ئەستێرەیەکی بەرازیلی بەهۆی رۆناڵدۆوە یانەی ئیتیحادی سعودی رەتدەکاتەوە

دوێنێ کاژێر 12:49
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بێنتۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بێنتۆی گۆڵپارێزی بەرازیلی یانەی نەسڕی سعودی، ئاشکرای کرد کە هاوینی رابردوو نزیکبوو لە گرێبەستکردن لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعودی، بەڵام لەبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی ئەو گرێبەستەی لە دواساتەکاندا رەتکردووەتەوە و رووگەی گۆڕیوە بۆ یانەی نەسڕ.
 
بێنتۆی تەمەن 25 ساڵ لێدوانێکی ورووژێنەری دا نهێنی پەیوەندیکردنی بە یانەی نەسڕەوە لەماوەی گواستنەوەی هاوینەدا پێش دەستپێکردنی وەرزی 2024-2025 ئاشکرا کرد و گوتی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەوە هەبوو کە من لە چوونە ئیتیحاد پەشیمان ببمەوە و بچمە نەسڕ".
 
بێنتۆ لە 17ـی تەمموزی 2024 لە یانەی ئاتلێتیکۆ پارانێنسی بەرازیلییەوە پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد، کاتێک گرێبەستێکی چوار ساڵەی لەگەڵ واژۆکرد. لە 14ـی ئابدا بەفەرمی دەستی بە کاروانی وەرزشیی خۆی کرد لە سعودیە بەبەشداریکردن لە یاریی پێش کۆتایی جامی سوپەر، کە تێیدا نەسڕ لە تەعاونی بردەوە بەئەنجامی 2-0.
 
گۆڵپارێزە نێودەوڵەتییە بەرازیلییەکە بە میدیاکانی راگەیاند "بڕیاری پەیوەندیکردنم بە یانەی نەسڕەوە دوای ئەوە هات کە چوومە گفتوگۆیەکی پێشکەوتوو لەگەڵ ئیتیحاد، دەستەوارەیەکم لەو یانەیە هەبوو و هەموو وردەکارییەکانمان تاوتوێ کرد، بەڵام کاتێک زانیم نەسڕ منی دەوێت، بەهۆی کریستیانۆوە بۆچوونی خۆم گۆڕی".
 
ئەو گۆڵپارێزە بەرازیلییە ئاماژەی بەوەشکرد "بڕیارێکی ئاسان بوو. بەبێ دوودڵی دام، نەمتوانی ئەو دەرفەتە لەدەستبدەم کە شانبەشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری بکەم".
 
لەو کاتەوەی پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، بێنتۆ 25 یاری لە خولی پیشەگەری سعودیە ئەنجامداوە، جگە لە دوو یاری لە جامی شا و دوو یاری لە جامی سوپەر ئەنجامداوە.
 
گۆڵپارێزە بەرازیلییەکە، کە سێ یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل ئەنجام داوە، رۆڵێکی باشی هەبووە لە گەیاندنی نەسڕ بە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بژاردە.
 
یانەی نەسڕ بەکۆکردنەوەی 51 خاڵ پلەی سێیەمی خولی پیشەگەری سعودیەی گرتووە و بە 10 خاڵ لەدوای پێشەنگی خولەکە دێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە