فەرەنسا و پۆرتوگال لەبەردەم دوا هەلی گەیشتن بەچوارگۆشەی زێڕیندا

23-03-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن نەیشنسلیگ رۆناڵدۆ یانەی ئەهلی میسری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی نەیشنسلیگ، رووبەڕووبوونەوەی بەهێزی نێوان هەڵبژاردە گەورەکانی ئەورووپا بەخۆوە دەبینێت. ئەڵمانیا لە باشترین دۆخدا میوانداریی ئیتاڵیا دەکات و فەرەنسا و پۆرتوگال بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێن.
 
لەنێو هەشت هەڵبژاردەدا کە تاوەکو ئێستا لە رکابەریی بەردەوامن، ئەمشەو چوار هەڵبژاردە دەگەنە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا دوای دۆڕانێکی سەخت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-0 بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا، چاوی لەوەیە ریمۆنتادا بکات و ئەنجامەکە بگۆڕێت، کاتێک ئەمشەو لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی کرواتیا دەبێتەوە.
 
لە شکستەکەی فەرەنسادا بەرامبەر کراوتیا، فەرەنسییەکان رەخنەی زۆریان لە ئاستی کیلیان ئێمباپێ گرت، پاش گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکە. کیلیان لە یاریی رابردوودا، وەک راهێنەرەکەی گوتی، کاری باشیکرد، بەڵام لەبەردەم گۆڵدا باشنەبوو.
 
فەرەنسییەکان ئەمشەو چاوەڕێی پەرچەکردار و وەڵامی کیلیانن. پێشبینیکراوە ستاد دو فرانس جمەی بێت لەو هاندەرانەی چاوەڕێی ئەنجامێکی باشن لە هەڵبژاردەکەیان بەپێشەوایەتیی کیلیان ئێمباپێ.
 
ئۆریلیێن چوامینی، ناوەڕاستکاری فەرەنسا، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "لە باشترین ئاستی خۆماندا نەبووین لە یاریی یەکەمدا، لەگەڵ یەک باسمان کرد و دەمانەوێت بەشێوەیەکی دیکە دەربکەوین".
 
دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا، رایگەیاندووە "من تیپێکی بەجۆشوخرۆش دەبینم، بەڵام دەبێت ئەوە وەک ئاست لە یاریگە ببینین".
 
لە یارییەکی دیکەی گرنگدا، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی ئیتاڵیا دەبێتەوە، دوای ئەوەی یاریی یەکەمی نێوانیان لە بەرژەوەندیی ئەڵمانییەکان کۆتایی هات و توانییان بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە ئیتاڵیا ببەنەوە.
 
هاندەرانی مانشافت هیواخوازن، یولیان نایگێلسمان و یاریزانەکانی، کۆتایی بەساڵانی بێ نازناویی و ونبوون لەبەردەم نازناوەکان بهێنن. ئەڵمانیا کە پێشینەی بردنەوەی یاریی یەکەمی هەیە، چاوی لەدووبارەکردنەوەی هەمان ئەنجام، یان لانیکەم دەستەبەری گەیشتن بەقۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی هەیە.
 
نایگێلسمان، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "نامەوێت هیچ زانیارییەکی ورد بدەم بۆ ئەوەی بەسوود نەبێت بۆ سپالێتی و ئەرکی ئاسانتر نەبێت".
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی دانیمارک دەبێتەوە، یاریی یەکەم بە ئەنجامی 1-0 لە بەرژەوەندی دانیمارک کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو لەسەر ئەو بردنەوەیە، ئاهەنگگێرانە مشتومڕهەڵگرەکەی راسموس هۆیلند بوو، ئەو بەشێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
 
رۆناڵدۆ کە لە یاریگەدا تەماشای ئاهەنگگێڕانەکەی ئەو هێرشبەرە دانیمارکییەی دەکرد و بەحەسرەت بوو بۆ شکستی هەڵبژاردەکەی، رەخنەی زۆری لێگیرا، بەهۆی ئاستی ناکاریگەرییەوە لە یارییەکەدا، بەڵام ئەو دووپاتیکردەوە دەکرێ هەموو شت باشتر ببێت.
 
کریستیانۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەرلە یارییەکەدا، ناچاربوو هەڵوەستە لەسەر ئاهەنگگێڕانەکی هۆیلند بکات، ئەو رەتیدەکاتەوە بەهەڵسوکەوتی ئەو یاریزانە دەماری گیرابێت، یان دڵتەنگ بووبێت و دەڵێ، "کێشە نییە هۆیلند لەسەر شێوازی من ئاهەنگ بگێڕێت، دەزانم ئەو مەبەستی بێڕێزیکردن نەبوو، تێدەگەم کە تەنیا ئەو نییە، لە زۆربەی وەرزشەکان، یاریزان هەن لەسەر شێوازی من ئاهەنگ دەگێڕن، هیوادارم ئەمشەو من ببینێت کە ئاهەنگ دەگێڕم".
 
کریس بۆ زیاتر هاندانی هاوڕێکانی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی 'ئێکس' رایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە تەنیا 11 یاریزان نین، ئێمە هێزی وڵاتێکین، ئێمە بە هەموو توانامانەوە دەجەنگین و بەرەوپێش دەچین، بەیەکەوە".
 
یارییەکی دیکەی قۆناخەکە، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هۆڵەندا کۆدەکاتەوە. ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە یاریی پێشوویاندا و لە یاریگەی فاینۆرد بە ئەنجامی 2-2 یەکسانبوون، ئەمجارە هۆڵەندییەکان لە یاریگەی مێستایا میوان دەبن و رووبەڕووی ئیسپانیا دەبنەوە.
 
لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری ئیسپانیا رایگەیاند "کێشەی بردنەوە ئەوەیە تۆ لەسەری رادێیت، ئێمە کۆمەڵێک یاریزانمان هەیە ویستی گەورەیان هەیە، ئێمە بەردەوامین، بە تێگەیشتن لەو ئاڵنگارییانەی رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبن، درک بەوە دەکەین کە رکابەرەکانمان رۆژ لە دوای رۆژ باشتر دەمانناسن و رکابەرەکانمان زۆر بەهێزن".
 
رۆناڵد کومان، راهێنەری هۆڵەندا ئەگەرچی داوادەکات یاریزانەکانی خۆیان بەدەستەوەنەدەن و دەست بەتاڵەمووی ئومێدەوە بگرن بۆ پەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی زێڕین، بەڵام دان بەو راستییەشدا دەنێت کە بەهۆی ئەنجامی یاریی چوونەوە، ئیسپانییەکان نزیکترن لەپەڕینەوە.
 
سەرجەم یارییەکانی هەڵبژاردەکانی ئاستی یەکەمی نەیشینسلیگ ئەمشەو کاژێر 22:45 بە کاتی کوردستان بەڕێوەدەچن.
 
ئەو چوار هەڵبژاردەیەی دەگەنە چوارگۆشەی زێڕینی نەیشنسلیگ، رۆژانی 4 و 5ی مانگی شەش رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەکان دەگەنە یاریی کۆتایی کە بڕیارە رۆژی هەشتی مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە