ریال مەدرید ئەرکی زەحمەتە و ئەنچێلۆتی تووڕەیە

دوێنێ کاژێر 02:13
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئیسپانیا دەستپێدەکەن، یانەی ریال مەدرید لەبەردەم ئەرکێکی زەحمەتدایە و کارلۆ ئەنچێلۆتی ناڕازییە.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولەکەدا، یانەی ریال مەدریدی خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ڤیاریالی پێنجەم یاریی دەکات و ئەمە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە دەبێت، بەر لە وەستانی یارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەکان.
 
ریال مەدرید لە یارییەکەدا ئەرکی زەحمەتە، بەتایبەت کە ڤیاریال لە یاریگەی خۆیدا یاری دەکات و چاوی لە رکابەریکردنە بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
 
لە دوایین مەشقەکانی یانەی ریال مەدریددا بۆ ئەم یارییە، بەهۆی ماندووبوونەوە ڤینیسیۆس جونیۆر راهێنانی نەکردووە، بەڵام بۆ یارییکردن ئامادەیە.
 
یانەی ریال مەدرید لە دوای بردنەوەیان لە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا، تەنیا 50 خولەک راهێنانی کردووە، کارلۆ ئەنچێلۆتی ناڕازی و تووڕەیە لە خشتەی یارییەکان و دەڵێت " پێشینەیان داوەتە مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی و پارە."
 
ئەم ناڕەزایەتییەی ئەنچێلۆتی لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە تیپەکەی زیاتر لە 120 خولەک یارییکردووە و ئەمڕۆش جارێکی دیکە یاری دەکاتەوە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە خشتەی یارییەکانی یانەکەی ناڕازییە و دەڵێت "پێشینەیان داوەتە پارە و سەلامەتیی یاریزانان لەبەرچاو نەگیراوە."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و ئورلیێن چوامینی هەستیان بە ماندووبوون کردووە، بۆیە رۆژی هەینی ڤینی بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا نەکردووە و دیارنییە ئەو و ئێمباپێ ئەمڕۆ لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا دەبن یان نا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە