رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بڕیاریداوە گرێبەستی لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەکە نوێبکاتەوە.
سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، گرێبەستی دی لافوێنێ لە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، تاوەکو مۆندیالی 2030 نوێدەکرێتەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، دی لافوێنتێ تاوەکو ئێستا هەمان ئەو مووچە و گرێبەستەی لە فیدراسیۆنە ئیسپانییەکە هەیە کە پێشتر هەیبوو، کاتێک راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار تەمەنی 21 ساڵ بوو.
مووچەی ئەو راهێنەرە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا تەنیا 600 هەزار یۆرۆیە لە ساڵێکدا، پۆستەکەشی لە فیدراسیۆنەکە بەفەرمی هەر "بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی"ییە نەک راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
فیدراسیۆنەکە هەستدەکات ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە، جۆرێکە لە ناهەقی بەرامبەر ئەو راهێنەرە و رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەری هەبووە.
بەپێی سەرچاوەکان، دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، مووچەی ساڵانەی دی لافوێنتێ، بۆ نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆ بەرز دەبێتەوە.
بەپێی گرێبەستە نوێیەکە، ئەو راهێنەرە، جیا لە مووچەکەی خۆی، پاداشتی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، هەروەها یۆرۆی داهاتووش وەردەگرێت.
هەروەها مووچەکەی زیاتر دەبێت، ئەگەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەو دوو نازناوە بباتەوە، یان ئەمساڵ نازناوی نەیشنسلیگ بەدەست بهێنێت.
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریدابوو گرێبەستی ئەو راهێنەرە تاوەکو 2028 نوێبکاتەوە و پاشان لەسایەی ئەنجامی هەڵبژاردەکە لەو پاڵەوانێتییە، بڕیار لە چارەنووسی دی لافوێنتێ بدات، بەڵام ئێستا بڕیارەکەی خۆی گۆڕیوە و گرێبەستەکەی تاوەکو 2030 بۆ نوێدەکاتەوە.
لویس دی لافوێنتێ، تەمەنی 63 ساڵە، پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەکانی ئیسپانیای خوار 19، 21 و 23 ساڵان بووە. هەروەها راهێنەری یانەکانی ئاتلێتیک بیلباو و ئالاڤێش بووە.
دی لافوێنتێ، هاوینی رابردوو پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ