یاریزانێکی پێشووی ریال مەدرید: لە مەدرید تۆپی پێم لەبیرکرد و گواردیۆلا بیری هێنامەوە

25-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانیلۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دانیلۆ، یاریزانی بەرازیلی پێشووی یانەی ریال مەدرید، دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ یانەی شاهانە یاریی تۆپی پێی لەبیرچووەتەوە و لەڕووی دەروونییەوە ئازاری زۆری چەشتووە و دەڵێت "پێپ گواردیۆلا دووبارە فێری تۆپی پێی کردمەوە"
 
دانیلۆی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید ئەو کێشە دەروونیانەی ئاشکراکرد کە لەماوەی یاریکردنیدا لەگەڵ ریال مەدرید بەرگەی گرتوون.
 
دانیلۆ لە 2015 تاوەکو 2017 یاری بۆ یانەی ریال مەدرید کردووە، کە لە یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە رووی لە سانتیاگۆ برنابیۆ کردبوو.
 
یاریزانە تەمەن 33 ساڵییەکە، کە ئێستا یاری بۆ یانەی فلامینگۆی بەرازیلی دەکات، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، رایگەیاند کە لەماوەی یاریکردنی لەگەڵ ریال مەدرید پێویستی بە چاودێری دەروونی هەبووە، روونیشیکردەوە کە ئەم ماوەیە بۆ یانە ئیسپانییەکە زۆر سەخت بووە.
 
ئاماژە بەوەش دەکات "هەندێک کات هەستم دەکرد چیدی بیرم نەماوە چۆن یاری تۆپی پێ بکەم، لە سۆشیال میدیادا رەخنەی زۆرم لێدەگیرا و زۆر سەرقاڵی ئەوە بووم".
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، دانیلۆ دەڵێت "لەڕاستیدا لەو کاتەدا لەسەر ئامۆژگاری لوکاس سیلڤای یاریزانی بەرازیلی، کە بۆ ماوەیەکی کورت یاری بۆ ریال مەدرید کردبوو، سەردانی پزیشکێکی دەروونی وەرزشیم کرد، بەڵام گەشتەکەم بە رۆیشتنی من کۆتاییهات، چونکە هەستم نەدەکرد توانای گەڕانەوەم بۆ باشترین فۆرمم هەبێت".
 
دانیلۆ لەو هەڤپەیڤینەدا پەسنی شێوازی پێپ گواردیۆلای ئیسپانی دا، کە لە یانەی مانچێستەر سیتی کاری لەگەڵ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە پێپ یارمەتی داوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی نایاب یاری تۆپی پێ بکاتەوە و فێری کردووە گرنگی بە کۆنترۆلکردنی تۆپ و قۆستنەوەی شوێن بدات.
 
لە کۆتاییدا یاریزانی پێشووی ریال مەدرید، دەڵێت "ئەوە مانای ئەوە نییە کە من گەمژە بووم پێش ئەوەی پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە بکەم، بەڵام بۆم دەرکەوت کە بەهەڵە یاری تۆپی پێ دەکەم، ئەگەر پێشتر گواردیۆلام بناسیبایە زۆر ئاسانتر دەبوو بۆ من".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە