تێن هاگ: بەدەست من بووایە راشفۆردم دەناردە پلە حەوتی ئینگلتەرا

26-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ مارکۆس راشفۆرد ئێریک تێن هاگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، ئاشکرایانکردووە ئێریک تێن هاگی راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، گوتوویەتی ئەگەر بەدەست من بووایە راشفۆردم دەناردە پلە حەوتی ئینگلتەرا.
 
راشفۆرد، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی لەماوەی دوو ساڵ و نیو کارکردنی راهێنەرە هۆڵەندییەکە، چەندینجار بەریەککەوتنی نادۆستانەی لەگەڵیدا هەبوو، ئەوەش بەهۆی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەردوولا.
 
تێن هاگ، مانگی دەی رابردوو بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، لە مەشقدانی یانەکە دوورخرایەوە.
 
رۆژنامەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، بەرلەدوایین پێنج یاریی یانەکە لە پرێمەرلیگی وەرزی رابردوو، کارگێڕیی یانەکە کۆبوونەوەیان لەگەڵ تێن هاگ کردووە. لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو راهێنەرە تێڕوانینی خۆی لەبارەی ئەگەری بەردەوامبوون لە یانەکە خستووەتە روو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، تێن هاگ باسی لە زۆریی پێکرانی یاریزانان و نەبوونی گۆڵکەرێکی باش لە پێکهاتەکەیدا کردووە.
 
رۆژنامەکان دەڵێن، لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسێکی مانچێستەر یونایتد سەرکۆنەی شێوازی مامەڵەی تێن هاگی لەگەڵ راشفۆرد کردووە و پێی گوتووە دەبوو تووندتر لەگەڵیدا هەڵسوکەوت بکەیت.
 
بەرپرسەکە بەراهێنەرە هۆڵەندییەکەی گوتووە، ئەگەر لەسەردەمی فێرگسۆندابووایە، راشفۆردی دەناردە تیپی ماکلیسفیڵد.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، تێن هاگ لەسەر ئەو قسەیەی بەرپرسەکەی یانەکە گوتوویەتی، دڵنیابە لەوەی ئەگەر منیش کێشەی هێرشبەرم نەبووایە، بەدەستی خۆم راشفۆردم دەناردە خولی پلە حەوتی ئینگلتەرا.
 
لە دوای دوورخستنەوەی تێن هاگ لە مەشقدانی یانەکە و هاتنی رۆبین ئامۆریمی راهێنەری پۆرتوگالی، کێشەکانی ئەو یاریزانە لە یانەکە کۆتاییان نەهات و ئامۆریم ناچاربوو ئەو یاریزانە بۆ ماوەیەک سڕ بکات و لەسەر کورسیی یەدەگ داینیشێنێت، بەرلەوەی رێگەی بۆ خۆشبکات بەشێوەی خواستن تاوەکو کۆتایی وەرز لە یانەکە بچێتە دەرەوە و روو لە ئاستۆن ڤێلا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە