یانەی هەولێر بە دروشمی بردنەوە یاری دەکات

19-02-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی نەجەف
A+ A-
رووداو هەولێر 

لە گەڕی بیست و یەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ یانەی هەولێر یاری لەگەڵ یانەی نەجەف دەکات، هەولێر لەم یارییەدا گیرۆدەی پێکانی قورسی هەریەک لە شێرکۆ کەریم و عەباس یاسینە، بەڵام تیپەکە بەمۆڕاڵێکی بەرزەوە بۆ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر ئامادەکاری کردووە. 
 
دوور لە ئەستێرە و سەرکردەی تیپەکەی و نیگەرانی وەرنەگرتنی مووچە، سەمیر بابۆی راهێنەری یانەی هەولێر دەیەوێت لە دووری پێنج سەد و سی و حەوت کیلۆمەتر بە بردنەوە لە یانەی نەجەف خۆشی بگەڕێنێتەوە نێو دڵی هاندەرانیان. 
 
حوسێن مورشید، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "هەمووان دەزانن کە کاپتن شێرکۆ یاریزانێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ تیپەکە، یاریزانێکی گەورە و نێودەوڵەتییە، یاریزانێکە لە رووی تاکتیکەوە خزمەتی سیستمی تیپەکە دەکات و شێرکۆ لە یاریزانە مەزنەکانە و لە خولی عێراقدا کاریگەرە، بێگومان سیستمەکەمان لە یەکێک لە ئەستێرەکانی بێبەش دەبێت کە کاپتن شێرکۆ کەریمە و هەروەها پێکرانەکەی عەباسیش کاریگەریی لەسەر سیستمی تیپەکە دەبێت، بەڵام ئەوانەی ئامادە دەبن لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هەموواندا دەبن. یارییەکەمان بەرامبەر نەجەف گرنگە، چونکە نەجەف لە ئێمەوە نزیکن لە ریزبەندییەکەدا".
 
لە سێ یاری رابردوودا درێس زەردەکان تامی بردنەوەیان نەکردووە، گەڕانەوە بۆ سەر ریتمی سەرکەوتن ناونیشانی چوونە ململانێی یاریکردنیانە بەرامبەر نەجەفییەکان. 
 
یوسف بن سۆدە، یاریزانی یانەی هەولێر، بە ورەیەکی بەرزەوە روونیکردەوە "یەکەم شت پێویستە بە ورەیەکی بەرزەوە هەوڵی بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە بدەین، لە سێ یاریی رابردوومان نەمانتوانیووە سەرکەوتوو بین، دوو یاریمان دۆڕاندووە و یەکسانبوونێکمان هەیە، پەنا بەخوا دڵی هاندەران ئاشتدەکەینەوە بە وەرگرتنی سێ خاڵ لە یانەی نەجەف، تیپەکە ئێمە توانای گۆڵ تۆمارکردنی هەیە و خاوەن هێڵی هێرشبەری بەهێزین کە زۆرترین گۆڵمان تۆمارکردووە، پێویستە لە یانەی نەجەف ببەینەوە". 
 
لە یاریی چوونی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، ئەمجارە هەولێر و نەجەف تینووی سەرکەوتنن. 
 
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی بیست و نۆ خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی نەجەفیش بیست و شەش خاڵی هەیە لە پلەی سێزدەمە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە