بلاتەر و پلاتینی بێتاوان دەرچوون

دوێنێ کاژێر 01:46
دیاری حەسەن
نیشانەکردن جۆسیپ سیپ بلاتەر میشێل پلاتینی فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) و سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا) لە دادگا بێتاوان دەرچوون، لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی درابووە پاڵیان و ئەوانی بەگەندەڵیی تۆمەتبار دەکرد.
 
سێپ بلاتەر، سەرۆکی پێشووی فیفا و میشێک پلاتینی، سەرۆکی پێشووی یۆفا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی سویسرا، ئامادەبوون بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کرابوو، لە دۆسێی گەندەڵیدا، دادگا بڕیاری بێتاوان بوونی هەردوو کەسایەتییەکەی دەرکرد.
 
بلاتەر، لە نێوان 1998 تاوەکو 2015 سەرۆکی فیفا بوو و کۆمەڵێک کەیسی گەندەڵی لەسەربوو کە تەنانەت دوای وازهێنانیش، بەرۆکیان بەرنەدا. بەشێک لەو کەیسانە دووبارە سەریان هەڵدایەوە و بەیانیی ئەمڕۆ، بلاتەر جارێکی دیکە چووەوە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە ئاراستەی کرابوون.
 
لەگەڵ بلاتەر، میشێل پلاتینیش کە بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆکی یۆفا بوو، لە دادگە بوو و ئەویش کۆمەڵێک کەیسی گەندەڵی لەسەربوو کە پێویست بوو وەڵامیان بداتەوە.
 
ئەو دوو کەسایەتییە وەرزشییە، پێشتر تۆمەتەکانی وەکو، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی پارەی فیفا و چەند کەیسێکی دیکە تۆمەتبارکرابوون، ئەمجارەش بەپێی سەرچاوەکان، بەخراپ بەکارهێنانی پارەی فیفا تۆمەتبارکراون و دووبارە درابوونەوە دادگا.
 
بلاتەر 88 ساڵ و پلاتینی 69 ساڵ، ساڵی 2022 بەهۆی کەیسێک کە تێیدا بلاتەر 1.5 ملیۆن یۆرۆی خستبووە سەر هەژماری پلاتینی، برانە دادگە و دادوەر بە بێتاوان لە قەڵەمیدان، بەڵام هەر ئەوکات، نووسینگەی داواکاری گشتی تانەی لە بڕیارەکەدا و داوایکرد سزای 20 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام کەیسەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردرا.
 
ئەمڕۆ دووبارە بلاتەر و پلاتینی لە دادگە بوون، دادوەری دادگای تێهەڵچوونەوەی سویسرا، بڕیاری بێتاوانیی هەردووکیانیدا و کۆتایی بە تۆمەتەکانی سەر ئەو دوو کەسایەتییە وەرزشییە هێنا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە