گواردیۆلای کوردستان بۆ رووداو: وەستانی خولی عێراق لە بەرژەوەندی ئێمەدایە

13-10-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر سەمیر بابۆ
A+ A-
رووداو هەولێر 

یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 وەستاون، راهێنەری یانەی هەولێر پێیوایە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ زیاتر رێکخستنەوەی تیپەکەی. 
 
هەڵبژاردەی عێراق سەرقاڵی ئەنجامدانی یارییەکانیەتی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، بەو هۆیەوە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەستاون، یانەی هەولێر بەسەرپەرشتی سەمیر بابۆ، راهێنەری کورد ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بەکۆکردنەوەی 7 خاڵ پلەی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە. 
 
ئێستا رۆژانە سەمیر بابۆ و هاوکارانی لەنێو هۆڵەکانی لەشجوانی و یاریگەی فرانسۆ هەریری سەرقاڵی ئامادەکاریین لەگەڵ یاریزانانیان، گواردیۆلاکەی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "وەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەلێکی باشبوو بۆ ئێمە، راستە ئەنجامەکانمان زۆر باشن و هاندەرانمان لێمان رازین، بەڵام هەندێک بۆشایی تەکتیکی و کارمان مابوو نەمانکردبوون، بۆیە لەم چەند رۆژەدا دەتوانین کەموکوڕییەکان پڕبکەینەوە و ریزەکانمان بەهێزتر بکەین". 
 

یانەی هەولێر دوو یاری دۆستانەش ئەنجامدەدات، وەرزی ئەمساڵ تیپەکە یاریزانی نوێی پیشەگەری هێناوەتە ریزەکانی.
 
بابۆ گوتیشی "تیپەکەم ژمارەیەک یاریزانی ناوخۆی نوێ و پیشەگەری تێدایە، دەتوانین زیاتر کار لەسەر گونجاندنی پێکهاتەکەم بکەم، ئێمە ئەوە دەزانین یاری قورس و رۆژانی سەختی زۆرمان لە خول ماوە، بۆیە دەبێت کاری زیاتر بکەین". 
 
یانەی هەولێر لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یاری لەگەڵ یانەی قاسم دەکات.
 
نیاز محەممەد، یاریزانی یانەی هەولێر، بۆ رووداوی روونکردەوە "بەدڵنیاییەوە ئامانجی یەکەمی ئێمە ئەوەیە ئەمساڵ باشترین ئاست پێشکەش بکەین، پێموایە وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە بەرژوەندی ئێمە بوو". 
 
لە ریزی یانەی هەولێر هەریەک لە شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەکە و ئوسامە رەشید، تووشی پێکان بوون، پشکنینە پزیشکییەکان دەڵێن هەردوو ئەستێرە زیاتر لە دوو هەفتە دەبێت پشوو بدەن.
 
یانەی هەولێر لە مێژووی خۆیدا 4 جار نازناوی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێناوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە