کاساس چەند داواکارییەکی پێشکەشی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە

21-11-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خیسوس کاساس جامی کەنداوی 26
A+ A-
رووداو هەولێر 

خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی جامی کەنداوی 26 چەند داواکارییەکی پێشکەشی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە. 
 
بڕیارە یارییەکانی جامی کەنداوی 26 کۆتایی مانگی دوازدەی ئەمساڵ لە کوێت بەڕێوەبچن، هەڵبژاردەی عێراق وەک پاڵەوانی وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە بەشدارە و دەیەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت. 
 
یارییەکانی جامی کەنداوی 26 لە کوێت بە بەشداری 8 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سعودیە، بەحرەین و ئیمارات دەکات.
 
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە، بەپێکهاتەیەک کە هەموو یاریزانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بن بەشداری جامی کەنداو بکەن. 
 
کاساس بە عەدنان درجالی گووتووە من دەبێت بانگهێشتی 50 یاریزانی خولی ناوخۆی عێراق بکەم، لەو ژمارەیە پێکهاتەیەکی بەهێز ئامادە بکەم، داوای راگرتنی خولی ئەستێرەکانی عێراقیشی کردووە، درجال بەڵێنی هەموو کارئاسانییەکی بە راهێنەرەکەیانی داوە. 
 
ئەمجەد ناسر، شرۆڤەکاری یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "باشترین بژاردە یاریکردنە بە تیپی دووەم و یاریزانە نێوخۆییەکان، لەبەرئەوەی راهێنەر دەتوانێت یاریزانی نوێ و توانایان بخوێنێتەوە، هەروەها هەڵبژاردەکانی قەتەر و سعودیەش بەتیپی دووەم بەشداری دەکەن". 
 
عێراق هیوایەکی گەورەی بە راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەیە، بەشێوەیەک لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 هەموو داواکارییەکانی جێبەجێکردووە، ئێستا عێراق لە کۆمەڵەکەی خاوەن 11 خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندییە، هەموو عێراقییەکان چاوییان لە خیسۆس کاساسە بۆ ئەوەی دوای 38 ساڵ بۆ جاری دووەم بەشداری یارییەکانی مۆندیال بکەن. 
 
لای خۆیەوە شاکر مەحموود، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشووی عێراق، بۆ رووداو لایەنێکی دیکەی داواکارییەکەی کاساسی روونکردەوە "راهێنەرێکی ژیرە و نایەوێت لە پاڵەوانێتییەکی زۆر ئاسای مەترسی بخاتە سەر یاریزانە پیشەگەر و ئەستێرە باشەکان، ئەمە بیرکردنەوەیەکی باشە و با عێراق بە تیپێکی ئاسایی لە جامی کەنداوی 26 یاریبکات، ئێمە لە بەسرە نازناوی کەنداومان بردەوە، ئاساییە ئەمجارە نەبینە پاڵەوان". 
 

جامی کەنداو پاڵەوانێتییەکە دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، یارییەکانی جامی کەنداوی 26 لە کوێت، لەنێو یاریگەی جابر ئەلئەحمەد بەڕێوەدەچن، کە شوێنی 60 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە. ئەو یاریگەیە لە ساڵی 2015 دروستکراوە. 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا خاوەن چوار نازناوی جامی کەنداوە، لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بردووەتەوە و جارێکیش لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی لە مەکسیک کردووە. 
 
یەکەم پاڵەوانێتیی جامی کەنداو ساڵی 1970 لە وڵاتی بەحرەین بەڕێوەچووە، عێراق دوو جار میوانداری یارییەکانی جامی کەنداوی کردووە، یەکەمجار لە 1979 یارییەکان لە شاری بەغدا جامی کەنداوی پێنج بەڕێوەچوون، لە 2023 شاری بەسرە میوانداری یارییەکانی جامی کەنداوی کرد. 
 
لە مێژووی جامی کەنداودا، جاسم یەعقووب یاریزانی کوێتی بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ، گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانێتییەکەیە. حوسێن سەعید ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بە 17 گۆڵ هاوشانی ماجد عەبدوڵڵای یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی سعودیە دووەم گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە