رووداو دیجیتاڵ
دوای یەکسانبوونیان لە یاریی رابردوودا بەرامبەر هەڵبژاردەی کوێت، هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی دیکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت قەرەبووی ئەو یەکسانبوونە بکاتەوە.
ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا و لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەڵبژاردەی عێراق لە ئوردن دەبێتە میوانی فەلەستین و رکابەری لەسەری بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەکەنەوە.
عێراق دوو رۆژ بەر لە یارییەکە چووەتە عەمان و دەیەوێت هاندەرانی ئاشتبکاتەوە، دوای ئەوەی لە دوای یەکسانبوونەکەی بەرامبەر کوێت رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوونەوە.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ چاوەڕواندەکرێت خیسوس کاساس کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەیدا بکات و یەکێک لە گۆڕانکارییەکانیش یارییکردنی ئاکام هاشم، ئەستێرەی کورد دەبێت بەشێوەی سەرەکی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد.
عێراق بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم یارییە لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەی دووەم خاوەنی 12 خاڵە و بە جیاوازیی گۆڵ لە دواوەی ئوردنە.
فەلەستین لە 7 یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نییە بە سێ یەکسانبوون و چوار دۆڕان سێ خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندیی کۆمەڵەکەیە.
بەهۆی ئەوەی ئوردن لە کۆمەڵەکەدا رکابەریی عێراق دەکات، چاوەڕواندەکرێت ئوردنییەکان ئەمڕۆ هانی فەلەستین بدەن، بۆیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارییدا هەموو ئەو بلیتانەی مافی عێراقن بۆ هاندەران بکڕێتەوە بۆ ئەوەی لە یارییەکەی ئەمشەودا هانی هەڵبژاردەکەیان بدەن.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەر لە یارییەکە گوتی "ئەم یارییە هاوشێوەی هەموو یارییەکانی دیکەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالە، ئێمە لە هەر شوێنێک یاری بکەین گۆشارمان لەسەر نییە و ئامادەین بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە."
راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "تاوەکو ئێستا بابەتەکە لەدەست ئێمەدایە و سێ یاریمان ماوە، بەر لە بەرچاوگرتنی ئەنجامی یارییەکانی دیکە و بردنەوەی یارییەکانمان هەلی ئەوەمان دەبێت سەربکەوین."
کاساس بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە لە دەستەی راهێنەران و یاریزانان سوورین لەسەر ئەوەی یارییەکان ببەینەوە و هاندەران دڵخۆشبکەین، ئێمە لە یاریی بەرامبەر کوێت 17 هەلمان دروستکرد، بەڵام ئەمە دۆخی تۆپی پێیە و هەندێکجار رووبەڕووی زەحمەتی دەبیتەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە کاروانەکەمدا ئێمە چوار یارییمان دۆڕاندووە، یەکێکیان بەرامبەر ئوردن بوو و بەبێ هێنانەوەی بیانوو بینیتان چی روویدا دوای کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن، یەکێکیان بەرامبەر کۆریای باشوور بوو و دوو یارییەکەی دیکەش لە جامی کەنداوی 26 کە ئەمە شتێکی ئاساییە، سەیرکەن مانچێستەر سیتی چەند وەرزێک بەدوای یەکدا بووە پاڵەوان، ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولی ئینگلیزییە."
لە یارییەکی ئەمڕۆی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و فەلەستین، مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی یانەی ڤیکتۆریا پڵزن بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە یاری ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەگەڕایەوە چیک و بۆ پاڵپشتیکردنی هاوڕێکانی چووەتە ئوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ