رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەیەوێت چوارەم بردنەوەی لەسەریەک لە نەیشنسلیگدا تۆمارکرد و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، سەرەڕای ئەوەی ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات.
هەڵبژاردەکە بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە گلاسکۆ ئەنجامدان، ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمدا بەرامبەر سکۆتلاند یاری دەکەن.
پۆرتوگال لە سێ یاریی رابردوودا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە یاریی چوونی نێوان هەردوولادا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە سکۆتلاندی بردووەتەوە و ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
پۆرتوگال لە ئاستی یەکەمی نەیشنسلیگدا تاکە هەڵبژاردەیە هەرسێ یارییەکەی رابردووی بردووەتەوە و چاوی لە چوارەم بردنەوەیە.
سکۆتلاند هەر سێ یارییەکەی رابردووی دۆڕاندووە و دەیەوێت لە یاریگەی خۆیدا هەم پۆرتوگال رابگرێت، هەمیش یەکەم بردنەوە تۆمار بکات.
رۆناڵدۆ دەیەوێت ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان سەرکردایەتی تیپەکەی بکات، بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ.
لەلایەن خۆیەوە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا پێشەنگی کۆمەڵەی چوارەمی لە دانیمارک وەرگرت، دەیەوێت پارێزگاری لە ئەنجامە باشەکانی بکات و لە پلەی یەکەم بمێنێتەوە.
لارۆخا ئەمشەو لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر سێربیا یاری دەکات، هەڵبژاردەکە لە دوایین چواردە یاریدا لەژێر سەرپەرشتی دی لافوێنتێ تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
لە یارییەکەدا لامین یامال بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماتادۆر چاوی لە بردنەوەی سێ خاڵی دیکەیە.
بەر لە یارییەکە ئیسپانیا لە پلەی یەکەمە بە حەوت خاڵ، سێربیا لە پلەی سێیەم خاوەنی چوار خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ