رووداو دیجیتاڵ
لەمیانی بەڕێوەچوونی یارییەکانی قۆناخی هەشتی جامی کوردستاندا، یانەی کفری بەئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە یانەی پێشمەرگەی هەولێری بردەوە، دڵشاد محەممەدی راهێنەری یانەکە دەڵێت "پێش یارییەکە دەمزانی دەیبەینەوە".
دڵشاد محەممەد، راهێنەری یانەی کفری بە رووداوی راگەیاند "پێش یارییەکە خوێندنەوەی تەواوم بۆ پێشمەرگەی هەولێر کردبوو، دەمزانی ئەوان بە شێوازی 4-3-3 یاریی دەکەن و لە کاتی هێرشبردندا تەنیا سێ بەرگریکار لە دواوە دەمێنێتەوە، هەربۆیە بڕیارم دا بە شێوازی 4-1-4-1 رووبەڕوویان ببینەوە توانیمان بە تەکتیکێکی بەهێز روبەڕوویان ببینەوە و سەرکەوتووش بووین".
ئەو راهێنەرە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد "پێش یارییەکە قسەم لەگەڵ هاوڕێیەکم کرد و داوام لێکرد هاوکاریمان بکات بۆ ئەو یارییە، ئەویش بڕی 500 هەزار دیناری پێداین، منیش پێش یارییەکە بە یاریزانەکانم گوت کە داوای شتی زۆر نەکەن ئەوەی لەتواناماندایە تەنیا 500 هەزارە و یاریزانەکانیش گوتیان ئێمە بۆ پارە نایەین و ئامانجمان سەرکەوتنی یانەکەیە".
سەرمەد عەزیز، یاریدەدەری راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوای یارییەکە گوتی "لە تۆپی پێدا، گەورە و بچووکی بوونی نییە، ئێمە لە گێمی دووەمدا هەلی گۆڵکردنی زۆرمان دروستکرد، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ تۆماربکەین، من پێم باشبوو لە جام ئەو هەڵانە بکەین نەوەک لە خولدا، پێویستە وانە لەو یارییەی ئەمڕۆ وەربگرین و لە یارییەکانی داهاتوو باشتر خۆمان ئامادە بکەین".
یانەی کفری گەیشتە چوارگۆشەی زێڕین لە جامی کوردستاندا و لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی یانەی زاخۆ دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ