رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێشبڕکێی تۆپی پێ لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 دەستپێدەکات و 16 هەڵبژاردە یەکەم یاریی خۆیان ئەنجام دەدەن.
ئەرجەنتین و مەغریب یەکەم یاریی ئۆڵۆمپیاد ئەنجام دەدەن و چەند ئەستێرەیەکی گرنگی ئەو دوو هەڵبژاردەیە پێشبینی دەکرێت سەرەکی بن.
هەریەک لە ئەشرەف حەکیمی، سوفیان رەحیمی و یاریزانی پێشووی بارسا، عەبدولسەمەد زەلزولی لە مەغریب و ئۆتامێندی، جولیان ئەلڤارێز و روولی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، گرنگترین ئەو یاریزانانەن کە چاویان لەسەرە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا.
لە یارییەکی دیکەدا لە هەمان کۆمەڵە، هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی ئۆکراینا دەبێتەوە و هەردوو هەڵبژاردە چاویان لە سێ خاڵی یارییەکەیە.
زۆربەی یاریزانانی پێکهاتەی ئۆکراینا لە خولی ناوخۆی ئەو وڵاتە یاری دەکەن، چونکە ئەستێرە ناسراو و دیارەکانی ئەو وڵاتە لەبەر بەشداربوونیان لە یۆرۆدا ماندوون، و بۆ ئۆڵۆمپیاد بانگهێشت نەکراون.
بەڵام هەڵبژاردەی عێراق بە لیستێکی پڕ لە ئەستێرەوە چاوی لەوەیە دوای 20 ساڵ لە ئۆڵۆمپیادی ئەسینا، دووبارە مێژوو بنووسنەوە و بگەن بە قۆناخی داهاتوو.
چاوەکان لەسەر ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی پێشووی یانەی کارەبا، عەلی جاسمن، هاندەران چاوەڕێی ئاستێکی بەرز لەو یاریزانە دەکەن، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکانی لە شاری لیۆن لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵی لە چەند رۆژی رابردوودا.
هەڵبژاردەی عێراق 3 یاریزانی سەروو تەمەنی یاسایی بانگهێشتکردووە کە ئەوانیش بریتین لە "ئیبراهیم بایش، ئەیمەن حوسێن و سەعەد ناتق".
یوسف ئەمین و بڵند ئازاد، ئەو دوو ئەستێرە کوردەن کە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقی ئۆڵۆمپیدا یاری دەکەن.
بڵند ئازاد، دەڵێت "هیوادارم گۆڵ لە ئوکراینا تۆمار بکەم، بەڵام بردنەوە گرنگترین شتە".
هەڵبژاردەی عێراق لە 5 بەشداری جیاوازدا، هەرگیز لە یەکەم یاریی ئۆڵۆمپیاددا نەدۆڕاوە، بۆیە شێرەکانی رافیدەین ئەمڕۆ چاویان لەوەیە ئەو ریکۆردە بەردەوام بێت لە بەشداری شەشەمیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ