هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوو گورزی کوشندەی بەرکەوت

06-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێدری دانی کارڤاخال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی ئیسپانیا، سەرەڕای بردنەوە لە ئەڵمانیا و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2024 دوو گورزی کوشندەی بەرکەوت.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە قۆناخی 8ـی یۆرۆدا رووبەڕووی ئەڵمانیا بووەوە و دوای یارییەکی زەحمەت و درێژخایەن، کە گەیشتە دوو گێمی زیادکراو، بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵیک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بلیتی چوارگۆشەی زێڕینی بردەوە، بەڵام دوو گورزیشی بەرکەوت، کە بۆ یارییە گرنگەکەی بەرامبەر فەرەنسا دوو لە یاریزانە سەرەکی و هەرە کاریگەرانی لەدەستدا.
 
لەو یارییەد، پێدری تووشی پێکانێکی قورس بوو، و بۆ ئەو یۆرۆ کۆتاییهات. هەروەها دانی کارڤاخالی بەرگریکاریش کارتی سووری بە روویدا بەرزکرایەوە و ناتوانێت بەرامبەر فەرەنسا لە چوارگۆشەی زێڕیندا یاری بکات.
 
لە خولەکی شەشەمی یارییەکەی نێوان ئیسپانیا و ئەڵمانیادا، پێدری لەلایەن تۆنی کرووسی ئەڵمانییەوە، لە نزیک ناوەڕاستی یاریگا، لێدانێکی تووندی ئاراستە کرا، کە بەو هۆیەوە یاریزانە ئیسپانییەکە کەوتە نێو یاریگا و بەناچاری گۆڕانکاری پێکرا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو یاریزانە لە هەفتەیەکەوە تاوەکو مانگێک دووردەکەوێتەوە، هەربۆیە ئەگەرێکی لاواز هەیە لەگەڵ ئیسپانیا یاری بکات، لە 14ـی ئەم مانگەدا، ئەگەر لارۆخا بگاتە یاریی کۆتایی.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، سەرچاوە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ماوەی ئامادەنەبوونی پێدری لە مانگێکەوە بۆ مانگ و نیوێک دەبێت.
 
بەم شێوەیە پێدری لە هیچ یارییەکی دیکەی ئیسپانیا لە یۆرۆدا یاری ناکاتەوە، هەروەها لە ماوەی ئامادەکارییەکانی بارسێلۆناشدا بەشداری ناکات. هەروەها لە سەرەتای وەرزی نوێشدا لەگەڵ یانەکەی لە چەند گەڕێکدا بەشداری ناکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، دانی کارڤاخالیش بەرامبەر فەرەنسا لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆدا یاری ناکات، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور بەرامبەر ئەڵمانیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە