خیسوس کاساس: دەمەوێت خەونی عێراقییەکان بکەمە راستی

25-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خیسوس کاساس فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانی گەیشتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە سەرپەرشتیکردنی مەشقدانەوەی هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامبێت.
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی کاساس لە هەڵبژاردەی عێراق بڵاوبوونەوە، بەڵام رێککەوتن کرا و راهێنەرەکە بەردەوامدەبێت.
 
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنەکە و ئەحمەد موسەوی، ئەندامی فیدراسیۆنەکە لەگەڵ خیسوس کاساس کۆبوونەوە و دوای گفتوگۆیەکی درێژ، هەردوولا لەسەر متمانە بەخشینەوە بە راهێنەرە ئیسپانییەکە گەیشتنە رێککەوتن و کاساس لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامدەبێت.
 
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، خیسوس کاساس گوتی "دڵخۆشم بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2027، من و ئەو دەستەیەی لەگەڵ من کاردەکەن متمانەی تەواومان بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەیە و یاریزانەکان و گەلی عێراقیش پاڵپشتی دەکەن."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە زیاتر گوتی "ئاڵنگارییەکی گەورە و زەحمەتمان لەبەردەمە و هیوادارین بتوانین خەونی وڵاتەکە بهێنینە دی."
 
خیسوس کاساس، سوپاسی پاڵپشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت "ئەو پاڵنەرێکی بەهێزی ئێمەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش بەردەوام پاڵپشتیمان دەکات و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە."
هەڵبژاردەی عێراق تەنیا یەکجار لە 1986 بەشداریی لە رکابەرییەکانی جامی جیهانیدا کردووە، لەو کاتەوە هەڵبژاردەکە بەشداریی لە مۆندیالدا نەکردووە و خیسوس کاساس دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانی عێراقییەکان بهێنێت بۆ گەیشتنەوە بە مۆندیال.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە