەرگریکاری فەرەنسی بە کارتی سوور دەرکرا، بەهۆی ئەوەی بە تووندی لە ئیڤان تۆنی هێرشبەری ئینگلیزی یانەی ئەهلی دا.
 
لەبەرئەوەی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری ئیتاڵی ئارەزووی بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست و دواوەی خۆی دەکات، پشت بە تاکە هێرشبەرێک دەبەستێت، رۆناڵدۆ بڕیاریدا رۆڵەکە بۆ هاوڕێ کۆڵۆمبییەکەی، جۆن دوران جێبهێڵێت، ئەمە هەڵوێستێکی نائاساییە بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، کە حەزی لە یاریکردنە تاوەکوو کۆتایی هەموو یارییەک.
 
هەروەها رۆناڵدۆ وەک راهێنەرێک لە کورسی یەدەگەوە دەرکەوت بۆ ئەوەی پاڵپشتی تیپەکەی بکات و رێنمایی هاوڕێکانی بکات، کە لە کۆتاییدا بەهۆی گۆڵەکەی دوران لە خولەکی 87 یانەکەیان سەرکەوتنی مسۆگەرکرد.
 

رۆناڵدۆ دەیەوێت بەردەوام یاری بکات

پیۆلی ناونیشانێکی هەڵەی هەڵبژاردووە
 
پێدەچێت راهێنەرە ئیتاڵییەکە ناونیشانەکەی بەهەڵە خوێندبێتەوە و گۆڕانکاریکردن بە رۆناڵدۆی وەک رووداوێکی سروشتی مامەڵەی لەگەڵدا کردبێت، ئەمەش مشتومڕێکی گەورەی لێکەوتەوە کە بۆ هەمووان دیاربوو.
 
لە گەڕی 24ـی خولی رۆشندا، یانەی نەسڕ لە کاتی یەکسانبوونەکەیدا لەگەڵ یانەی شەباب بەئەنجامی 2-2 رووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوە بووەوە، چونکە لە گێمی دووەمدا محەممەد ئەلفەتیلی بەرگریکاری بە کارتی سوور دەرکرا، ئەمەش وایکرد پیۆلی جارێکی دیکە دۆن دابنیشێنێت و دوران بهێڵێتەوە.
 
بڕیارەکەی پیۆلی دڵی رۆناڵدۆی خۆش نەکرد، کە وادیاربوو ناڕازی بوو، بەڵام لە کورسی یەدەگدا مایەوە و تاوەکو کۆتایی یارییەکە پاڵپشتی تیپەکەی کرد.
 
راهێنەری پێشووی میلان لە گەڕی دواتردا هەمان شتی دووبارە کردەوە، کە نەسڕ بەرامبەر خلوود سەرکەوتنی بەدەستهێنا، سەرەڕای پێشکەوتنی تیپەکەی، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، نەواف بوشال دوای چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی گێمی دووەم کارتی سووری وەرگرت.
 
دەرکردنی بوشال وایکرد پیۆلی بۆ جاری سێیەم رۆناڵدۆ بگۆڕێت، ئەمەش وەڵامدانەوە و تووڕەیی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی لێکەوتەوە، کە ئەمجارە رەتیکردەوە لەسەر کورسی یەدەگ چاوەڕێ بکات و راستەوخۆ بەرەو ژووری جلگۆڕین رۆیشت و وەک ناڕەزایەتییەک دەستەکانی بە چەپ و راست دەجوڵاند.
 
گۆڕستانی رۆناڵدۆ
 
راستە هیچ یاریزانێک لە تیپەکە گەورەتر نییە، هەروەها ناتوانێت بڕیاردەری کۆتایی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ناوە گەورەکانی جیهانی تۆپی پێ، وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و ئەوانی دیکە دەتوانن کۆنتڕۆڵی رەوتی هەندێک لە رووداوەکان بکەن.
 
زەحمەتە هەر راهێنەرێک بڕیاری گۆڕینیان بدات بەبێ ئەوەی راوێژیان پێ بکات، بە لەبەرچاوگرتنی بەهای تەکنیکییان لە یاریگادا، ئەمە جگە لەوەی ئارەزووی بەردەوامیان هەیە بۆ بەردەوامبوون تاوەکو فیکەی کۆتایی.
 
بۆیە رووبەڕووبوونەوەی دووبارەی پیۆلی لەگەڵ رۆناڵدۆ دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورە لەنێوان ئەو دوو لایەنە لە ماوەی داهاتوودا، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کەوتنە خوارەوەی راهێنەرە ئیتاڵییەکە بۆ نێو گۆڕستانی مێژوویی دۆن.
 
گۆڕستانی مێژوویی رۆناڵدۆ بووەتە هۆکاری لەنێوبردنی چەند یاریزان و راهێنەر لە ماوەی کاروانیی وەرزشیاندا، کاتێک ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە بنبەست، دیارترینیان رافایل بینیتێزی راهێنەری ئیسپانی بوو لە ماوەی سەرپەرشتیکردنی ریال مەدرید.
 
هەواڵەکان لەو کاتەدا باسیان لەوە دەکرد کە رۆناڵدۆ و بەشێک لە ئەستێرەکان بەرپرسیارن لە دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە بەهۆی نەتوانینی خۆگونجاندن لەگەڵ ستایلەکەدا، ئەمە دۆخێکی هاوشێوە بوو لەگەڵ ماوریسیۆ ساری، راهێنەری ئیتاڵی لەکاتی سەرپەرشتیکردنی دۆن لە یوڤێنتوس.
 
هەروەها کریس بووەتە هۆی رۆیشتنی چەند ئەستێرەیەک، دیارترینیان رود ڤان نیستڵرۆی هۆڵەندی بوو لە یانەی مانچێستەر یونایتد، وەک ئەوەی وەین رۆنی ئەفسانەی یانەکە بە روونی دانی پێدا ناوە.
 
لەم جۆرە بارودۆخانەدا کارگێڕیی یانەکان بەهای رۆناڵدۆ لە هەموو روانگەیەکی تەکنیکی و ئابورییەوە لەبەرچاو دەگرن، کە ئەمەش سوودی بۆ تیپەکە دەبێت، بۆیە یەکەم بڕیاری رزگاربوونە لە لایەنی بەرامبەر، ئەمەش ئەگەری هەیە دووبارە رووبداتەوە لەگەڵ پیۆلی ئەگەر پەیوەندییەکە بگاتە بنبەست.
 

رۆناڵدۆ و پیۆلی

رێڕەوی هاوبەشی جیهانی
 
ماوەی داهاتوو زۆر بابەتی ناو یانەی نەسڕ یەکلایی دەکرێنەوە، دیارترینیان نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆناڵدۆیە، لانیکەم بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە، کە تاوەکو ئێستا یانەکە ئاشکرای نەکردووە.
 
رۆناڵدۆ مەرجێکی بۆ یانەکەی دانابوو کە هەندێک گرێبەستی نوێ بکات و بەڕێوەبەرێکی هونەری دەستنیشان بکات کە توانای بەڕێوەبردنی قۆناخی ئێستای هەبێت، بەڵام یانە سعودییەکە لە دوایین گواستنەوەی زستانەدا نەیتوانی گرێبەستە پێویستەکان ئەنجام بدات و لەبری ئەوە بڕیاریدا دوران زیاد بکات بۆ هێڵی هێرشبردن.
 
ئەگەر یانەی نەسڕ نەتوانێت خولی رۆشن بباتەوە و چامپیۆنزلیگی ئاسیاش لەدەست بدات، ئەوا ئەگەر هەیە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا رووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە ببێتەوە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ پیۆلی و شکستهێنانی یانەکە لە جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەتاییەکانی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا.
 
بەمەش یانەی نەسڕ یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی پڕۆژەی پەرەپێدانی خولی سعودیە لەدەست دەدات لە روانگەی تەکنیکی و ئابووری و هاندەرانەوە، ئەم قەیرانە تەنیا کاریگەری لەسەر نەسڕ نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر کەرتی وەرزشی بەگشتی دەبێت.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی نەسڕ دەتوانێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بڕیاربدات پیۆلی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە ئەگەر نەیتوانی هیچ جامێک بەدەستبهێنێت، ئەمەش کۆتایی بە هاوبەشییە جیهانییەکەی لەگەڵ مووشەکی مادێرا دەهێنێت.
 
لەهەر حاڵەتێکدا، ئاراستەی وەرزی نەسڕ دیاری دەکات کە ئایا هاوبەشییەکە بەردەوام دەبێت و رۆناڵدۆ و پیۆلی پێکەوە دەمێننەوە، یان لە کۆتاییدا دەبێت یەکێکیان بڕوات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە