رووداو دیجیتاڵ
دوای بەڕێوەچوونی هەشت یاریی لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ، یاریزانانی ئارسیناڵ سێجار بەکارتی سوور کراونەتە دەرەوە، ئەوەش بەکێشەیەکی گەورە بۆ ئەو یانەیە دادەنرێت کە ساڵانێکی زۆرە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ دەدات.
لە یاریی دوێنێی نێوان ئارسیناڵ و برێنتفۆرد، ویلیام سالیبا بووە نوێترین یاریزانی گانەرز کە بەکارتی سوور بکرێتە دەرەوە و ئەو رووداوە هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئارسیناڵ لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا، دووچاری یەکەم دۆڕان ببێت.
پێشتر هەریەکە لە دیکلان رایس و لیاندرۆ ترۆسارد لە یارییەکانی ئەم وەرزی ئارسیناڵدا بەکارتی سوور کرانە دەرەوە و لەو یارییانەدا کە ئارسیناڵ ناچاربوو بە دە یاریزانەوە تەواویان بکات، یانەکە خاڵی لەدەستدا.
لە داهاتووی کورت مەودادا، کارتە سوورەکەی یاریزانانی یانەکە، کێشەی گەورە بۆ پێکهاتەی تیپەکە دروستدەکەن، چونکە سالیبا بۆ نموونە لە یاریی داهاتووی یانەکە بەرامبەر لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی خۆی، یاریی ناکات. لە کاتێکدا لیڤەرپوول تاوەکو ئێستا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە.
ئارسیناڵ ئێستا بەجیاوازیی تەنیا یەک خاڵ لە لیڤەرپوولەوە دێت، بەڵام ئەگەر رێدز ئەمشەو لە چێڵسی بباتەوە و یاریی داهاتووش لە ئارسیناڵ بباتەوە، ئەوکات بەجیاوازیی حەوت خاڵ پێشی دەکەوێت.
هەمان رووداو بۆ مانچێستەر سیتیش راستە ئەگەر لە ولڤێرهامتن و ساوسامتن بباتەوە، ئەویش زۆر لە ئارسیناڵ دووردەکەوێتەوە.
بەراوردێکی شۆکهێنەر
هەواڵە خراپەکە بۆ گانەرز ئەوەیە کە زۆر وەرگرتنی کارتی سوور لەلایەن یاریزانانی یانەکەیەوە، هەلی بەدەستهێنانەوەی نازناوی خولەکە زۆر لاواز دەکات.
مانچێستەر سیتی کە لە چوار وەرزی رابردوودا نازناوەکەی بەدەستهێناوە، لە هیچ کام لەو چوار وەرزەدا، بەدرێژایی وەرزەکە دوو کارتی سوور زیاتر بەیاریزانانی نەدراوە.
دوایین جار کە لە وەرزێکدا، یاریزانانی مانچێستەر سیتی زیاتر لە دوو کارتیان وەرگرتبێت، لە وەرزی 2019 - 2020 بوو، ئەوکات یاریزانەکانی گواردیۆلا چوار کارتی سووریان هەبوو و نازناوەکەش لە کۆتاییدا بۆ لیڤەرپوول بوو.
بەگەڕانەوە بۆ مێژووی دوورتر، وەرزی 2015 - 2016 کە لێستەر سیتی بەشێوەیەکی پەرجوویی نازناوی خولەکەی بردەوە، ئەوکات تاوەکو کۆتایی وەرز، تیپەکە تەنیا سێ کارتی سووری وەرگرت.
ئەوەی کە شۆکهێنەرە ئەوەیە کە سێ کارتە سوورەکەی یاریزانانی لێستەر سیتی، بەدرێژایی وەرزەکە بوو، نەک تەنیا هەشت یاری وەک ئێستای ئارسیناڵ.
ئارسیناڵ لەو سێ یارییەدا کە یاریزانەکانی کارتی سووریان وەرگرتووە، کۆی حەوت خاڵی لەدەستداوە، ئەگەر ئەو خاڵ لەدەستدانانە نەبوونایە، ئێستا یانەکە لە دۆخێکی نموونەییدا دەبوو بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە.
ئەمە یەکەمجارە لە وەرزی 2011 - 2012ەوە کە لە یەکەم هەشت گەڕی خولەکەدا، یاریزانانی یانەکە سێ کارتی سوور وەردەگرن.
کێشەکە چییە؟
لە دوای یارییەکەی دوێنێ، میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ گوتی، "ئەستەمە 65 خولەک بە دە یاریزانەوە یاریی بکەیت و لە کۆتاییدا براوە بیت".
لەبارەی رێککاری و پابەندبوونی یاریزانەکانییەوە، راهێنەرە ئیسپانییەکەی ئارسیناڵ دەڵێ، "هەندێک شت لەبارەی هەندێکی رووداوی دیاریکراوەوە قسەمان لەسەری کردووە. بێگومان ئەگەر بمانەوێت لەو شوێنە بین کە خەونی پێوە دەبینین، دەبێ بە یانزە یاریزانەوە یاریی بکەین، بەڵام وێڕای ئەوەش، پێموایە بە دە یاریزانەوە یارییەکی نایابمان کرد".
دیکلان رایس، ناوەڕاستکاری یانەکە، هەمان بۆچوونی راهێنەرەکەی دووپاتدەکاتەوە، ئەو دەڵێ شانازم بەوەی پێشانماندا، بەڵام هەڵەشەیی بووە هۆکاری لەدەستدانی سێ خاڵی یارییەکە.
ئەو هەروەها دەڵێ، "خۆمان سزای خۆماندا، سێ جار لە هەشت یاریدا، ناکرێ لە ئەنجامدانی هەڵەی بێمانا بەردەوام بین. پێویستە باشترین یاریزانەکانمان لە یاریگەدابن لە هەموو کاتەکاندا، ئێمە پێکەوە دەمێنینەوە".
لەبارەی هەمان کێشەوە، ئالان شیرەری هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەڵێ، "ئەوان دەبێ دۆخی خۆیان بگۆڕن، ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات، ناگەنە خاڵی پێویست بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە".
ئارسیناڵ دوایینجار کە نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە لە وەرزی 2003 - 2004 بووە، یانەکە ماوەی بیست ساڵە بەشوێن بەدەستهێنانەوەی نازناوەکەدا دەگەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ