رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو سەرۆک و سەرکردانەی جیهانە کە بەشداری لە ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەکات لە پاریس.
بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسایە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەرۆک نێچيرڤان بارزانى ئێوارهى ئهمڕۆ، هاوڕێ لهگهڵ سهركردهكانى جيهان له ئهليزێى كۆشكى سهرۆكايهتيى فهرهنسا، بهشدارى له رێوڕهسمى كردنهوهى يارييهكانى ئۆلۆمپيكدا دهكات."
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئاهەنگی دەستپێکی 33مین یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینە بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی رێکخەرانی ئەو رێوڕەسمەش، چاوەڕێ دەکرێت، لانیکەم 120 شا، سەرۆک وڵات و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان ئامادەی ئاهەنگەکە بن.
یەکەم جارە لە مێژووی ئەو پاڵەوانێتییەدا ئاهەنگی دەستپێک و کردنەوەی ئۆڵۆمپیاد، لە دەرەوەی یاریگاکان بکرێت، کە بڕیارە لە کەنار رووباری سین بەڕێوەبچێت، کە بە نێوەڕاستی پاریسدا تێدەپەڕێت.
بەشێک لەو سەرکردە دیارانەی بەشداریی ئاهەنگی دەستپێکی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکەن، بریتین لە: ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان و جیڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا.
ئاهەنگەکە بڕیارە کاژێر 08:30ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر بەڕێوەبچێت و تاوەکو نیوەی شەو بەردەوام دەبێت.
یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس تاوەکو 11ـی ئاب بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ