رووداو هەولێر
لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی یانەی شەترەنجی خانزاد بە هەواهەنگی یانەی ئەسپسواری هەولێر، پێنجەمین وەشانی پاڵەوانێتیی شەترەنجی نێودەوڵەتی بارزانی بەبەشداریی 224 یاریزانی 15 وڵات دەستیپێکرد.
لەو پاڵەوانێتییەدا هەمووان لەنێو بیرکردنەوەیەکی قوڵدان بۆ مەبەستی بردنەوە لە شەڕی داشەکان و یەکلایکردنەوە لەبەرژەوەندی خۆیاندا لە پێنجەمین پاڵەوانێتیی شەترەنجی نێودەوڵەتی بارزانی، کە یارییەکانی بەشێوازی نۆ گەڕی سویسری دوو رۆژ دەخایەنێت، دەزگای خێرخوازی بارزانی سپۆنسەری پاڵەوانێتییەکەیە.
دڵزار حەمە ساڵح، سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە وەک یەک تیم لەگەڵ برایانمان لە یەکێتیی شەترەنجی عێراق و لقی هەولێر لەگەڵ یانەی ئەسپسواری و دەزگاری خێرخوازی بارزانی توانیمان ریکۆردی نوێ لەڕووی زۆری رێژەی یاریزان لە مێژووی عێراق تۆماربکەین، بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکی وا ئاسان نییە، بەڵام بەتوانای ستافی کارگێڕیی و ناوبژیوانی وایکردووە کە کارەکان لەسەر رێنمایی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامبدرێن".
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەر و کونسوڵی وڵاتانی ئامادەبوون.
مانوێل ئاڤێستیان، یاریزانێکی بەئەزموونی ئەرمینیایە و یەکێکە لە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتییەکە، ئەو بۆ رووداو گوتی "پاڵەوانێتییەکی زۆر جوانە و دەبینم ململانێیەکی بەهێز هەیە و دەمەوێت ئەنجامێکی باش ببەمەوە، لە راستیدا من لە بیست ساڵی رابردوودا لە ئێران کارمکردووە و بەشداری زۆر پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی کردووە، ئەم پاڵەوانێتییە یەکێکە لە پاڵەوانێتییە هەرە باشەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب".
یارییەکان لەلایەن یەکێتیی شەترەنجی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە و دوو چاودێری جیهانی سەرپەرشتی دەکەن.
کاوە ئەمینی، شارەزایەکی شەترەنجە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، وەک چاودێری یەکێتیی شەترەنجی نێودەوڵەتی چاودێری یارییەکان دەکات، روونیکردەوە "بەشداریی فراوانی ئەو هەموو یاریزانە لە پازدە وڵات یارییەکانی هاوشێوەی کێبرکێیە جیهانییەکان لێکردووە، جێگای دەستخۆشین".
ئامادەبوونی 44 خانمە شەترەنجزان دیمەنێکی بالکێشی رکابەرییەکەیە، رێکخەرانی پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی خەڵاتی داراییان بۆ یاریزانە یەکەمەکان ئامادەکردووە، کۆی خەڵاتەکان دەگاتە 13 ملیۆن و پێنجسەد هەزار دیناری عێراقی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ