جۆ کۆڵ داوایەکی سەیر لە کاپتنی مانچێستەر یونایتد دەکات

20-03-2025
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن برۆنۆ فێرناندێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆ کۆڵ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی چێڵسی، داوا لە برۆنۆ فێرناندێزی کاپتنی یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت و روو بکاتە یانەیەکی بەهێز.
 
جۆ کۆڵ ئامۆژگاری برۆنۆ فێرناندێز دەکات مانچێستەر یونایتد بەجێبهێڵێت و رووبکاتە یانەیەک کە بتوانێت دەرفەتی بردنەوەی نازناوی گەورەی پێ ببەخشێت.
 
فێرناندێزی تەمەن 29 ساڵ، کە لەساڵی 2020ـەوە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە، یەکێک بووە لە یاریزانە بەهرەمەندەکانی یونایتد، بەم دواییانە کۆی ئەسیستەکانی گەیشتە 50 ئەسیست لە پرێمەرلیگدا، وەک رایان گیگز و وەین رۆنی بوو بە ئەفسانە.
 
جۆ کۆڵ پێیوایە فێرناندێز سەرەڕای ئاستە بەرزەکەی بەناهەق رەخنەی لێدەگیرێت، سەرەڕای سەرکەوتنە تاکەکەسییەکانی، بەڵام شکستە بەردەوامەکانی یونایتد لەژێر دەستی راهێنەر روبن ئامۆرێمدا دەرفەتەکانیان بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوە گەورەکان لەم وەرزەدا سنووردار کردووە، کە یۆرۆپالیگ وەک تاکە هیوای راستەقینەیان بۆ بەدەستهێنانی جامەکان دەبینرێت.
 
کۆڵ لە درێژەی ئاخافتنەکانیدا ستایشی سەرکردایەتی فێرناندێزی کرد، رایگەیاند کە برونۆ شایستەی ئەوەیە لە یانەیەک یاری بکات کە لە لووتکەدا بێت و توانای بردنەوەی نازناوەکانی هەبێت.
 
ئەستێرەی پێشووی یانەی چێڵسی، ئاماژەی بەوەدا کە فێرناندێز هەموو کارە سەختەکان دەکات لە کاتێکدا رەخنەی لێدەگیرێت و پێشنیازی ئەوەیکرد کە بچێتە یانەیەک کە خاوەنی توانای زیاتر بێت بۆ سەرکەوتن، ئەوکات دەتوانێت هەنگاوی داهاتووی ژیانی وەرزشیی بنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە