رووداو دیجیتاڵ
یانەی چەمچەماڵ کشانەوەی لە جامی کوردستان راگەیاند. سەرچاوەیەک لەو یانەیە بە رووداوی گوت "کێشەی داراییمان هەیە، بۆیە نەمانتوانی میوانداریی ئاکرێ بکەین".
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە قۆناخی هەشتی جامی کوردستان، یانەی چەمچەماڵ میوانداریی یانەی ئاکرێ بکات، بەڵام بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بۆ یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیان ناردووە، داوای کشانەوەیان کردووە و یەکێتییەکەش داوای یانەکەی قبوڵ کردووە.
سەرچاوەیەک لە یانەی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند "لە سەرەتای وەرزەوە ئێمە بەدەست کێشەی داراییەوە دەناڵێنین، تەنانەت ئێمە لە سەرەتای ئەم وەرزەی خولی پلەیەکی کوردستاندا ئامانجمان ئەوە بوو رکابەریی لەسەر نازناوەکە بکەین، بەڵام دواتر بەهۆی کێشەی داراییەوە ناچاربووین دەستبەرداری یاریزانە عەرەبەکانمان بین، تاوەکو گەیشتینە ئەوەی بەمانەوە لە خولەکە رازی ببین".
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی "ئەگەر لەو یارییەشدا بەرامبەر ئاکرێ سەرکەوتباین لە یارییەکانی داهاتوو گەشتمان دەکرد و لانیکەم دوو ملیۆن دینارمان پێویست دەبوو، کە لە راستیدا ئەو پارەیەش زۆربوو بۆ ئێمە".
یانەی چەمچەماڵ لەم وەرزەی خولی پلەیەکی کوردستان بە پلەم حەوتەم کۆتایی بە وەرزەکە هێنا، لە کۆی 14 یارییدا 18 خاڵی کۆکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ