رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا ئوردنییەکەی بە تەلەفۆن باسیان لە بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەک کرد، کە تێیدا دەردەکەوێت کۆمەڵە کەسێک خۆیان بە هاندەری هەڵبژاردەی فەلەستین پێشانداوە و قسەی نەشیاو بە یاریزان و هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێن. وەزیری دەرەوەی ئوردن دەڵێت، لێکۆڵینەوە هونەرییەکان دەریانخستووە کە گرتەڤیدیۆییەکان دروستکراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە، "هەوڵی چەواشەکارانەی هەندێک لایەن کرد بۆ تێکدانی پەیوەندی برایەتی نێوان عێراق و ئوردن، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دروستکراوی پەیوەست بە یارییەکەی عێراق و فەلەستین، کە لە 25ی ئاداری 2025 لە عەممان بەڕێوەچوو."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارکردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی هەردوولا، "لەگەڵ کارکردنی بەردەوام بۆ پەرەپێدانیان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و ئوردن بکات."
فوئاد حوسێن و ئەیمەن سەفەدی دووپاتیان کردەوە، "پەیوەندی تۆکمەی نێوان عێراق و ئوردن و هۆشیاریی هەردوولا، زۆر بەهێزترە لەوەی ئەو جۆرە دەنگۆ و دیمەنە هەڵبەستراوانە کاریگەری لەسەر دروست بکات، کە هەندێک لایەنی گوماناوی لە پشتییەوەن."
وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئوردن بە وەزیری دەرەوەی عێراقی راگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە هونەرییەکان دەریانخستووە کە گرتەڤیدیۆییەکان دروستکراوە، لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی لایەنەکانی پشت ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییە بەردەوامن."
25ـی ئەم مانگە، یاریی نێوان عێراق و فەلەستین، لە پاڵاوتنەکانی تایبەت بە گەیشتن بە جامی جیهانی 2026 لە ئوردن بەڕێوەدەچوو.
هەڵبژاردەی فەلەستین توانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە هەڵبژاردەی عێراق بباتەوە، لە پاش یارییەکە گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبووەوە، کە تێیدا کۆمەڵە کەسێک دەردەکەون، بەشێکیان درێسی هەڵبژاردەی فەلەستینیان لەبەردایە، قسەی نەشیاو بە هاندەران و یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ